٢-٢

هەنگاوی سێیەم:

پێگەی فرێگە و خستنەڕووی ئیشەکانی بە ئینگلیزی لەلایەن راسڵەوە

زۆرجار بەها و گرنگێتی بابەت و رووداوەکان کاتێک هەستیان پێدەکرێت کە تێپەڕیون. لەم رووەوە ژمارەیەکی کەم لە خەڵک لەو کاتەدا درکی کارەکانی فرێگەیان کردبوو. راسڵ بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە گرنگیپێدان و ئاماژەکردن بە فرێگە یەکەم کەس بووە. بانگەشەکەی راسڵ لەم لایەنەوە هەڵە بوو، بەڵام لە لایەکی ترەوە راست دەکات کە ئەو یەکەم کەس بوو لە خستنەڕووی فەلسەفەی فرێگە بە زمانی ئینگلیزی، هەر لەم رێگەیەشەوە بوو کە ڤیتگنشتاین بە ئیشی فرێگە ئاشنا بوو.

باندۆری فرێگە لەسەر راسڵ و(زۆرتریش لەسەر)ڤیتگنشتاین نادیدە گیرا، تا دوای دووەم جەنگی جیهانی، هەروەها کارەکانی فرێگە لە قۆناغی سەرەتایی مێژووی فەلسەفەی شیکاریدا پشتگوێ خرابوون. تەنانەت ئەمڕۆیش، ئەو هەندێجار هێشتا هەر کەنار دەخرێت، بەڵام کۆدەنگی لەم زەمینەیەدا بێشک ئەو لە دڵی فەلسەفەی شیکاریدا دادەنێت.

ئەگەر هەر شتێک هەبێت تا خەسڵەتەکانی فەلسەفەی شیکاری بخاتەڕوو، ئەوا ئاشکراترین وەسفێک هەروەک لە ناوەکەیەوە دیارە، بریتییە لەو رۆڵەی کە خودی شیکاری دەیگێڕێت. هەروەک پێشتر باسکرا، فەلسەفەی قۆناغی سەرەتای راسڵ و مۆر شیکاری بوو، بەو پێیەی شیکاریکردنی بڕیارەوتەکان سەنتەری میتۆدناسیی ئەوان بوو.

هەنگاوی چوارەم:

 (تیۆریای وەسف)ی بێرتراند راسڵ

تیۆریای وەسف(The Theory of Descriptions)ی راسڵ ئاسۆیەکی نوێی بە رووی فەلسەفەدا کردەوە، ئەویش بۆ روونکردنەوەی فۆرمی لۆجیکیی’ واقیعی’ ی بڕیارەوتەکان، ئەمەش بۆ (دۆزینەوەی بونیادی بنچینەیی پێکهاتەی جیهان) و چارەسەری گێژاوی فەلسەفی) کە لە هەڵەتێگەیشتنی لۆجیکی زمان و هزرەوە سەری هەڵداوە.) راسڵ بە گەشەپێدانی بیرۆکەکانی پەیوەست بە ‘سیمبولە تەواونەکراوەکان’ و ‘داستانە لۆجیکییەکان’ هەوڵی پەرژاندنی تیۆریاکەی دەدا بۆ نەهێشتنی ئەو هاودژییانەی کە بۆ پڕۆژە لۆجیکییەکەی هەڕەشە بوون، ئەمەش دواتر وەرچەرخا بەوەی خۆی پێی دەوت ‘بونیادی لۆجیکی’.

هەنگاوی پێنجەم:

ئێدوارد مۆر و کارەکانی

لە دیدی مۆریشدا سەبارەت بە شیکاری، گەشەکردن لە ئارادا بوو. تێگەیشتنی مۆر لە قۆناغی سەرەتادا کە لە کتێبی(Principia Ethica)دا دەردەکەوێت؛ لەو هێرشانەیدا بۆ سەر چەواشەکاریی سروشتگەرایی و هەروەها بۆچوونی خۆی دەربارەی ئەوەی کە نەبوونی هاوڕایی فەلسەفی لە جیانەکردنەوەی پرسیارە تێکەڵەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. دوای ئەوەی کە دیدی مۆر ئاڵۆزتر دەبوو. بۆ نموونە مۆر پشتگیریی وەسفوسەنای رامسی (Frank Ramsey) دەکرد دەربارەی (تیۆریای وەسف)ی راسڵ، بەڵام خۆی پشتگیریی هیچ پڕۆژەیەکی سیستەماتیکی نەکرد وەک ئەوەی راسڵ کردی. هەروەها مۆر کاریگەریش بوو بە تراکتاتۆسی ڤیتگنشتاین، مۆر لەسەر ئەوە سوور بوو کە کەسێک دەتوانێت لە مانای دەربڕینێک تێبگات بەبێ ئەوەی بتوانیت شیکارییەکی دروستی ماناکەی بکات. ئەمەش وای لە مۆر کرد بتوانێت لە(A Defence of Common Sense)دا بانگەشەی ئەوە بکات کە هەندێک حوکمی ئەقڵی سەلیم دەکرێت راست بن بێ ئەوەی کەسێک شیکارییەک بۆ ئەو حوکمە شک ببات. هەمان بۆچوون ژێرخانی ئەو کتێبەیەتی بە ناوی  (Proof of an External World)

