پیاسەی دووەم  (کۆتایی)

… دانەر: جاری پێشوو وتت ئەو رووگەیەی تۆ کێشەی تیایە، بزانم کێشەکە چییە؟

نالی: کاکە گیان کێشەکە ئەوەیە تۆ بۆ واتاداربوونی بڕیارەوتەکان تەنیا پێوەری زانستیی رەچاو دەکەیت، مەبەستم زانستی ئەزموونییە، ئەم کارەی تۆ بەڵگەنەویست نییە، بەڵکو دەبێت لەم خاڵەوە دەست پێبکەیت کە نابێت پشکنین و پووچەڵکردنەوەی (هەموو) بڕیارەوتەکان (تەنیا) لە فلتەری ئەزموونی زانستیی بدرێن بۆ ئەوەی واتایان هەبێت. ئەم کارەی تۆ تەنیا بۆ بڕیارەوتەی زانستیی دەبێت، بەڵام خۆ جگەلە بڕیارەوتەی زانستی زۆر جۆری تریش هەن. تۆ بە پێوەرە زانستییەکان حوکم بەسەر واتای (هەموو) بڕیارەوتەکانی زماندا دەدەیت.

دانەر: لێت تێدەگەم، بەڵام چۆن و بە چ رێگەیەکی تر دەتوانیت بە واتا بگەیت؟

نالی: زۆرباشە. سەیرکە، ئێمە لەسەر ئەوە هاوڕا بووین کە زمانی ئایینی ناتوانرێت پیشان بدرێت کە راستە یان هەڵەیە، ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو زمانە ئایینییە بێواتایە. ریچارد مێرڤن هێر(Richard Mervyn Hare) چەمکی بلیک/blik بەکاردەهێنێت، بلیک چییە؟ هێر ئەو مانا و مەبەستەی دەیەوێت بیگەیەنێت لە رێگەی بلیک-ـەوە بانگەشەی بۆ دەکات، بلیک هەر چییەکە کە کاردەکاتە سەر ئەوەی کەسێک چۆن جیهان ببینێت، واتا کار دەکاتە سەر چۆنێتی جیهانبینیی کەسێک، ئەم بلیکەیش هیچ پەکی لەسەرئەوە نەکەوتووە لەسەر فاکت و ئەقڵ بووەستێت، بلیک تێڕوانینی کەسێک دەربارەی جیهان دەگۆڕێت.

دانەر: ئەگەر روونتری بکەیتەوە زۆر باشە.

نالی: زۆر روونتری ئەکەینەوە، کەسی باوەڕدار کۆمەڵێک باوەڕی هەیە، خۆ ئەو باوەڕانە هەر ئەوەنییە لە زەینی ئەو کەسەدا هەبن و تەواو، نەخێر، ئەو باوەڕانە (وا) لەو کەسە دەکەن جۆرێک ژیانی رێکبخات کە بەپێی باوەڕەکانی بێت، واتا رەفتارەکانی لەگەڵ ئەو باوەڕانەیدا دەگونجێنێت، ئێستا تۆ رەفتارە دەرەکییەکانی کەسێکی باوەڕدار دەبینیت، زۆر ئاشکرا دیارە کە ئەو کەسە شێوازێکی ژیانی هەیە بە ئاسانی لە کەسانێکی جیادەکەیتەوە کە ئەو باوەڕانەی نییە، یان لانیکەم باوەڕەکانی جیاوازە، بەکورتی (هێر مەبەستی لە بلیک هەر پاڵنەرێکی نابەرجەستە یان نامادییە کە کار دەکاتە سەر بیروباوەڕ و رەفتاری مرۆڤ).

دانەر: تێدەگەم، بەس ئەگەر نموونە بهێنیتەوە زۆر باشتر دەبێت.

