یاسین حەمەسەعید
(گەڕانەوە بۆ بناغەکانی فێربوون لە هەرێمی کوردستان)

پەروەردە پڕۆسەیەکی زیندووی کۆمەڵایەتی و گشتگیرە کە دەبێت نەک هەر زانست بگوازێتەوە، بگرە هەستی خولیا و شادی فێربوون لە قوتابیدا ببزوێنێت. لە هەرێمی کوردستاندا، سیستمی پەروەدە ڕووبەڕووی گەلێک بەربەست و ئارێشەی قووڵ بووەتەوە کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی هەیە. فەیلەسووفە پەروەدەییەکانی وەک جان جاک رۆسۆ، ماریا مۆنتیسۆری و جۆن دیوی بەردی بناغەی ئەو ڕوانگە نوێیانەیان داناوە کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمی پەروەدەی ئێمە.
ڕەوشی ئێستای قوتابخانەکانی هەرێم زۆر جیاوازە لەو تیۆرانەی باسیان لێوەدەکەن. قەرەبالغی پۆلەکان، کە زۆرجار ژمارەی قوتابیان لە بەشێک لە پۆلەکاندا دەگاتە زیاتر 40 خوێندکار، بەربەستێکی گەورەیە بۆ پەروەردەیەکی تاکەکەسی و چالاک. ئەمە بەپێچەوانەی بۆچوونی مۆنتیسۆرییە کە باس لە پۆلی بچووک و گرنگیدان بە توانا تاکەکەسییەکان دەکات. سیستمەکەمان زیاتر بایەخ بە ئەنجامی تاقیکردنەوە دەدات، نەک گەشەی بیرکردنەوە و توانا ناوەکییەکانی قوتابی.
جۆن دیوی پێی وابوو پەروەردە دەبێت لە ڕێگەی کردەوە و تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆوە بێت. بەڵام لە سیستمی ئێمەدا، فێربوون زۆرتر سنووردار دەکرێت بە وانە وتنەوەی کلاسیکی و داتاسەنتەری، بەبێ ئەوەی هەلی تەواو بۆ داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بڕەخسێنرێت. کەمی پێداویستی و ئیمکانات، دابەزینی ئاستی مووچەی مامۆستایان، و نەبوونی دەرفەتی پێگەیاندنیان، هەموو ئەمانە کاریگەرییەکی نەرێنیان لەسەر کوالێتی پەروەردە داناوە.
بۆ گۆڕانی بنەڕەتی، پێویستمان بە فەلسەفەیەکی نوێی پەروەدەیی هەیە کە چێژی فێربوون بکاتە بناغەی سەرەکی. ئەمە واتای ئەوەیە کە دەبێت گرنگی بە توانا تاکەکەسییەکان بدەین، پۆلەکان بچووک بکەینەوە، سیستمی تاقیکردنەوە بگۆڕین، و مامۆستایان بە شێوەیەکی بەرچاو پەروەردە بکەین. مەبەست لە چێژ لە پەروەردەدا تەنها خۆشحاڵی کاتی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ ناخی فێربوون و هێنانەدی ئەو هەستەی کە قوتابی خۆی بە توانا و بەهێز دەزانێت.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە پەروەردە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ پڕۆسەیەکی زیندوو کە تیایدا قوتابی خاوەنی ڕۆڵی سەرەکی بێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە دەبێت لە سیستەمی داخراو و یەک ڕەهەندی بچینە ناو سیستەمێکی کراوە، فرە ڕەهەند کە تیایدا گوێ بۆ بیروڕای قوتابی دەگیردرێت و توانا تاکەکەسییەکانی دەپارێزرێن. هەر بۆیە، چاکسازی لە پەروەدەدا پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ و بنەڕەتی هەیە، نەک هەر پاک و خاوێنکردنەوەی ڕووکەش.
ئامانجی کۆتایی دەبێت دروستکردنی مرۆڤێک بێت کە تامەزرۆی زانست بێت، خاوەنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێت، و هەمیشە ئارەزووی فێربوون و گەشەکردنی هەبێت. تەنها بەم شێوەیە دەتوانین پەروەردەیەک بخوڵقێنین کە چێژی ڕاستەقینەی فێربوون بگەیەنێتە قوتابیان.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 14ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 14| ئەمڕۆ: 1

وتاری هاوشێوە