هەنگاوی شەشەم:

کامبریج و بڵاوکردنەوەی دەستەواژەی فەلسەفەی شیکاری

هزری راسڵ و مۆر و ڤیتگشتاین هەموو پێکەوە هاوکار بوون لە پێکهێنانی ئەوەی کە بە (قوتابخانەی شیکاریی کامبریج) ناسرا، ئەمەش لە ساڵانی ١٩٣٠یەکاندا گەیشتە لوتکەی کاریگەریی خۆی. ئیتر بەم جۆرە تێدەگەین کە جگەلە راسڵ و مۆر و ڤیتگنشتاین، ئەمانە رەمزەکانی تری کامبریج بوون؛

چارلێ دەنبار برۆد/سی دی برۆد C. D. Broad: (1887-1971)

فرانک رامزیFrank Ramsey:  (1903-1930)

جۆن ویسدمJohn Wisdom: (1904-1993)

سوسان ستـێـبـینگSusan Stebbing: (1885-1943)

گۆڤاری (Analysis)لە ساڵی ١٩٣٣ دا دامەزرا، لە لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارە و لە وتارەکانی نێو (وەقائیعی کۆمەڵەی ئەرەستۆیی  Proceedings of the Aristotelian Society)دا دیبەیت و گفتوگۆی زیندوو دەکرا دەربارەی سروشتی شیکاری و ئەو نموونانەی لە بوارەکەدا بەرباس و جێئاماژە بوون. ئیدی ئەوەش بۆ خۆی رێز و سەنەدێکە کە بۆ یەکەم جار لەلایەن قوتابخانەی کامبریجەوە دەستەواژەی ‘ فەلسەفەی شیکاری’ بەکار برا.

تراکتاتۆس-ی ڤیتگنشتاین تاکە گرنگترین باندۆر بوو لەسەر قوتابخانەی کامبریج، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی لە قۆناغی سەرەتای فەلسەفەی شیکاریدا بە دەقی کلیلی دادەنرێت، فەیلەسوفانی نەوەی دواتریش لە فەلسەفەی شیکاری هەر بەم دەقە کاریگەر بوون. ڤیتگنشتاین لە پێشەکی تراکتاتۆسدا دەڵێت: “هەرچییەک بکرێت بگوترێت دەکرێت بە روونی بگوترێت، ئەوەی مرۆڤ نەتوانێت لەبارەیەوە بدوێت دەبێت لێی بێدەنگ بێت.” لە کۆتایی تراکتاتۆسدا ڤیتگنشتاین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بڕیارەوتەکانی تراکتاتۆس بێواتان، کەسێک کە بیەوێت تێیان بپەڕێنێت دەبێت وەک پەیژە بەسەریاندا بڕوات و دواتر کە سەرکەوت ئەودەم جیهان بە دروستی دەبینێت .راڤیارانی نەریتی، (بابەتی بێواتا) لای ڤیتگنشتاین وەک (رۆشنایی) لێکدەدەنەوە، کە بۆ دەربڕینی حەقیقەتە نەوتەنییەکانی زمان و لۆجیک و جیهان بەکاربراوە. هەرچەند لەم ساڵانەی دواییدا خوێندنەوی وەک ‘دەرمانی’ و…هتد یەخانگیری خوێندنەوە نەریتییەکە بوونەوە، ئەمەش باسوخواسی زۆری لێکەوتەوە.

