دکتۆر کامەران موحەمەد
بەشی یەکەم
سەدەی هەژدەیەم حەزێكی لە ئەندازەبەدەری بەردەوامی بۆ لێكدانەوەی ئەزموونی بۆ مێژوو بەخۆوە دی. خودا وەك لە نەریتەكاندا دەبینراو، وەك چاودێریی، خرایە پەراوێزەوە و پشتگوێخرا. بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەمدا فەیلەسوفە ئایدیالیستەكان دژ بەم شێوە ڕاڤەكردنە وەستان و جیهانبینی (ڕۆحی ڕەهایان) لە جێگەی ئەو بیرۆكە نەریتییەی، كە لەبارەی خودا لە ئارادابوو، دانا.
بەچاوپۆشین لەو تێڕوانینە مەسیحییە سادەیەی كە بۆ مێژوو لە ئارادابوو، لە سەدەی نۆزدەدا (ئایدیالیزم) وەك ڕەوتێكی بەهێزی ڕاڤەكردنی مێژوو خۆی نمایشكرد. هەرچەندە ڕیشە سەرەتاییەكانی ئەو ڕەوتە فەلسەفییە بۆ فەیلەسوفی بەناوبانگی یۆنانی (ئەفلاتون) دەگەڕێتەوە. بەڵام ئەگەر بەوردی لەو بزوتنەوەیە ڕابمێنین، كە فەیلەسوفە ئەڵمانییەكان گەیاندیانە ئاستێكی باڵا، ئەوا دەتوانین لە نێویاندا هیگڵ بەو فەیلەسوفە ناوزەد بكەین، كە تەواوی دەسكەوتەكانی ئەو فەلسەفەیەی گەیاندە كۆتاییە لۆژیكییەكەیی و گوزارشتی لە ئەنجامە دیالێكتیكیەكەی كرد. لكاندنی دیالێكتیك بە ئایدیالیزمەوە، كە پێشەنگێتی بە هزر دەدا، هزری كردە پایەیەكی بنەڕەتی فەلسەفەی مێژوو. هەر ئەمەبوو وای لە (هیبولیت و سدنی هوك) كرد، كە پێیانوابێت، فەلسەفەی هیگڵ كۆتایی بە فەلسەفەی عەقڵگەرایی سەدەی هەژدەیەم هێنا و دەروازەكانی فەلسەفەی سەدەی نۆزدەیەمی ئاوەڵاكرد، واتە بووە چەقی گۆڕانی نێوان دوو سەردەم، ئەوەی ئەو ڕاستییەش دەسەلمێنێت، تێرامانە لە هەڵوێستی هیگڵ بەرانبەر بە مێژوو و ژیری.
هیگڵ و میتۆدی لێكۆڵینەوەی مێژوویی:
هیگڵ لە دەسپێكی كتێبەكەیدا (وانەگەلێك دەربارەی فەلسەفەی مێژوو) بەئاگامان دێنێتەوە، كە ئەو نیازی نییە كۆمەڵە تێبینییەكی گشتی دەربارەی مێژوو بخاتەڕوو، بەڵكو دەڵێت: “بابەتی ئەم وانانە مێژووی فەلسەفی جیهانە”. بەلای ئەوەوە بۆ ئەوەی ئێمە لەسەرەتاوە بیرۆكەیەكی ڕوونمان دەربارەی ئەو مێژووە لا دروست ببێت، دەبێت بەپشكنینی ئەو میتۆدانە دەستپێبكەین كە لەو مێژووەیان كۆڵیوەتەوە، گرنگترین ئەو میتۆدانەش بریتین لە:
1) میتۆدی مێژووی بنەڕەتی: ئەم میتۆدە بریتییە لەو شێوازەی كە مێژوونووسێك لە نێو جەرگەی ڕوداوەكانەوە هەڵدەستێت بە نووسینەوە و تۆماركردنیان. واتە مێژوونووس خۆی لەگەڵ ڕوداوەكاندا ژیاوە، (هیرۆدۆت) و (توكیدار) و (زەینەفون) دیارترین شێوەی ئەم نمونەیەن.
2) میتۆدی مێژووی تیۆری: ئەم جۆرەیان ئەو شێوازەی مێژونووسییە، كە مێژوونووس لەنێو ئەو ڕووداوانەدا نەژیاوە كە دەیانگێڕێتەوە، بەڵكو ئەو سەردەمەی كە تێیدا دەژی بۆ سەردەمێكی تر تێدەپەرێنێت و ڕووداوگەلێك دەگێڕێتەوە كە نەیبینیوە و واقیعگەلێك دەنووسێت كە هەر تێیدا نەژیاوە، بۆیە هەڵدەستێت بە كۆكردنەوەی بابەتە مێژووییەكان و پۆلێنكردنیان و دواتر داڕشتنیان.
3) میتۆدی مێژووی فەلسەفی: بەلای هیگڵەوە ئەو دوو شێوازەی نووسینی مێژوویی پێویستیان بە شیكردنەوەی زیاتر نییە، چونكە ڕوون و ئاشكران، بەڵام ڕێگەی سێیەم دەبێت شیبكرێتەوە و بە وردی ڕاڤەبكرێت. لە ڕوانگەی هیگڵەوە دوو شێوەكەی پێشوو دەتوانرێت بە (ماددە)ی نووسینی (مێژووی فەلسەفی) دابنرێت. مێژووی فەلسەفیش بەلای هیگڵەوە، جگە لە لێكۆڵینەوەی مێژوو لە میانەی هزردا شتێكی دیكە ناگەیەنێت، لەبەرئەوەی مێژوو بریتییە لە مێژووی مرۆڤ و هزریش سەبارەت بە مرۆڤ ئەو تایبەتمەندییە گەوهەرییەیە كە لە بوونەوەرەكانی دیكەی جیادەكاتەوە. لێرەوە مێژووی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەگەڵ دەسپێكردنی هۆشیاریدا نەبێت دەستپێناكات، بۆیە ئەو كۆمەڵگا سەرەتاییانەی كە پشت بە ئەفسانەكان دەبەستن نابنە بەشێك لە مێژووی مرۆڤ. دواتر مەرجی یەكەم ڕادەگەیەنێت كە دەبێت لە فەلسەفەی مێژوودا ڕەچاوبكرێت، ئەویش بریتییە لە سەلماندنی هەموو ئەوەی كە مێژووییە، واتە بە هزرو داهێنانگەلێكی خودیی و (پێشوەخت)ەوە ڕووبەڕووی ڕووداوە مێژووییەكان نەبینەوە، وەك ئەوەی جولەكەكان لەگەڵ خۆیاندا كردیان، بەو بانگەشەیەی كە ئەوان (گەلی هەڵبژاردەی خودان) و ڕاستەوخۆ لە خوداوە فێردەبن و ئەو مەعریفەیەكی تەواوی دەربارەی كۆی یاسا سروشتی و ڕاستییە ڕۆحییەكان پێبەخشیون. لەوە زیاتر دەڕۆن و وا دادەنێن خودا بە زمانی عیبری لەگەڵ (ئادەم) دوواوە، تا بەوە زمانەكەیان بكەنە (زمانی هەڵبژاردەی خودا). هەروەها لەو گێڕدراوە ئەفسانەییانەی كە یۆنانییە كۆنەكان بانگەشەیان بۆ دەكرد، ئەوەبوو كە خواوەندەكانی (ئەسینا) شارەكەیانی دامەزراندووە، ئەمە ئەو چیرۆك و ڕووداوە ئەفسانەییانەیە كە مێژوونووسان دایدەهێنن و تێكەڵ بە ڕووداوەكانی مێژووی دەكەن.
سەرچاوە: دەقاودەق لە کتێبی: فێرنان بڕۆدێل و گوتاریی مێژوویی، بەڕێوبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٢، ل ٢٩-٣٢. وەرگیراوە.