نالی: نموونە زۆر و زەبەندە، بۆ نموونە: کەسی (A) باوەڕی (وا)یە کە (خودا هەیە.) ئەگەر بیرت مابێت ئەمە بڕیارەوتەی ژمارە (2) بوو لە سەرەتای گفتوگۆکەماندا، ئەو کەسەی کە باوەڕی وایە (خودا هەیە.) ئیتر هەر لێرەدا باسەکە تەواو نابێت، بگرە لێرەوە دەست پێدەکات، چونکە هەموو ژیانی خۆی لەسەر ئەوە دادەڕێژێت کە (خودا هەیە.) دواتر، بڕیارەوتەی ژمارە (2) بڕیارەوتەی تر بەدوای خۆیدا دێنێت، بۆ نموونە:

خودا میهرەبانە. (2a)

خودا دادپەروەرە. (2b)

خودا یارمەتیم دەدات… .هتد (2c)

ئێستا دەپرسم: ئایا هیچکام لەو بڕیارەوتانە بە میتۆدی پشکنین و پوچەڵکردنەوە یان بە میتۆدی زانستە ئەزموونییەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەکرێت؟

دانەر: نەخێر.

نالی: ئەی ئایا هەر بەڕاست ئەو بڕیارەوتانە رووگە نادەن بە ژیانی کەسی باوەڕدار؟ وای لێناکەن جۆرێکی تایبەت بە پێی ئەو بڕیارەوتانە لە گەڵ مرۆڤ و ژینگە رەفتاربکات؟

دانەر: بێگومان لێرەیشدا وەڵام هەر بەڵێیە.

نالی: زۆر باشە، ئێستا لەگفتوگۆکەماندا هەنگاوێکی تر دەنێین. کەواتە هەموو ئەوەی کە بنەمای پشکنین و بنەمای پووچەڵکردنەوە و میتۆدی زانستە ئەزموونییەکان نایگرێتەوە و لەژیانی رۆژانەیشدا لێکەوتە و بەرهەمی هەیە، هێر ناوی دەنێت بلیک، بلیک ئا ئەوەیە.

دانەر: دەسخۆش ئێستا تێدەگەم کە هێر مەبەستی لە بلیک چییە.

نالی: لێرەوە گەلێک بڕیارەوتەی واتادار هەیە کە ناکەونە نێو کەشی زانستی ئەزموونییەوە. بۆیە ئایینداربوون، یان باوەڕی ئایینی لێرەدا بلیک ـە، ئەم باوەڕە ئایینییە کاردەکاتە سەر زۆر لایەنی ژیانی کەسێک، باوەڕەکانی لە ئەخلاقدا، باوەڕی ئەو کەسە بە رۆژی دوایی، هەڵبژاردنی هاوڕێ و هاوبەشەکانی، هەروەها هەموو مامەڵە کۆمەڵایەتییەکانی، هەموویان لەو زمانە ئایینییەوە سەرچاوەدەگرن، ئەو زمانە ئایینییەش لە کۆمەڵێک بڕیارەوتە پێکدێت، بۆیە زمانی ئایینی دەبێت زۆر واتای هەبێت، ئەو واتایانە وادەکەن ژیانی کەسێک شکڵ بگرێت، ئێستا تێگەیشتین کە ئەم زمانە ئایینییە بەبێ ئەوەی بە پشکنین و پووچەڵکردنەوە پشتڕاست بکرێتەوە واتای هەیە.

دانەر: تێگەیشتم.. بەس باوەڕت هەبێت… هێشتا لەگەڵ ئەمەدا کێشەم هەیە. کاکە لە کۆتاییدا زمانی ئایینی نە راستە و نە هەڵەیە، ئاخر کەسێک چۆن بتوانێت واتا لە بڕیارەوتەیەک وەربگرێت کە نە راست بێت و نە هەڵە؟

نالی: ئەزانی چی، با گفتوگۆکەمان لەو زیاتر درێژە نەکێشێت، هەوڵ ئەدەم بچینە لای ڤیتگنشتاین(Wittgenstein) و لەڕێگەی دەستەواژەی (گەمەی زمانی)یەوە زیاتر روونی بکەینەوە.

دانەر: باشە، بزانین ئەو چی ئەڵێت..