هەنگاوی حەوتەم:

قۆناغەکانی گەشەی فەلسەفەی شیکاری

قۆناغی یەکەم:

کتێبی تراکتاتۆس-ی*** ڤیتگشتاین دەکرێت بە لوتکەی قۆناغی سەرەتای فەلسەفەی شیکاری دابنرێت. ڤیتگنشتاین هەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵیت کە قەرزداری کارە مەزنەکانی فرێگە و نووسینەکانی هاوڕێم بەڕێز بێرتراند راسڵ-م، ئەمە بۆخۆی پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە فرێگە یەکێکە لە بونیادنەرانی نەریتی شیکاری، هەروەها پۆلێنکردنی داهێنانەکەی فرێگە واتا لۆجیکی کوانتیفیکەیشن بە تەنیشت شۆڕشەکەی مۆر و راسڵەوە دژی ئایدیالیزمی بەریتانی وەک دوو گرنگترین رووداوی دەرکەوتنی فەلسەفەی شیکاری دێنە ئەژمار. لە تایبەتمەندی فەلسەفەی شیکاری ئەوە بوو کە گەشەکردنەکەی پلەپلە بوو هەروەها لقوپۆی لێدەدا، لەم میانەیشدا هزرینەکانی فرێگە، مۆر، راسڵ و ڤیتگنشتاین بەردەوام دەپەرژێندران، رەخنەدەکران، فراوان دەکران و رادەگوێزران. بۆیەش خودی راسڵ و مۆر و ڤیتگنشتاین رۆڵێکی گەورەیان لەم گەشەکردنەدا دەگێڕا.

قۆناغی دووەم:

لە قۆناغی دووەمی گەشەی فەلسەفەی شیکاریدا، بازنەیەکی فراوانتر لە فەیلەسوفانی نەوەی دواتر لەگەڵ راسڵ و مۆر و ڤیتگنشتایندا یەکیان گرتەوە، ئیدی ئەم فەیلەسوفانە پاشخان و ئارەزووی جیاوازیان هەبوو، هەروەها خاوەنی گوتار و هزری نوێ بوون، نەک تەنها بۆ وەڵامدانەوەی دیدە فەلسەفییەکانی پێشوو، بەڵکو بۆ پێشکەوتنەکانی دواتری بواری لۆجیک، بیرکاری، زانست و بوارەکانی دیکەش. پێشتریش ئاماژەمان دا بە کاری قوتابخانەی شیکاریی ئۆکسفۆرد) لە ساڵانی ١٩٢٠ـەکان و ١٩٣٠ـەکاندا. سەرهاتی فەلسەفەی شیکاری ئیتر لە بەریتانیا بەسادەیی دەستی پێکرد، دوای دووەم جەنگی جیهانییش گەیشتە ئۆکسفۆرد و ئەوە بوو بە(فەلسەفەی زمانی ئاسایی) ناودێرکرا، لە رووخسارە دیارەکانی ئەو دەمەیش؛

گیلبێرت رایل (1900-1976) Gilbert Ryle

جەی. ئێڵ. ئۆستین (1911-1960) J. L. Austin

پی. ئێف. ستراوسن P. F. Strawson  (1919-2006)

سەرچاوە و پەرواێزەکان:

تێبینی: ناوەڕۆکی ئەم نووسینە لەم سەرچاوەیەوە وەەگیراوە:

*Beaney, Michael, ed. The Oxford Handbook of the History of Analytic Philosophy. Oxford: Oxford University Press, 2013.

**دەستەواژەی (oxymoron)کۆکردنەوەی دوو وشەی دژە لە یەک دەربڕیندا، وەک؛ ئاگری سارد، مێژووی سبەی، واتا هێندەی نەگونجاویی دەستەواژەی ئاگری سارد، خستنەپاڵیەکی مێتافیزیک و شیکاری-یش هێندە بەلایانەوە نەگونجاو بوو، بۆیە دەیانوت (مێتافیزیکی شیکاری) دەستەواژەیەکی ئۆکسیمۆرۆنە، وەک گاڵتەکردن بە دەستەواژەکە.

***کتێبی تراکتاتۆز لۆجیکۆ-فیلۆسۆفیکۆس” (Tractatus Logico-Philosophicus) کە زۆرتر بە کورتکراوەیی بە تراکتاتۆز دەناسرێت، تەنیا کتێبی فەیلەسوفی گەورەی نەمساوی، لودڤیگ ڤیتگنشتاین بوو کە خۆی لە ژیاندا بوو بڵاوکرایەوە (ساڵی ١٩٢١). ئەم کتێبە بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین دەقە فەلسەفییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 10ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە