پیاسەی یەکەم:

… دانەر: با بزانین مەبەست چییە لە رستەی واتادار و بێواتا؟

نالی: رستەی واتادار رستەیەکی مەعریفییە، ئەوەیە کە بابەتی تێگەیشتنە، یان راستە یان هەڵەیە. ئەوەیش بڵێین کە لە رێزماندا دەوترێت رستە، بەڵام لە لۆجیکدا دەوترێت بڕیارەوتە. بڕیارەوتە تەنیا رستەی هەواڵی دەگرێتەوە، بەهای راست و هەڵە تەنیا بۆ رستەی هەواڵی بەکاردێت. کەواتە رستە یان بڕیارەوتەی بێواتا نە راستە و نە هەڵەیە. بۆیە هیچ راستییەکی مەعریفی نییە کە پەیوەست بێت بە بڕیارەوتەی بێواتاوە، واتا ئەم جۆرە بڕیارەوتەیە ناتوانرێت بپشکنرێت، چونکە هیچ ناگەیەنێت، ئاماژە بۆ هیچ ناکات.

دانەر: بەڵێ. تێگەیشتم. من لێرەدا هاوڕای بیرۆکەی پۆزەتیڤیستەکانم، بەتایبەت ئەی جەی ئایەر(A. J. Ayer)، ئایەر بانگەشەی ئەوەی کرد تەنیا ئەو بڕیارەوتەیە واتادارە کە بنەمای پشکنین بیگرێتەوە. بەپێی بنەمای پشکنین، بڕیارەوتەی واتادار ئەوانەن کە پیکهاتەیین/تەرکیبی/syntheticن، واتا بە ئەزموون پشتڕاست دەکرێنەوە یان شیکاریی/تەحلیلی/ analyticن، واتا بە پێناسە پشتڕاست دەکرێنەوە. بۆ نموونە ئەگەر بڵێم:

-لە دەرەوە بارانە. (١)

ئەوە بڕیارەوتەیەکی واتادارە، چونکە دەتوانین بە ئەزموون بیسەلمێنین کە وایە یان نا. دەتوانین بچینە دەرەوە و بزانین بارانە یان نا.

دانەر: بەڵێ وایە. هەر بڕیارەوتەیەکی ئایینی یان دەربارەی خودا، بڕیارەوتەی مێتافیزیکیین، ئایەر بەڵگەبێژیی دەکات کە ئەو جۆرە بڕیارەوتانە بێواتان، لەبەرئەوەی کە ناتوانرێت بە ئەزموون پشتڕاست بکرێنەوە. بۆ نموونە بە من دەڵێیت: خودا هەیە. (٢)

بەپێی بنەمای پشکنین ئەمە هەر وەک وتنی (ڤڤڤڤڤڤڤ) وایە، هیچ واتای نییە، هیچ بۆ ژیانمان زیاد ناکات.

نالی: باشە. تێدەگەم چی دەڵێیت. بەڵام ئەی چی لەو بڕیارەوتانە دەکەیت کە بە تیۆریی پشتڕاست دەکرێنەوە، نەک بە ئەزموون و کردەیی.

دانەر: مەبەستت چییە؟

نالی: ئەگەر بڵێم: بوونەوەرێکی نامۆی خەوتوو لەسەر دیوە تاریکەکەی مانگە. (٣)

ئایا ئەمە واتادارە؟ لە کاتێکدا ئێستا ناتوانین بچینە سەرمانگ و پشتڕاستی بکەینەوە.

دانەر: بەڵێ. بەڵام بنەمای پشکنین رێگەمان دەدات کە چۆن بڕیارەوتەیەک پشتڕاست بکەینەوە، تەنانەت ئەگەر نەتوانین رێک لەم کاتەی ئێستایشدا ئەو هەڵسەنگاندنە بکەین. بۆیە ئێستا پێت دەڵێم کە چۆن بڕیارەوتەی(٣) پشتڕاست بکەمەوە، بۆ ئەمە پێویستم بە موشەکێکە بۆ سەرمانگ، تا ببینین کە بوونەوەری نامۆی خەوتوو لەوێیە، کەواتە بڕیارەوتەی(٣) بێواتا نییە.