نالی: زۆرباشە، بە رێگەیەکی تر روونی ئەکەمەوە، دانەر لێرەدا دیسان ئەوە بڵێم کە تێگەیشتنی تۆ لە دەرەوەی قەڵەمڕەوی زانست بڕناکات، نابێت وابێت. مەبەستم ئەوەیە بۆچی تۆ لەدەرەوەی زانست ناتوانیت واتا بدۆزیتەوە، ئایا فلتەرەکانی زانستی ئەزموونی دەتوانن پشکنین بۆ سەرلەبەری بڕیارەوتەکانی مرۆڤ بکەن؟ چی وا دەکات تۆ ئەو پێشگریمانەیەت هەبێت، زمان زۆر لەوە قووڵترە.

دانەر: وتت دەچینە لای ڤیتگنشتاین و لەڕێگەی دەستەواژەی (گەمەی زمان/ Language Game) ـەوە زیاتر روونی دەکەینەوە.

نالی: بەڵێ، ئێستا باسی دەکەین، ڤیتگنشتاین لە فەلسەفەی زماندا دەستەواژەی ‘گەمەی زمان’ بەکاردێنێت، با بزانین مەبەستی چییە لە گەمەی زمان، ڤیتگنشتاین ئارگیۆمێنت دەدات بەوەی ئەرکەکانی زمان وەک یاری وان، رێک وەک ئەوەی کە هەر یارییەک کۆمەڵێک یاسای خۆی هەیە.

دانەر: باسەکە بە نموونە زۆر روونتر دەبێتەوە.

نالی: چوار نموونە دێنمەوە، باسکە، بالە، تۆپی پێ لە هەموویاندا تۆپ بەکاردێت، هەرسێکیشیان هەر پێیان دەوترێت یاری یان گەمە، بەڵام هەریەکەیان یاسای خۆی هەیە، زمان و واتا لە تێگەیشتنی ئێمەوە سەرچاوەدەگرن، واتا دەوەستێتەسەر ئەوەی کە ئێمە لە زماندا چ گەمەیەک بەو وشانە دەکەین. ڤیتگنشتاین بۆیە وشەی یاری بەکاردێنێت، چونکە وشەکان لە هەر زەمینەیەکدا رۆڵێک دەگێڕن، تۆپەکان لە هەر جۆرە یارییەکدا جۆرە بەکارهێنانێکیان هەیە.

نموونەیەکی تر: کاتێک مامۆستای رێزمان وشەی ‘رەگ’ بەکاردێنێت، خوێندکارەکان تێدەگەن کە مەبەست رەگی کارە، بەڵام هەمان وشە کاتێک مامۆستای بیرکاری بەکاری دێنێت، دیارە کە مەبەست رەگی دووجا و سێجایە، هەر وشەی ‘رەگ’ کاتێک لە وانەی رووەکناسییدا بەکاردەهێنرێت، دیسان دیارە لەم زەمینەیەشدا بەکار‌هێنانێکی تری هەیە، جیاوازە لەوەی مامۆستای رێزمان و بیرکاری، سەرنج بدە وشەی رەگ چ گەمەیەکی پێدەکرێت.

یان وشەی ‘بوار’، کاتێک باسەکەمان ئەکادیمییە، ئەوە مەبەست لە ‘بوار’ بابەتێک یان کایەیەکی تایبەتە کە کەسانێک توێژینەوەی تێدا دەکەن، بەڵام لە کاتی پەڕینەوە لە ئاوێکدا کە دەڵێین ‘بوار’ ئەوە مەبەست لێی ئەو شوێنەیە کە ئاوەکە تەنکە، بۆ پەڕینەوە دەگونجێت، هەروەها بەکارهێنانی تریشی هەیە.

دانەر: تێدەگەم.

نالی: ئێستا بۆت دەرکەوت کە یارییەکان یاسای تایبەت بە خۆیان هەیە، کەس ناتوانێت بڵێت باسکە یارییە، بەڵام تۆپی پێ یاری نییە، وەرزشەوانی تۆپی پێ، تۆپ جۆرێک بەکاردێنێت کە ئەگەر هەمان جۆریش مامەڵە لەگەڵ تۆپی باسکە بکرێت، ئەوە دەرچوونە لە یاساکانی یاریی باسکە و بە پێچەوانەیشەوە.

دانەر: مەبەستت چییە؟

نالی: مەبەست ئەوەیە کە زمانیش بەکارهێنانی خۆی هەیە، با هەمان وشەیش بەکاربهێنین، بەڵام بەکارهێنانی وشە لە ئاییندا لە گەمەیەکی زماندایە جیاوازە لەو گەمەیەی لە زانستدا هەیە، جا ئیتر زمان لە باری جیاوازدا ئەرک و واتای جیاوازی هەیە، ئەوە دەوەستێتەسەر ئەو زەمینەیەی وشەکەی تێدا بەکارهێنراوە. بۆیە بۆ دیاریکردنی واتایەک پێویستە دەستنیشانی بکەین کە چ گەمەیەکی زمانی دەکەین. کورت و پوخت، ئەمە کرۆکی هەر دوو بەشی گفتوگۆکەمانە:

ئەو گەمەی زمانەی کە لە ئاییندا هەیە هەمان گەمە لە زانستدا ناخوات، با نموونەیەک لە زمانی ئایین بهێنینەوە، کەسێک دەڵێت: (خودا میهرەبانە.) (٨) ئەمە بڕیارەوتەیە، بەڵام لەنێو گەمەی زمانی ئاییندا، دەبینین کە وشەکانی ‘خودا’، ‘میهرەبان’ بە هیچ میتۆدێکی زانستی ئەزموونی ناخوێنرێنەوە، واتا (خودا میهرەبانە.) لەگەمەی زمانی زانستدا واتای نییە، بەڵام لە گەمەی زمانی ئاییندا واتای خۆی هەیە، بەڵکو واتا و لێکەوتەی زۆریشی هەیە.

کەواتا ئەوەمان قبوڵ بێت کە مەرج نییە (گەمەیەکی زمانی لە زانستدا) هەمان ئەو بەها یان واتایەی هەبێت کە (گەمەیەکی زمانی لە ئاییندا) هەیەتی، بە پێچەوانەیشەوە. هەر وەک بێواتابوونی بەکارهێنانی یاساکانی تێنس لە تۆپی پێدا. بەڵێ دانەر ئائەمەیە گەمەی زمان لای ڤیتگنشتاین.

دانەر: تێگەشتم، زۆر سەرنجڕاکێشە!

نالی: من هەر زوو لەوە تێگەیشتم لەلای تۆ زمان تەنیا یەک بەکارهێنانی هەیە و بەس، ئەویش بەکارهێنانی زانستییە.

دانەر: بەڵێ، ئێستا منیش لەوە تێگەیشتم کە خوازەی (گەمەی زمان) هاوکارێکی زۆر باشە بۆ تێگەیشتن لەو هەموو زەمینە جیاوازەی زمان هەیەتی. زۆریش سپاس بۆ پەرۆشییت، بۆ ئەوەی کە ماندووم کردیت.

نالی: شایانی نییە، منیش زۆر سپاست ئەکەم، چونکە زۆر بەلاتەوە گرنگ بوو بگەیت بە وەڵامێکی مەعقول، بگەیت بەوەی کە پێی دەڵێن (دەرئەنجامی باشترین روونکردنەوە/IBE ) یەک راسپاردەیشم هەیە بۆت.

دانەر: بەڵێ، بفەرموو!

نالی: هیوادارم خۆت راستەوخۆ ئیشەکانی هەریەک لە (جەی ئایەر، جۆن هیک، کارل پۆپەر، ئەنتۆنی فلو، ریچارد مێرڤن هێر، هەروەها زۆر بەتایبەت ڤیتگنشتاین) بخوێنیتەوە.

دانەر: بێگومان وائەکەم، دووبارە لەشت ساغ بێت.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 9ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی