(وتارێک لەبارەى حەج لە روانگەى عاریفانەوە)*
ن: ئارەش نەراقى
و: یاسین حەمەسەعید
بۆ پێغەمبەر (د.خ) نوێژ، گفتگۆ لەگەڵ مەعشوقدا بوو. بۆیە ساتەکانى دەژمارد تا لەگەڵ مەحبوبیدا بچێتە خەڵوەتەوە و تاسەى دەروونى خۆى بە نوێژ بشکێنێت. ئەگەر کەسێک هاوبەشى چیژە رۆحیەکانى پێغەمبەر ببێت، لەگەڵ ئەو هاندارە سەرەتاییانەى کە رۆحى پێغەمبەرى وروژاندووە دەبێتە هاوبەش. و هەمان شادى و کرانەوە کە بەسەر رۆحى پێغەمبەردا (د.خ) دەباری، بەسەر رۆحى ئەویشدا دەبارێت. بەمجۆرە ئەو پەرستشانەى کە بە هەموو جەستە و ئەندامەکانى عاریفەوە بەجێ دەهێنرێن، وەکو زەردەخەنەیەک وایە کە لە سەر لێو و روخسارى کەسانى دڵخۆش خۆى دەنوێنێت.
بە واتایەکى تر، پەرستش بۆ ئەمجۆرە کەسانە ئیدى ئەرک بەجێهێنان نیە. (ئەرک) واتە کارى گران و دژوار، کارێک کە دەبێت بە دژوارى و زۆر لەخۆکردن لەسەر خود جێبەجێ بکرێت. هەر لەسەر ئەم لێکدانەوەش، بۆ ئەو کەسەش کە هاوبەشى هەستە دەروونیەکانى پێغەمبەرە، ئیدى پەرستش کارێکى سروشتیە، نە ئەوەى ئەرک بێت، هەڵبەتە ئەمە خەصڵەتى مەجزوبان و شەیدایانە، واتە ئەو کەسانەى کە لە بزوێنە سەرەتاییەکاندا لەگەڵ پێغەمبەردا بەشدار دەبن و وەک ئەویش و بەچاوکردن لێى، ئاوەکە لەسەرچاوەیەکەوە دەگۆزن.
بەڵام چیرۆکەکە بۆ ئێمەى هەڵکەتوو لەم نێوەندەدا بەجۆرێکى دیکەیە. نزیکى ئێمە لەگەڵ نەریتى ئایینى و ئاداب و مەناسیکەکان بە جۆرێکى دیکەیە. بەجێهێنانى ئەم نەریت و پابەند بوون پێیانەوە بەلانى کەمەوە ئەوا بۆ دۆخى ئێمە گران و دژوارە و دەچنە بازنەى ئەرکەوە. چونکە ئێمە لە سەرەتاى رێگەکەوە لەو پێدراوە دەروونیەکان بێبەش بووین و بۆیە دەبێت تێبکۆشین تا بەهۆى پابەند بوون بەو ئاداب و مەناسیکانەوە ئەو ئەزموونە دەروونیانە لە باخى دەروونماندا بهێنینە بەرهەم. بۆ کەسی سالیک رێگەى رێساکە بەم شێوەیە، دەبێت تێبکۆشیت تا بە وردى و خۆڕاگرى، رۆحى سەرکێش خۆى بە ئەنجامدانى چەند کارێک کە بۆى گران و دژوارن، رایبهێنێت و کۆتى بکات.
لە سەرەتادا ئەو ئەرکانەى کە کەسی سالیک بەهۆى جەستە و ئەندامەکانیەوە بەجێیان دەگەیەنێت یان لەسەر خۆی دەیانسەپێنێت، لە چوارچێوەى کارە دەرەکى و رەواڵەتیەکانەوە تێناپەڕێت. بەڵام هێدى هێدى دەروونیشى کاریگەرى ئەوەى لەسەر دەرەوەیدا روودەدات دادەنێت. بۆ نموونە، وا دابنێن ئێوە غەمبارن. ئەگەر لەم حاڵەتەدا لەناکاو، ئەگەرچى بە زۆریش بێت، دەست بە پێکەنین بکەن، ئەو پێکەنینە هێدى هێدى کاریگەرى لەسەر ناختان دادەنێت و لەوانەشە بەم پێکەنینەى خۆتان، پێکەنینتان دێت و بەمەش لە راستیدا دڵخۆش دەبن و دەبینن کە ئیدى لەمە بە دواوە وەک ئەرک پێناکەنن بەڵکو بە هۆى ئاڵوگۆڕى دەروونتانەوە پێدەکەنن.
بارى دەروونى ئێمە تاڕادەیەکى زۆر کاریگەرى لە بارودۆخى دەرەکیمان وەردەگرێت. بۆ نموونە قورئان پێمان دەفەرموێت: {ولا تمشى فى الارض مرحا} واتە: “بەسەرزەویدا بە شانازیەوە مەڕۆن”. باڵ و پەڕەکانى خۆتان فڕێ بدەن و بەبێ فیز و خۆزلزانین هەنگاو بنێن.
بۆ ئەوەى بەبێ خۆزلزانین فیز هەنگاو بنێین ئەوا کەم کەم دەروون و ناخیشمان دەبێتە شوێنکەوتەى رواڵەتمان. ئەم رێسایە حیکمەتێکە کە لە پشت خۆماندووکردن و پەرستشەکانەوە خۆى شاردۆتەوە. کەواتە هەرچەندە ئەنجامدانى ئاداب و مناسیکەکان بۆ ئێمە گران و دژوار بێت، بەڵام ئەگەر بەم دژواریە رابێین و هەموارى بکەینەوە تا بە تێپەڕبوونى کات رواڵەتیشمان رەنگى ئەو بگرێت و خۆى رێکبخاتەوە.
با نموونەیەکى دیکە بهێنمەوە، وا دابنێن کەسێک سامانەکەى زۆر خۆشدەوێت. لە رێگەیەکى مەعنەویەوە بەم کەسە رادەگەیەنرێت کە دەبێت ببەخشێت و بەلانى کەمەوە بەشێک لە ماڵ و سامانەکەى ببەخشێت. بێگومان ئەم کارە بۆ ئەو گەلێک گرانە. بەڵام راهێنانى لەسەر بەخشین بە تێپەڕبوونى کات کاریگەرى لەسەر ناخى دادەنێت، نەفسى رەقى نەرم دەکات و ئەو شتەى کە لە پێشتر پێى نامۆ و بێگانە بوو ئێستا پێى ئاشناو یەکانگیرە، ئەمەش وەک تایبەتمەندى پەرستشەکانە کاتێک کە بە ئاگایی و ئامادەیی دڵ هاوکات بێت.
هەڵبەتە پابەندبوون بە ئاداب و مەناسیکەکانەوە لەوانەیە جێکەوتى نەرێنیشى لێبکەوێتەوە:
گرنگترین جێکەوتى نەرینى پەرستشەکان بریتیە لە ریا کە ئێمە و کۆمەڵگەکەمانى خستۆتە بەر هەڕەشەوە: حافیزى شیرازى دەڵێت:
واعظان كاين جلوه بر محراب و منبر مى كنند
چون بە خلوت مى روند آن كار دگر می کنند
“واعیزەکان کە بەم چەشنە خۆیان لە سەر دوانگە و مینبەر دەردەخەن، کاتێک دەڕۆنە چۆڵەوانیەوە چەشنێکى تر دەکەن”
دەردی ریاکارى هەموو ئایین پەروەران دەخاتە بەر هەڕەشە. واتە لەوانەیە ئیدى لە شوێنکاتێکدا کەسێک ئەم ئادابانە بۆ رەزامەندى مەعشوق و بۆ مەحبوب ئەنجام نەدات، و بۆ پاکبوونەوە و پاکژکردنەوەى دەروون نەیانکات. پەرستش بکات تا بۆ خۆی ناو و نان بەدەست بهێنێت یان بۆ بازار دۆزینەوەى بازرگانیەکەى بێت. لێرەدا ئیدى ئایین پەروەرى و مەعنەویەت و پابەندبوون پێیانەوە دەبێتە کاڵا، کاڵایەک بۆ فرۆشتن و بەدەستهێنانى بەرژەوەندیەکان.
دەردى دووەم (رواڵەتگەرایی)ە. هەندێک جار سالیکان و ئایینداران لە شێوەى جیاوازدا دەوەستنەوە. واتە لە سنوور و چوارچێوەى رواڵەت و روخسارى پەرستشەکان دەرناچن. هەڵبەتە لە قەڵەمڕۆى ئاداب و پەرستشە ئایینیەکاندا چەند شێوە و رواڵەتێک بوونیان هەیە، بەڵام نابێت ئەمەش فەرامۆش بکرێت کە دەبێت ئەم شێوە و رواڵەتانە لە خزمەتى واتا و بەهاکاندا بێت. ئەم رواڵەتیە دەبێت لە خزمەت ناواخندا بێت. و ئەگەر ئەم خاڵەش رەچاو نەکات ئەم شێوە و رواڵەتانەش بۆ توێکڵى بێ بەها دەگۆڕێرێت. لێرەدا تاکى ئاییندار رەنج دەکێشێت، بەڵام ئەم رەنجە خەزێنەیەکى لەگەڵدا نابێت. تاک سەرمایەى تەمەنى لە زەوى شۆرەکاتدا بە فیڕۆ دەدات. کەواتە، بەها و پیرۆزیەکانى روخسار شوێنکەوتەى بەها و پیرۆزیەکانى ناواخنە، نە بە پێچەوانەوە. ناواخن لە ناخى خۆیدا خوازراو و پیرۆزە، بەڵام رواڵەت تا ئەو کاتەى کە لە خزمەتى ناواخندا بێت بە بەها و جێى رێزە.
دەردى سێیەمى پەرستش بریتیە لە دووبارەبوونەوە و بێزاربوون. کاتێک پەرستش و مەناسیکەکان دووبارە دەبنەوە، هێدى هێدى دەبنە خوو و ناسکى و شیرینیان لە کیس دەدەن. گۆڕانى (پەرستش) بۆ (خوو) یەکێکە لە گرنگترینی ئەو دەردانەى کە رۆحى ئایین پەروەرى دەخاتە بەر هەڕەشە و مەترسیەوە. هەڵبەتە دووبارەبوونەوە خۆی بەشێکى گرنگى پەرستشەکانە. بەڵام ئەم بابەتە رێگر نیە کە ئێمە بۆ رۆح بەخشین بە پەرستشەکانمان هونەر و شێوازى نوی نەگرینەبەر. بۆیە سالیکان و ئایینداران دەبێت هەوڵ بدەن هەر ماوەیەکى زەمەنى دیاریکراو گۆڕانکارى بە پەرستشەکانیان ببەخشن. لە پێغەمبەرى ئیسلامەوە (د.خ) دەگێڕنەوە کە دەفەرموێت: کاتێک دەچنە مەککەوە زۆر لەوێدا مەمێنەوە، مەراسیمەکان بەجێ بگەیەنن و مەککە بەجێ بهێڵن. چونکە ئەگەر لەوێدا زۆر بمێننەوە ئیدی هێدى هێدى ژینگەى مەککەتان لا ئاسایی دەبێتەوە. کاتێک کە ئێوە یەکەمجارە دەچنە مەککەوە حاڵەتیکى سەیر و نامۆتان هەیە، هەموو شتێک بۆ ئێوە جوڵێنەر و بە کارتێکەر دێتە بەرچاو. بەڵام ئەگەر بەردەوام بۆ ئەوێ بڕۆن و بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لەوێدا بمێننەوە، وردە وردە لە ناسکى و رادەى کاریگەرى ئەو ژینگەیە لە سەرتان کەم دەبێتەوە.
پێشەوایانى ئایین و عیرفان بە شێوەى جیاواز ئێمەیان فێر کردووە تا لە گۆڕانى پەرستش بۆ خوو رێگرى بکەن. بۆ نموونە، وتوویانە کە لە نوێژەکانتاندا ئایەتە جیاواز و جۆراجۆرەکانى قورئان بخوێنن. یان شوێنى پەرستشەکانتان هەر چەند ماوەیەک جارێک بگۆڕن. یان هەندێک جار بە پەرستشە سوننەتەکان، پەرستشە فەرزەکان دڵنشین تر بکەن.
هەندێک لە عاریفانمان گوێ راگرتن بە مۆسیقا و سەما (سماع)یشیان بە شیوازێکى کاریگەر بۆ ناسک کردنەوەى رۆح زانیووە، ناسکی و تەڕیەک کە رۆحى سالیک لە نزا و مەناسیکە شەرعیەکانیش بە تەڕى و ناسکى دەهێڵێتەوە.
ئەوەى تا ئێستا ئاماژەم پێدا، چەند رێسایەکى گشتى لە بارەى پەرستشەکانەوە بە دەست دێن:
(١). دەبێت لە نێوان روخسار و ناواخندا، لە گەوهەر و صەدەفدا، رواڵەت و دەرووندا جیاوازى و جیاکارى بکات.
(٢). رواڵەت هێماى دەروون و پارێزەریەتى. کەواتە، رواڵەت هەمیشە دەبێت خزمەتگوزارى ناخ و دەروون بێت.
(٣). بەهاى دەروون لە سلوکى مەعنەویدا بابەتێکى زاتیە، بەڵام بەهاى رواڵەتی بۆ پەرستشە جوزئى و پاشکۆییەکانە.
ئەمەش بەو واتایە نیە کە رواڵەت فەرامۆش بکەین، بەڵکو بەو واتایەیە کە نابێت بنەڕەت لەگەل چڵ و لقەکاندا تێکەڵ بکەین و بە هەڵە لێیان تێبگەین. رواڵەت تا ئەو شوێنە بەهاى خۆى هەیە کە لە خزمەتى دەروون و ناخ بێت. ئەگەر پەرستشەکان لە ناواخن بەتاڵ ببنەوە ئەوا دەبنە خوو و چیدى پەرستش نین. لە رووى سلوک و رەفتارەوە نە تەنیا سوودمەند و روو بە گەشانەوە نین، بگرە هەندێک جاریش هۆکاری سیس بوون و چەمانەوەى رۆحى سالیکیشن.
* * *
ئێستا باشتر وایە لەبارەى ماناى هێمایی حەج لە روانگەى عاریفانەوە بدوێین. لە نیگاى عاریفاندا، پرستشەکانمان، بە دەبڕینى هێمایی و ئاماژەیی بەشێک لە راستیە ئایینى و مەعنەویەکانە. بەلاى ئەوانەوە (حەج)یش لەم رێسایە بەدەر نیە.
عاریفانى ئێمە دوو جۆر حەجیان لێکجودا کردۆتەوە: حەجێک کە دوا مەنزڵى بۆ کۆڵانى دۆستە. ئەمەش حەجى گشتیە و حەجێکیش بۆ ئارەزووى دیدارى دۆستە و ئەمەش حەجى تایبەتە. گروپێک بۆ دیدارى (ماڵ- بیت) دەڕۆن و گرووپەکەى تریش بۆ دیدارى خاوەنى ئەو ماڵە.
بە واتایەکى تر کەعبەیەکى گڵین هەیە و بە هەمان شێوەش کەعبەیەکى دڵین. کەعبەى گڵى کاتێک بەهاى خۆیی هەیە کە ئێمە بگەیەنێتە کەعبەى دڵ. کەعبەى گڵى قیبلەى خەڵک و کەعبەى دڵ شوێنى تەجەللا بوونى حەقە. کەعبەى گڵ ماڵى خودایە و کەعبەى دڵ خاوەنى ماڵەکەیە. یەکەمیان حەجى ماڵى خەلیلە و دووەمیش حەجى حەرەمى جەلیل. ئەم دوو حەجە بە تەواوەتى لە یەکترى جیاوازن. مەولانا دەڵێت:
حەج زیارت کردن خانە بود
حج رب البیت مردانە بود
“حەج زیارەتى ماڵەکەیە، حەجى خاوەن ماڵ پیشەى مەردانەیە”
بۆ ماڵى خودا رۆشتن کارێکى ئاسانە. هەڵبەتە زۆریش باشە، بەڵام دیدارى خوداى ماڵەکە ئامانج و سەر لووتکەى هەموو کارەکانە. بە گوزارشتى هەندێک لە عاریفان، ئێمە دوو حەجمان هەیە: هەندێک بۆ تەوافى حەج دەڕۆن و دەبنە حاجى، گرووپێکیش کەعبە دێتە زیارەتیان و تەوافیان دەکات و دەبنە حاجى.
بەڵام ئەى واتاى فەریزەى حەج چیە؟
(١). لە مەراسیمى حەجدا گرنگترین هێما و ئاماژە (کەعبە)یە. کەعبە دڵى مەراسیمى حەجە. هەڵبەت هەموومان دەزانین یەکێک لە روخسارە گرنگەکانى کەعبە قیبلە و رووگەیە. ئەم هێمایە بە ئەهلى ئیمان دەڵێت کە ژیانى ئاییندارانە ژیانێکى ئاراستەدارە. هەر کام لە ئێمەى مرۆڤ روومان بەرەو قیبلەیەکى جیاوازە. جیاوازى ئێمەى مرۆڤ لە ژمارە و جۆرى ئەو قیبلانەیە کە لە ژیانى خۆماندا روومان تێکردوون.
کەعبە بە شێوازێکى هێمایی دوو پەیامى سەرەکیمان بە گوێدا دەچرپێنێت:
یەکەم: قیبلەى خۆتان بکەنەوە بەیەک. کەسێک دڵى لە سەوداى هەزاران مەحبوبدا داناوە و خۆیان قەرزارى هەزاران خاوەن قەرز کردووە، ئەوا لە هەزار و یەک لاشەوە رادەکێشرێت و لە ئاکامدا بەرەو پێش ناڕوات و لە هەمان شوێندا کە پێشتر لەوێ بووە دەمێنێتەوە. مەولانا لە مەسنەویدا چیرۆکێک لە بارەى مەجنونەوە دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ ئەم مانایەدا یەک دەگرێتەوە و دەڵێت: جارێکیان مەجنون بە سوارى وشترێکەوە ویستى بڕوات بۆ دیدارى لەیلا. ئەم وشترە دایکانەیەش لە ماڵەکەى مەجنوندا بەچکەیەکى هەبوو و نەیدەتوانى بە ئاسانى لێى جیا بێتەوە و بەجێى بهێڵێت. مەجنون سوار لە سەر ئەم وشترە تا نیوەى بیابان رێگەکەى بڕى. لەو ساتانەدا لەسەر وشترەکە خەوى لێکەوت، و وشترەکەش سوودى لەوە وەرگرت و بە ئاراستەى ماڵەوەى بۆ لاى بەچکەى گەڕایەوە. کاتێک مەجنون بەخەبەر هاتەوە هەمدیسان وشترەکەى بە ئاراستەى لەیلى بەڕێخستەوە، بەڵام هەمدیسان خەوى لێکەوتەوە سەر لە نوێ وشترەکە لە هەمان رێگەدا کە هاتبوو بە ئاراستەى ماڵەوە گەڕایەوە، مەولانا دەڵێت مەجنوون چەندین جار بەم شێوەیە لە بیابانەکەدا هات و رۆشت و نە بە لەیلی دەگەشت و نە وشترەکەش بە بەچکەکەى.
دواجار مەجنون خۆى لە وشترەکەوە خستەخوارەوە و وا رێکەوت لە ئەنجامى ئەم کەوتنە خوارەوەدا قاچێکى بشکێت و بۆیە وتى من بەم قاچە شکاوەوە زووتر بە لەیلى دەگەم تا بەم وشترەوە. لە راستیدا لێرەدا مەجنون هێماى رۆحى مرۆڤە و کە مەیلى بەلاى بەرەو باڵا رۆشتن و هەڵکشانە و وشترەکەش هێماى جەستەى ئێمەیە و مەیلى بەلاى بەرەو خوار رۆشتندایە. ئەگەر کەسێک خۆى بخاتە نێوان ئەم دوو هێزە پێچەوانەوە بە دڵنیاییەوە لە شوێنى خۆیدا دەمێنێتەوە و ناگات بە ئامانجەکەى.
کەواتە ئەو رۆحانەى تاسەى رۆشتن بۆ باڵایان هەیە، دەبێت هەموو قیبلەکانیان یەک بخەن. هێماى کەعبە وەبیرمان دێنێتەوە کە ئەهلى مانا و دڵ دەبێت ببنە یەک دڵ و تاکە قیبلەیان هەبێت.
دووەم: هێماى کەعبە پەیامێکى ترمان فێر دەکات، ژیانى سالیکى رێگاى حەق دەبێت ئاراستەدار بێت، بەڵام هەر ئاراستەیەکیش ئێمە بە ئامانجمان ناگەیەنێت. قیبلەى سالیک دەبێت رێگەى خودا بێت. گیان دەبێت رووى لە عەرش (ئاسمان) بکات تا بتوانێت لە بەندى فەرش (زەوى) رزگارى بێت و بە دیدارى مەحبوب شاد ببێت.
هەر بەم هۆیەوەیە کە کەعبە بە واتاى تەواوى هێماى (یەکتاپەرستى)ە. واتە لەم جیهانەدا یەک پەرستراو و قیبلەیەکیش زیاتر نیە کە ئەویش پەروەردگارە و لەم پێگەیەدا هیچ مەحبوبێک شان لە شانى نادات.
(٢). لەیەلاکى ترەوە، کەعبە (ماڵى خودا)شە. و ئەم خاڵەش بە راى من هێماى مەراسیم و فەریزەى حەجە. ژیانى کەسی ئیماندار هەمیشە بە دەورى ناوەندى خودادا دەسوڕێتەوە. سەنتەرى ژیانى ئیماندارانەى ماڵى خودایە. بەڵام (ماڵى خودا) لە کوێیە؟ لە پێغەمبەرى خوداوە دەگێڕنەوە کە فەرموویەتى: (القلب بیت الرب)، ماڵى راستەقینەى خودا دڵى مرۆڤە. کاتێکیش کەسێک پرسیارى لە پێغەمبەرى ئیسلام کرد: (ئەى پیغەمبەرى خودا، لە کوێ بۆ خودا بگەڕێین، لە ئاسمانەکاندا یان لە زەویدا؟) و لە وەڵامیدا فەرمووى: ( لە دڵى بەندى ئیمانداردا بۆى بگەڕێ). کەواتە کەعبە هێماى ماڵى خودایە و بە گوێرەى هەواڵەکانى پێغەمبەریش، ماڵى خودا، دڵى کەسى ئیماندارە. لەم دوو پێشەکیەدا دەتوانین بگەینە ئەو دەرەنجامەى کە کەعبە لە راستیدا هێمایەکە لە (دڵى پیاوچاکى ئیلاهى)، دڵێک کە تاریکیەکانى بەجێهێشتووە و پەیوەندى بە رووناکى خوداییەوە کردووە.
مەولانا لە مەسنەویدا چیرۆکێکى شیرینى هەیە کە گوزارشت لەم مانایە دەکات. دەڵێت کاتێک کە (بایەزیدى بەستامى) عاریفى ناسراوى خوراسان دەیەوێت بۆ مەبەستى بەجێگەیاندنى حەج گەشت بکات و لە رێگەکەیدا، بە پێى نەریتى سۆفیانە لە هەر شار و هەوارێکدا سەردانى پیاوانى گەورە و زانا و عاریفانەکان دەکات. تا دەگاتە شارێک و لە خەڵکى شارەکە ناونیشانى پیاوێکى لەم چەشنە وەردەگرێت و پێى دەڵێن لەم شارەدا پیرە پیاوێکى زاهید هەیە کە زیارەتى لەسەر ئەهلى دڵ بە پێویست و واجب دادەنرێت.
بایەزید دەڕوات بۆ بینینى و بە کەسێکى نوورانى پاک دەروون دێتە بەرچاوى و بۆى دەردەکەوێت خاوەنى ماڵى و منداڵ و زۆریش هەژارە. پیاوەکە لە بایەزید دەپرسێت بۆ کوێ دەڕۆیت؟ بایەزیدیش دەڵێت دەمەوێت بڕۆم بەجێهێنانى فەریزەى حەج. پیاوە پیرەکەش دەپرسێت چەندێک پارە و پوڵت پێیە؟ بایەزید پێى دەڵێت دوو صەد درهەم.
پیرەپیاوەکە سەیرى بایەزید دەکات و پیى دەڵێت ئەو پارەیەم بدەرێ و حەوت جاریش بەدەورمدا بسوڕێرەوە و بەمەش تۆش حەجەکەت بەجێ دەهێنیت! بایەزید بەو پەڕى سەرسوڕمانەوە هەمان ئەو کارە دەکات کە پیرەمێردەکە پێى وت. بەڵام پاشان لە پیرەمەردەکە دەپرسێت ئەوا ئەو شتەى کە تۆ ویستت من ئەنجامم دا بەڵام تۆش نهێنى وتەکانت بۆ من بدرکێنە. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت مەگەر تۆ نەتدەویست زیارەت و تەوافى ماڵى خودا بکەیت. دڵى من ماڵى خودایە، خودا هەر لەو کاتەوە کە دڵى منى دروستکردووە تەنیا بۆ یەک ساتیش دڵى منى بەجێ نەهێشتووە و بەڵام لەو کاتەوەى کە ئەو ماڵە گڵینە (کەعبەى) دروستکردووە بۆ یەک ساتیش پێى نەخستۆتە ناویەوە.
کعبە هر چندى کە خانەى بر اوست
خلقت من نیز خانە سر اوست
“هەرچەندە کەعبە ماڵى خۆیەتى، لە دروستبوونمەوە (دڵ)م ماڵى نهێنى ئەوە”
ئەگەر بە دووى ماڵى خودادا دەگەڕێیت، هەوڵ بدە دڵێکى ساف و عاشیق و ئیماندار بدۆزیتەوە. ماڵى خودا دڵى بەندە ئیماندارەکانیەتى و ئەمەش ماڵێکە کە هەرگیز لە حوزرى خودا چۆڵ نەبۆتەوە. هەڵبەتە بۆ تەوافى ماڵى کەعبە بڕۆ بەڵام بۆ بینینى خاوەنى ماڵەکە. کەواتە لە روانگەى مەولاناوە کەعبە هێماى دڵى کەسی ئیماندارە، دڵێکى پاک کە پڕە لە نوور و حوزورى خودایی.
(٣). شەمسى تەبرێزیش لە (مقالات شمس)دا لەبارەى رەمز و رازى مەراسیمى حەج و بە هەمان شێوەش فەلسەفەى نوێژکردنى روو بە کەعبە، ئاماژە بە خاڵێکى حەکیمانە و دڵڕفێن دەکات کە لەگەڵ بابەتەکەى ئێمەدا یەک دەگرێتەوە. شەمس دەڵێت: ئێمە لە هەر کونج و کەلەبەرێکى ئەم جیهانەدا بین روو لە خاڵێکى دیاریکراو کە کەعبەیە نوێژ دەکەین. وا دابنێن کە ئێوە لە (مسجد الحرام) نوێژ دەکەن. لێرەدا هەموو نوێژخوێنان بەرەو کەعبە نوێژەکەیان دەکەن. وا دابنێ ئێستا کەعبە هەڵبگیریت و لا ببرێت چى روو دەدات؟ دەبینن کە هەمووان بەرەو ئاراستەى یەکتر سووجدەیان بردووە. وەک ئەوەى بڵێیت کەعبە ناوەندێکى پێکهێناوە تا مرۆڤەکان لە رێگەى ئەم مەراسیمە ئایینیەوە سووجدە بۆ یەکترى بەرن هەروەک چۆن فریشتەکان لە کاتى ئافراندنى باوە ئادەمدا سووجدەیان بۆ برد.
ئەو گەوهەرە ئیلاهیەى کە خودا لە وجودى ئێمەدا دایناوە، بەم شێوەیە رێزى لێبنێین. کەواتە نوێژکردن بە ئاراستەى کەعبە دەتوانرێت وەک رێزلێنانێک دابنرێت بۆ مرۆڤ و رۆحە ئیلاهیەکەى کە خودا خۆى فووی پێدا کردووە و خولقاندویەتى. ئەم رۆحە یان دلۆپە پیرۆزە کە مرۆڤ وا لێدەکات شایستەى رێزلێنان بێت، هەڵبەت (دڵ)ى مرۆڤە. مەولاناش دەڵێت چوون بۆ حەج واتە تەڵەبی دڵکردن و حاجیش واتە تالیبى دڵ.
کەواتە، حاجى لە پرۆسەى گەڕان بە شوێن دڵدایە و گەشتى حەجیش هێمایەکە لە گەڕانێکى مرۆیی بۆ دۆزینەوەى دڵ و بۆ ئەوەى کەسەکە (حاجى) ببێتە خاوەن دڵ. حاجى بە شێوازێکى ئاماژەیی و هێمایی هەموو هەوڵ و ماندوو بوونەکانى مرۆڤ بۆ دۆزینەوەى ماڵى خودا، کە هەمان خانەى دڵینە، پیشان دەدات. کەواتە لە روانگەیەکى هێماییەوە عاریفانى گەشتى حەج رێزلێنانى دڵی ئاگا و حاجى تالیبی دڵن.
بەڵام حاجى چۆن دەتوانێت پەى بەوە بەرێت کە ئایا حەجەکەى قەبوڵکراوە لە لایەن خوداوە یان نا؟ بەڕاى من لێرەدا ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکى روون بۆ ئەم بابەتە بوونى هەیە. حاجى بۆ ئەوەى بزانێت کە حەجەکەى قەبوڵکراوە یان نا، دەبێت بۆ ناخى خۆى بگەڕێتەوە و ببینێت تا چ رادەیەک قەدرى دڵى دەزانێت و رێزى لێدەنێت. بەڵام چۆن؟ هەمدیسان بەڕاى من وەڵامەکە هێندە ئاڵۆز و دژوار نیە، کەسێک کە حورمەتى دڵى لا بێت، هەرگیز دڵى کەسی تر ئازار نادات، هەرگیزیش بەناڕەوا دڵی کەس ناشکێنێت. کەواتە حاجی کەسێکە کە زبرى و تاڵیەکانى ئەوانى تر وەردەگرێت و لە بریدا نەرمى و شیرینی پێشکەشى بەرامبەرەکانیان دەکات. ئەمەش وەصفى حاجیە، حاجیش میهرەبانە!.
شێخى سەعدى دەڵێت: جارێکیان لەگەڵ کاروانێکدا لە سەفەرى حەجدا دەگەڕامەوە. لە کاتى سەفەرەکەدا ئەهلى کاروان و حاجیەکان بووە دەمەقاڵەیان و بە یەکتر جنێویان دەدا و دواتریش دەموچاوى یەکتریان کووتا.
یەکێک لە کاروانیەکانیش کە ئەم رووداوانەى دەبینى و لەبەر خۆیەوە وتى: ئێوە بۆ حەج رۆشتوون و بەڵام لە راستیدا ئەو وشترەى ئێوەى بۆ حەج بردووە بۆتە حاجى و ئێوە بە دەست بەتاڵى گەڕانەوە.
ئەو وشترە فێر بوو کە پووش و پاوان بخوات، بەرگەى دژواری و دۆخە سەختەکانى رێگا و بیابان بگرێت، بەمەش سوودیشى بۆ ئەوانى تریش هەبێت، بەڵام ئێوە حەجتان کرد و تەماحکارتر و تووڕەتر و نامیهرەبانتر بوون و گەڕانەوە. نەبادا کەسێک بۆ سەفەرى حەج بڕوات و ئەو فرۆکە و پاسەى کە ئەو پێی دەچێتە مەککە ببێتە حاجى و ئەویش ناحاجى بگەڕێتەوە!.