نالی: باشە. روونی دەکەوەمەوە کە بڕیارەوتەی ئایینی دەکرێت لەڕووی تیۆرییەوە پشتڕاست بکرێتەوە.

دانەر: بەڕاست! چۆن؟

نالی: بەڵێ. جۆن هیک(John Hick) نموونەی (شارە ئاسمانییەکە) بەکاردەهێنێت، کە خوازەیەکە بۆ بەهەشت، بەم شێوە:

دوو کەس بە رێگەیەکدا دەڕۆن، بۆ گەیشتن بە شارێک، یەکێکیان باوەڕی وایە کە دەگەن بەو شارە، ئەوی تریان باوەڕی وایە کە هیچ شارێک لە ئارادا نییە، بەڵام خۆ لەڕووی لۆجیکییەوە دەبێت یەکێکیان راست بکەن، ئیتر لە کۆتایی رێگەکەدا باوەڕی یەکێکیان وە ڕاست دەگەڕێت. بۆیە هەر بەم پێودانگە لەکۆتاییدا بۆمان دەردەکەوێت کە خودا هەیە یان نا، کە مردین ئیتر خۆ دەرئەکەوێت کە رۆژی دوایی هەیە یان نا، بوونی خودامان بۆ پشتڕاست دەبێتەوە یان نا.

دانەر: بببورە. بەڵام هاوڕا نیم، هەر پشکنینێک سەبارەت بە خودا دەکەوێتە دەرەوەی جیهانی ئەزموونییەوە، لەکاتێکدا ئێمە لە جیهانی ئەزموونییدا بۆ زمانێکی واتادار دەگەڕێین، نەک لە دەرەوەی جیهانی ئەزموونی، واتە حەقیقەتە ئەزموونییەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕیارەوتەکانمان بەکاردەهێنین. پەنابردنەبەر دەستەواژەی (رۆژی دوایی) وەک ئامڕازی پشتڕاستکردنەوەی واتاداربوونی زمانی ئایینی بەس نییە.

نالی: هەڵوێستەیەک دەکات.. بیردەکاتەوە…

دانەر: ئەی ئەگەر رۆژی دوایی نەبوو؟ ئەگەر تۆ مردیت و نەتتوانی بوونی خودا پشتڕاست بکەیتەوە؟ بۆیە باوەڕم وایە کە ئەمە ئارگیۆمێنت نییە.

نالی: باشە. بەڵام هێشتا بنەمای پشکنین ناتەواوییەکی بنچینەیی هەیە.

دانەر: ئەو ناتەواوییە چییە؟

نالی: بنەمای پشکنین هەر بە پێوەرەکانی خۆی شکشت دەهێنێت.

دانەر: چۆن؟
نالی: بۆت روون دەکەمەوە، بنەمای پشکنین(Verification) خۆی ئەڵێت:
بڕیارەوتە یان پێکهاتەییە یان شیکارییە. (٤)

ئایا ژمارە(٤) کە بۆخۆی بڕیارەوتەیەکە، هەر بە پێوەرەکانی خۆی شیانی پشکنینی هەیە؟ چونکە کاتێک مەرج و پێوەر بۆ واتاداربوون دادەنێین، دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە ئایا خودی ئەو مەرج و پێوەرانە کە بە رستە دەریان دەبڕین، خۆیان شیانی پشکنینیان هەیە؟ لەڕاستییدا رستە/بڕیارەوتە هەیە سەربە هیچکام لەو دوو جۆرە نییە، واتە نە پێکهاتەییە نە شیکارییە، بەڵکو بێواتایە. کەواتە بنەمای پشکنین خۆی پێوەرێکی تەواو بێواتایە. هەر بە خودی بنەماکەی خۆی شکست دەهێنێت.

دانەر: تێدەگەم.

نالی: بەس من تێناگەم چۆن بانگەشەی ئەوە دەکەیت کە (زمانی ئایینی واتای نییە.) ئەمە لەکاتێکدا ئەو پێوەرانەی کە ئەم بانگەشەیەی لەسەر بینادەکەیت خۆیشیان واتایان نییە.

دانەر: خاڵێکی جوانە. بەڵام هێشتا لەسەر ئەو هەڵوێستەمم کە زمانی ئایینی بێواتایە و وا بیردەکەمەوە کە بنەمای پووچەڵکردنەوە(Falsification) باشترین روونکەرەوەی ئەمەیە.

نالی: بنەمای پووچەڵکردنەوە چی دەڵێت؟

دانەر: بنەمای پووچەڵکردنەوە لەلایەن کارڵ پۆپەر(Karl Popper)ـەوە گەشەی پێدراوە، بەشێکە لە فەلسەفەی زانست، پۆپەر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مەعریفەی زانستی، بابەتی بەدەستهاتووە، کاتێک کە گریمانەیەکمان هەیە، زاناکان ئەو گریمانەیە تاقیدەکەنەوە بۆئەوەی بزانن کە لە چ بارودۆخێکدا پووچەڵ دەکرێتەوە، واتە زانایەک کاتێک زانی کە چی پێویستە بۆئەوەی گریمانەکەی پووچەڵ بکرێتەوە، ئیتر لێرەدا ئەمەیە واتاداربوون. روونتر بڵێین بنەمای پووچەڵکردنەوە واتە دانانی ئەگەری هەڵەبوون لە تیۆریا زانستییەکاندا، بەبێ ئەم ئەگەری هەڵەبوونە، ئیتر بابەتە زانستییەکان لە زانستبوون دەکەون، دەبنە عەقیدە/دۆگما، لەم دۆخەدا ئەگەری هەڵەبوون هەڵناگرن و هەتاهەتایە هەر راست و نەگۆڕ ئەبن، کە ئەمەیش دیارە دوورە لە زانستەوە، چونکە زانست بەردەوام لە گۆڕاندایە و لە دۆخێکدا ناچەقێت، سەرەنجام لای پۆپەر (نەبوونی ئەگەری هەڵەبوون لە بابەتە زانستییەکاندا) دەکاتە (بێواتابوونی ئەو بابەتە زانستییانە)، کەواتا هەرچی زیاتربوونی ئەگەری هەڵە، هەرچی زیاتر زانستییبوون دەگەیەنێت.

نالی: دەست خۆش، تێگەیشتم.

دانەر: با بە نموونەیەک روونی بکەمەوە: زانایەک ئەو گریمانەیەی هەیە کە ئاو لە 100o دەکوڵێت، بەڵام بۆی دەرکەوت کە ئاو لەو پلەیە کەمتر دەکوڵێت، ئەم (بۆ دەرکەوتن)ـە گریمانەکە پووچەڵ دەکاتەوە، ئەو حەقیقەتەی کە زاناکە دەزانێت چ شتێک گریمانەکەی خستووەتە بەر هەڵەبوونەوە و پووچەڵی کردووەتەوە، ئەوە واتا بە بڕیارەوتەکە دەبەخشێت، کەواتا بوونی ئەگەری هەڵەبوون لە هەر تیۆریا و گریمانەیەکدا، واتاداربوونی ئەو تیۆریا و گریمانەیە دەگەیەنێت.
نالی: بەڵێ، لەمەیش تێگەیشتم.

دانەر: زۆر باشە، ئێستا ئەنتۆنی فلو(Antony Flew) ئەم بنەمای پووچەڵکردنەوەیەی پۆپەر بەسەر زمانی ئایینیدا جێبەجێ دەکات، فلو بانگەشەدەکات کە (ئەگەر بە رەهایی لە هیچ بارێکدا کەسی ئاییندار وازی لە باوەڕەکەی خۆی نەهێنا وەک راستی رەها، ئەوە ئیتر هەموو بڕیارەوتەیەکی ئایینی بێواتا دەبێت). واتە ئەگەر کەسی ئاییندار هیچ بواری بۆ هەڵەبوون لە باوەڕەکەیدا دانەنا، ئیتر ئەم باوەڕە ئایینییە بێواتا دەکەوێتەوە، چونکە کراوەتە (باوەڕێکی هەمیشە راست و نەگۆڕ بۆ هەتاهەتایە).

