نووسینى: کۆساران ئەحمەد
بەشی یەكەم
بەهاى فەلسەفەى ڕاڤە وەك بوونناسیی و مەعریفەتناسیی لە ڕۆژهەڵاتدا:
فەلسەفەى ئیسلامی كە بریتییە لە: «ئەقڵانییەت» «ئیشراق» «حیكمەتى باڵا»، ئەوە بوونناسیی و خوداناسیی تێدایە و پاشان مەعریەفتناسیی لەژێر سێبەرى ئەم چەمكانەدایە كە بەشەكانى فەلسەفەى ئیسلامن. واتە ئەقڵانییەت و ئیشراق و حیكمەتى باڵا.
ئیبن سینا ئەقڵانییە و سوهرەوەردیی ئیشراقییە و مەلا سەدرا حەكیمە و تیۆرەكەى بریتییە لە «حیكمەتى باڵا»، بـەدەر لە تیۆرەكەى كە جووڵەى جەوهەرییە. تاڕادەیەك دەتوانم بڵێم فەلسەفەى ئەقڵانییەتى عاریفان و فـەیلەسوفـانى ڕۆژئـاوا بـاڵاترن لـە چاو فـەلسەفـەى مادەگەرایی یـۆنانی بەتایبەت ئەرستۆ كە باس لە مادە دەكات. ئەرستۆ باس لە بوونەوەر دەكات نەك بوون. بۆیە بوونەوەر دەركەوتەى «بوون»ـى ڕەسەنە. ئەگەر فەلسەفە فەلسەفەى ڕەسەن بێت ئەوە باس لە بوون دەكات. بەم شێوەیە لە فەلسەفەى ئیسلامیدا بوونناسی هاتە ئاراوە تا گەیشتە مەلا سـەدرا. ئیدی سـەدرا بــە گەڵاڵەكردنى: «ڕەسەنییەتى بوون» پەرەى بە فەلسەفەى خۆى دا. عیرفانی پێش ئیبن عەرەبى زیاتر مەعریفەت ئامانجەكەى بوو، بەڵام دواتر پەرەى دا بە بوونناسیی، چونكە عاریفان دەیانویست خودى «بوون» بناسن نەك بوونناسیی ئامانجیان بێت. تاكە ئامانج لاى عاریفان مـەعریفـەى یـەزدانى بـووە، نـەك مـەعریفـەى بوونناسانـە. ئیبـن عـەرەبی داڕێژەری تیۆریی «یەكبوونى بوون» بووە. ئەوەى كە بیرمەندێكی ژاپۆنى دەڵێت:
««چەمكى «جیهانى بوون» لەگەڵ ماناى بوونەوەر كلیلیترین مانایە كە ئـەنـدێشـەى ئیبـن عـەرەبی پێكهێنـاوە. فـەلسـەفـەى ئـەو فـەلسەفـەیـەكی خوداناسییە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا بوونناسیی ئیبن عەرەبی زیاترە لە چاو خوداناسییەكەى.»»
لێرەدایە ئیبن عەرەبی بە بوونناسیی و خوداناسیی گەیشت بە تیۆرى: «وحدت وجود، یەكبوونى بوون». بۆیە تەنیا عیرفان و فەلسەفەیە كە خوداناسیی و بوونناسییەكی جوان و باش دەهێنێننە ئاراوە. كەسانى فەلسەفیی و عیرفانی بـە ماناى تـەواوى زاراوە بوونناس و خوداناسن. «بــوون و بوونناسیی» هەمیشە پـەرێشانى مرۆڤـ بــووە و ویستوویـەتی بزانێت بــوون چییە.
لاى ئیبن عەرەبی بوون و مەعریفەت وەك فەیلەسوفانى ئیسلامى نییە بەتایبەت مەلا سەدرا و سورەوەردیی و ئیبن سینا، بەڵكوو ئیبن عەرەبی زۆر بە توندى باوەڕى بە «یەكبوونى بوون» هەبووە و بوون و مەعریفەت لاى ئەو بەم شێوازەیە كە بەیانیان كردووە: قۆناغەكانى بوون بریتین لە: «ذات حق، فیض مقدس، فیض اقدس، عقل، مثال.» بەپێی سەرچاوەیەك ئـەم چـەمكانـە ڕوون دەكـەمـەوە. «زاتـى بـوونـى خـودا» بـۆ هـەمـووان نـەنـاسراوە و نـادیاریی نـادیـارە و كـەس نـاتـوانێت وێناى بكات. «فیض مقدس» لە عیرفاندا ئەم چەمكە بە ماناى دەركەوتنی خوداى مەزن دێـت لە جیهانى بووندا بەشێوەى فرەگەرایی، واتە تەواوى بوون و بوونەوەر دەركەوتەى خوداى مەزنن. بە واتایەكی دیكە: ئەم چەمكە واتە كرداری خودایی كە بە هۆى نێوەندگیریی ئەم كردارەوە جیهانى بوون لە خوداى مەزنەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەونەقی پێ دەبەخشێت.
چەمكى «فیض مقدس» ئاماژە بە قۆناغێكی دەركەوتنى خودا دەكات كـە لـە جـیـهـانى هـەڵڕەخسـاو «دونـیـا»ـى دەركـەوتـنـدا بـەشێـوەی فرەگەرایی لـە «بوون»دا لـە پەیوەندیدایە.
«ئەقڵ»: هـەمـان ئـەقڵی گـەردوونـی یـان ئـەقڵی یـەزدانـییە. «نموونە»: واتە ئەم گەردوونە بارەگاى خودایە یان سێبەری خودایە.
بەڵێ، ئەمە فەلسەفەى بوونناسانە و خوداناسیی ئیبن عەرەبی بوو. ئەم ڕوونكردنەوەش پەیوەستە بە مەعریفەتناسیی و بوونناسییەوە. جوانتر ڕوونكردنەوە بدەم كە: بـــوون لــە زاتى خـوداوە سـەرچـاوە دەگرێت و لە یەكەمین دەركەوتى خۆیدا، واتە «دەركەوتى زات»ـى بەرەو فەیزی ئەقدەس و لێرەوە بەرەو فەیزی موقەدەس، لێرەشەوە بەرەو جیهانى ئەقڵ و لە ئەقڵەوە بۆ جیهانى نموونە و لێرەشەوە بەرەو جیهانى سروشت دەردەكەوێت. بەڵێ، ئەم دەركەوتنانەى خوداى مەزن لە كاتشوێنەوە نییە، بەڵكوو بانكات و بانشوێنییە. ڕوونتر بڵێم لە هەموو دەركەوتنێكدا شوێنێكی خاڵی ئەم جیهانى بـوونە نـابینین كـە حـزوورى خـوداى تێدا نـەبێت. بـۆیـە دەركـەوتى خـودا وەك خـۆر وایـە كـە بـەسەر هـەموو جیهـانـدا تیشكـەكانى دەبارێنێت و ئەمەش وەك لێكچواندنە ئەگەر نا نوورى خودا هەموو «بوون» ڕووناك دەكاتەوە. لە ڕاستیدا قۆناغی دەركەوتنى خودا زۆر سەنگینە و گشتى دەڕواتە بەرە ئەقڵ و فەلسەفە و تێڕامانێكی زۆر قووڵەوە كە زەین ماندوو دەكات. هەوڵ دەدەم ڕوونترى بكەمەوە.
خودا پێگەى هەیە و لە هەر پێگەیەدا دەركەوتنى نوێی هەیە و هیچ كات دەركەوتنى كۆنە نییە و بەردەوام لە دۆخی دەركەوتنى نوێدایە لـە جیهانى بـوون و دەركەوتەكانیدا. لـە هـەر دەركەوتنێكی ئـەودا «خودا» خوڵقاندنێك هەیە و فۆڕمێكی نوێ دەكاتەوە بەبەر بوون و گەردووندا.
هەروەها لـە هەر دەركەوتنێكیدا پێگەى نوێتـری هەیە و بەم شێوەیە شوێنێكی خاڵی نییە كە دەركەوتن و حزوورى خوداى تێدا بـەدى نەكـرێت. جیهـان لێوڕێـژە لـە بـەرەكـەتی ئـەو. دەمـەوێت بەپێی سەرچـاوەیـەكی دیكە ئـەم چەمـكانـە «ذات حق، فیض مقدس، فیض اقدس، عقل، مثال.» ڕوون بكەمـەوە هـەتـا باشتـر تێبگەین.
«فیض اقدس: فەردانییەت و تاقانەیی خودا».
«فیض مقدس: تاكایەتیی و پێگەى سیفەت و ناوى خودا».
«ئەقڵ: بوونەوەرى پەتی».
«مثال: بوونەوەرى پەتى كە مادە نین بەڵام پێوەریان هەیە».
«طبیعت و سروشت: جیهانى مادە».
فـەردانییەت و تـاقانـەیی خـودا بـۆ هـەمووان نـادیارە و هیچ كەس ناتوانێت تەنانەت بە خەیاڵیش وێناى بكات یان لێی تێبگات. لەگەڵ ئەوەشدا كە فەردانییەتى خودا لە دەرەوەی پێگەى جیهاندایە، ئەوە دەتوانرێت بە شهوودییانە بۆى بڕوانین بەتایبەت بـۆ مرۆڤی كامڵ كـە دەتوانێت مـەعریفـەى پێ هەبێت. واتـە هەست بە فەردانییەتى خودا دەكەین بەڵام نازانین چییە.
جیهان لە قۆناغی دەركەوتنى بەرەكەتى خوداوە دەست پێدەكات، ئەوەى كە عاریفان ناویان لێناوە «ماسوى الله» واتە: هەموو شتێك جگە لە خودا. بۆیە لە زەینى مرۆڤدا ئەم مەعریفەیە هەیە كە پەى بە فەردانییەت و خوداناسیی ببات. لە ڕاستیدا ئێستا كە ئەم شتانە دەزانین و خەریكم ڕوونیان دەكەمەوە، ئەوە ئیدی مەزنی ئەقڵمان بۆ دەردەكەوێت كـە چـەندە گرنگە. ئـەم ڕوونكردنەوەیە پەیوەستە بـە: ئەقڵ و مەعریفەى مرۆڤەوە كە بە فەلسەفەى هێرمنوتیك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.
بەڵێ بوون و خودا وەك فكرەى ئاقڵان و عاریفان بەڵگەنەویست و ڕووناك و ڕەسەنە، بەڵام بەشێوەی فەردانییەت یان تاقانەیی. بۆ بابەتى بوونناسیش بەم شێوازەیە كە: «وحدت وجود، یەكبوونى بوون» بۆ بوون بەكار دێت و «كثرت موجود، فرەگەرایی بوونەوەر» بۆ بوونناسیی بەكار دێت هەتا قسەى لەسەر بكەین. لایەنى كەم بەم شێوەیە بابەتەكە ڕوونتر دەكەینەوە. سەربارى ئەوەش كە «بوون و خودا» هەن، ئەوە دەتوانین تاڕادەیەكی كەم جیاوازییەك بكەین. لـە بـەرانبەر یـەزداندا بـوون شتێك نـییە و خـودا بوونى لـە خۆیدا ونكردووە، بەڵام ئیدی مرۆڤ تواناى ئەو بینینەى نییە كە: خودا ببینێت هەتا بزانێت كـە لـە بوون گەورەترە. واتـە وێناى بـۆ ناكرێت، بەڵام بۆ بوون ئەوەتا وێناى بۆ دەكرێت و مرۆڤ لە بووندا دەژیت. كاتێك كە خودا مەزنە، ئەوە بەرانبەرێكی نییە هەتا بڵێین بوونیش هەیە، بۆیە بوون یەك شتە و تەنیا خودایە. واتە تەنیا ئەو هەیە.
عاریفانى «یـەكبوونى بــوون» تـەنیا خودا بـە بـوون دەزانن ئەویش لەڕووى عیرفانەوە، بەڵام لەڕووى فەلسەفەوە هەم بوون هەیە هەم خودا. ئەم جیاوازییە هەبووە لەنێوان عیرفان و فەلسەفەدا. كاتێك كە بوون هەیە ئـەى خـودا لەكوێیە؟ كاتێك كە خـودا هەیە و لـە بـوون مەزنترە ئەى بـوون لەكوێیە؟ كاتێك فـەردانییەتى خودا «بوون»ـى لـە خۆیدا نوقم كردووە ئەى بوون و خودا سەرەنجام چین و لەكوێن؟ ئەمە جیاوازییەكەیانە. بـۆیـە عیـرفان تـەنیا خودا بـە بـوون دەزانێت. فەلسەفە بوون بە بوون دەزانێت و بابەتى خوداش لە بوون جودایە. بەڵام ڕوانگەى عیرفان باڵاترە. مـادام بــوون و خــودا تـاقـانـەن، ئـەوە لـەڕووى فەلسەفییەوە تـەنیا گەردوون هەیە و لەڕووى عیرفانەوە بوونێك نییە جگە لە خودا. بۆیە جگە لە بوونى خودا هیچ شتێكی دیكە نییە و هەرچی هەیە یان پرتەوى نوورى ئەوە یان باوەڕپێكراو نییە و فانییە. ئیدی ئـا ئـەمەیـە جیاوازى نـێوان بـوون و خـودا یـان بوونناسیی و مەعریفەتناسیی. بەڵێ، ئەوەى كە بەیان كرا گشتى لە بەرەى مەعریفەتناسییەوە هەڵدەقوڵێت.
جیاوازى نێوان بوونناسیی لەڕووى عیرفان و فەلسەفەوە ئەوەبوو كە خرایەڕوو، بەڵام زیاتر قسەى لەسەر دەكەم. لاى عاریفان تەنیا «بـوونى ڕەهـا» هـەیـە و لاى بێژەران و فـەیلەسوفان «بـوونى ڕەهـا» چەمكێكی زەینییە و لە دەرەوەدا هیچ ڕاستییەكی نییە. واتە تەنیا لە زەینی مرۆڤدا هەیە. بۆیە سروشت لاى بێژەران بە فـەرمانێكی داڕنراو دێتە بـەرچاو نـەك هەستپێكراو. چونكە بوونى ڕەهـا بۆ كەس وێناكراو نییە، زەینی مرۆڤیش بە شتى هەستپێكراو یان بە چەمك مامەڵە دەكات.
بوونى ڕەها لاى عاریفان تەنیا خودایە و لە دەرەوەى كاتوشێندایە، بۆیە تەنیا یەك بوونى هەیە كە ئەویش فەردانییەتى زاتى خۆیەتى. دەكەوێتـە بـەرچاو فەیلەسوفان بـابەتى فـەلسەفە بـە «ڕەهـاى بـوون» دەزانن نەك «بـوونى ڕەها» كە ئەمەیە باسكردنى عاریفان.
بابەتەكە زۆر جیاوازە. ڕەهـاى بـوون فـەلسەفەییە و بـوونى ڕەهـا عیرفانییە. بوونى ڕەها وێناكراو نییە، بەڵام ڕەهاى بوون وەك بابەتى فەلسەفی ئەوەیە كە فەیلەسوفان قسەى لەسەر دەكەن. بۆیە بوونناسیی لاى فەیلەسوفان تیۆرێكى مانادار یان چەمكییە. واتە ئەوان تەنیا لەگەڵ چەمكی بووندا سەروكاریان هەیە و دەیكەن بە بابەتێكی ئەقڵانی، بـەڵام عاریفـان مـەبەستیان لـە بـوون و بوونناسیی واتـە خـودا.
: بـۆ نموونە چەند گوتەیەكی عاریفان بێنمەوە كە دەڵێت: «ڕەسەنییەتى بــوون تـەنـیـا خـودایـە.» «خـودا وەك بـوون وایـە.» «خـودا لەگەڵ بووندایە.»
ئەمانە گوتەى ئیبـن عـەرەبیـن و دەكرێت چەندین كتێبی لەسەر بنووسرێت. بۆیە بوون لەو ڕوانگەوە كە بوونى ڕەهایە ئەوە جگە لە خـودا هیچ شتێكی دیكە نییە و ئـەوەى كـە هەیە پرشنگی نوور یان دەركەوتەی ئەوە. هەروەها ئیبن عەرەبی زۆر بە ڕوونى دەڵێت: «بوونى پەتیی تەنیا خودایە». ئەمەش هەتا ئێرە باس لە بوونى ڕەهامان كرد و دێینە سەر ڕەسەنییەتى بوون.
كۆساران ئەحمەد