نالی: روون نییە، تێناگەم.

دانەر: سەیرکە، فلو نموونەی باخەوانێک دێنێتەوە، دوو کەس رێیان دەکەوێتە پارچە زەوییەک کە گوڵ و درەختی تێدایە، یەکێکیان دەڵێت:

“ئەم باخچە جوانە دەبێت باخەوانێکی هەبێت. (٥)

ئەوی تریان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نییە کە باخەوانێکی هەبێت، بۆیە بڕیاری ئەوە دەدەن پشتڕاستی بکەنەوە کە باخەوانێکی هەیە یان نا. سەرەتا کامێرا دادەنێن، بەڵام کەسێک لەو ناوە نییە، ئیترکامێراکە هیچ نیشانەیەک تۆمار ناکات.

ئەو کەسەیان باوەڕی وایە دەبێت باخەوانێکی هەبێت، دەڵێت: باخەوانەکە نادیارە. (٦) واتا مرۆڤ ناتوانێت بە چاو بی بینێت.

بۆیە بڕیار دەدەن ئامێری دیاریکردنی جووڵە دابنێن بۆی، بەڵام ئەم ئامێرەیش هیچ زەنگێک لێنادات، هیچ جووڵەیەک تۆمار ناکات. ئەو کەسەی باوەڕی بە بوونی باخەوانەکە هەیە، دیسان دەڵێت:

ئاخر باخەوانەکە بەسەر زەویدا ناڕاوت. (٧)

کەواتە ئیتر هیچ لە باسەکە ناگۆڕێت بۆ ئەو کەسەی باوەڕی بە بوونی باخەوانەکە هەیە، چونکە هێشتا هیچکام لەم (تۆمارنەکردنانە) ناتوانن باوەڕەکەی پووچەڵ بکەنەوە.

نالی: ئەمەیش روونە دەست خۆش.

دانەر: ئێستا سەرنج بدە لە دۆخی ئەو کەسەی باوەڕدارە (بە بوونی باخەوانەکە) لەگەڵ ئەو کەسەی باوەڕدارە (بە بوونی خودا) یان خوداباوەڕە.

ئایینداران دەڵێن:

خودا هەیە.

خودا توانای رەهایە.

خودا خێری رەهایە.

من دەڵێم: بەڵام خۆ ئێمە هەرگیز خودامان نەبینیوە.

ئایینداران دەڵێن:

ئێ باشە، لەبەرئەوەیە کە خودا نادیارە.

من دەڵێم: ئاخر خۆ جیهان شەڕی زۆر تێدایە.

ئایینداران دەڵێن:

ئەوە حیکمەتی تێدایە، خۆی ئەزانێت چی ئەکات.

بۆیە ئیتر ناتوانرێت لە هیچ رەهەندێکەوە (ئەم –باوەڕە- بە خودا) پووچەڵ بکرێتەوە، (چونکە هەرچی بڵێیت، وەڵامێک هەیە بۆی، ئەو وەڵامەیش وا لە باوەڕەکە دەکات کە رەها و نەگۆڕ بێت.) چونکە بنەمای پووچەڵکردنەوە بەم بەکارهێنانەی فلو، دەڵێت، ئەگەر تۆ نەتەوێت لە هیچ بارێکدا پووچەڵکردنەوەی هیچ باوەڕێکی ئایینی خۆت قبوڵ بکەیت، ئەوە هەموو زمانی ئایینی تۆ بێواتا دەبێت.

نالی: لە وتەکانت تێدەگەم، زۆر روونن، بەڵام دانەر، ئەم رووگەیەی تۆ کێشەیەکی گەورەی هەیە.

دانەر: کێشەکە چییە؟ دەکرێت روونی بکەیتەوە؟

نالی: بەڵێ، بەڵام با زیاتر درێژە نەکێشێت، لە پیاسەی دووەمدا باسەکەمان تەواو دەکەین.

دانەر: زۆر باشە، چاوەڕێم..

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 32ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 32| ئەمڕۆ: 1

وتاری هاوشێوە