١-٢

هەنگاوی یەکەم:

بارگۆڕینی فەلسەفی

فەلسەفەی شیکاری لەم سەردەمەدا وەک سامان و نەریتێکی زاڵی فەلسەفی لە جیهانی ئینگلیزی-زماندا تەماشادەکرێت، لانیکەم لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە ئەم ئاستەی گرتووە.* بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو کاریگەرییەکی دانەبڕاوی لەسەر جیهانی نائینگلیزی-زمانیش داناوە. یەکێک لە نیشانەکانی پەلوپۆهاویشتنی لە جیهاندا، کۆمەڵەکانی فەلسەفەی شیکاری بوو. ئەو فراوانییەی نەریتی شیکاری نەک هەر رێگر نەبوو کە ببێتە فەلسەفەیەکی هەمەگیر لە ئامانج و میتۆد و دیدگادا، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لەچاو رۆژگاری سەرەتایدا، ئێستا مەودایەکی بەرینتری لە رووی پێگە، گوتار و ئایدیاوە هەیە. ئیتر هەر لە بنەڕەتی گرنگیپێدان بە پرس و بابەتە مەعریفی و مێتافیزیکییەکانەوە بیگرە بۆ فەلسەفەی لۆجیک و ماتماتیک (سەبارەت بە بێرتراند راسڵ) و ئەخلاق و تیۆریای حوکم (سەبارەت بە جۆرج ئیدوارد مۆر) و لێرەشەوە پەلی هاویشت بەرەو وەرچەرخانی زمانەوانی(ئەمەش یەکەم جار کاری ڤیتگنشتاین بوو) هەتا هەموو بوارەکانی فەلسەفەی گرتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە بابەتەکانی فەلسەفەی زمان، لۆجیک، ماتماتیک، زەین، زانست و ئەخلاقی شیکاری شادەماری فەلسەفەی شیکاری پێکدەهێنن، بەڵام هاوکات کۆمەڵێک بواری تریش لەخۆدەگرێت، وەک؛ ستاتیکای شیکاری، مارکسیزمی شیکاری، فێمینیزمی شیکاری، ئیلاهیاتی شیکاری و…هتد. ئیتر لە زۆر بواردا هەم ئاوەژووبوونەوە و هەم هەمەڕەنگی زۆر دەرکەوتن. یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی فەلسەفەی شیکاری لە قۆناغی سەرەتادا (پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی) بوو کە بنەماکەی لەسەر رەتکردنەوەی مێتافیزیک راوەستابوو.

ئاماژەمان بۆ کرد کە (پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی) بنەماکەی لەسەر رەتکردنەوەی مێتافیزیک راوەستاوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، مێتافیزیک بووژانەوەیەکی بە خۆوەدی، ئەگەرچی فەیلەسوفانی پێشینی شیکاری دەستەواژەی مێتافیزیکی شیکاری  (analytic metaphysics) وەک *(oxymoron)*ێک تەماشایان دەکرد، بەڵام ئێستا ئەم چەمکە واتا(مێتافیزیکی شیکاری) بووە بە لقەناونیشانێکی رێزلێگیراو و ناسراو. بە گریمانەی ئەوەی کە دیارە و بەرچاوە، فەلسەفەی شیکاری بەرهەمی کاردانەوەیە بەرامبەر فۆرمەکانی ئایدیالیزمی کانتی و هێگلی، هێشتا کانتیانیزمی شیکاری بۆ چەندین ساڵە گەشەدەکات و خۆدەنوێنێت، تەنانەت ئێستایش لە فەلسەفەی شیکاریدا قسەوباسێک هەر لەئارادان سەبارەت بە پێشڕەویکردن لە فۆرمی کانتییەوە بۆ فۆرمی هێگلی. بەشێوەیەکی گشتی دیاردەناسی وەک رکابەرێکی نەریتی شیکاری تەماشای دەکرا، تەنانەت دیاردەناسیی شیکاری و بە تایبەت دیاردەناسیی شیکاری زەین(analytic phenomenology of mind) هەم رەونەقێکی هەیە و هەم خاوەنی پێگەیەکی پتەوە لە سەدەی بیست و یەکدا.

بە واتایەکی زۆر گشتگیر و خەمڵاندنێکی بنەڕەتی، دەتوانین بڵێین فەلسەفەی شیکاری نەریتێکە لە کارەکانی گۆتلۆب فرێگە، بێرتراند راسڵ، جۆرج ئیدوارد مۆر و لودویگ ڤیتگنشتاین-ـەوە سەرچاوەی گرتووە.

هەنگاوی دووەم:

ریشەکانی فەلسەفەی شیکاری

زۆرجار یاخیبوونی راسڵ و مۆر دژ بە ئایدیالیزمی بەریتانی وەک نیشانەی لەدایکبووبی فەلسەفەی شیکاری تەماشادەکرێت. سەبارەت بە راسڵ بنەماکانی بیرکاری یەکلاکەرەوە و جێبایەخی ئەو بوو. دوای ئەوەی سەرەتا بەشێوەی لاقرتێ بەشان و باڵی هێگلیزمی نوێدا پیاهەڵدانی دەکرد، دەرەنجام گەیشتە ئەو باوەڕەی کە تەنها بە رەتکردنەوەی بنەمای هیگلیزمی نوێ سەبارەت بە (پەیوەندییە نێوخۆییەکان) دەتوانرێت کردەیەکی بیرکاری تەواو مسۆگەر بکرێت. (بڕیارەوتە پەیوەستەکان) بنەمان لە بیرکاریدا، لای راسڵ پەەیوەندییەکان دەبێت وەک دانەی پێکهێنەری بڕیارەوتەکانی کەتوار/واقیع (واتا کەتوارێکی سەربەخۆ و سادە) مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت تا بیرکاری لە حەقیقەت پێکبێت.

بەڵام ئەوەی بۆ مۆر یەکلاکەرەوە بوو، ناڕازیبوونی ئەو بوو لە ئایدیالیزم لەسەر (سەربەخۆیی شت و زەین). مۆر گەیشتە ئەو باوەڕەی کە جیهان بە تەواوی مانا، لە چەمکەکان پێکهاتووە. بڕیارەوتەکان جگە لە چەمکی ئاڵۆز هیچی دی نین. لای مۆر تێگەیشتن لە بڕیارەوتەکان دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە چەمکەکانی پێکهێنەری بڕیارەوتەکان رێک دەربارەی ئەو واقیعەن.

پاشان راسڵ و مۆر هەردووکیان دێن و جۆرێک لە (واقیعگەرایی کاڵ/خام) بوناید دەنێن، ئەمەش دەبێتە دڵی یاخیبوونەکەیان دژی ئایدیالیزمی بەریتانی.

لە کتێبی (My Philosophical Development) راسڵ دەرباری ئەو یاخیبوونەیان، واتا (فەلسەفەی نوێی خۆی و مۆر) دەدوێت، دەڵێت: هەرچی باس و دۆزینەوەیەکمان هەبوو جەخت کردنەوە بوو لە رۆڵی شیکاری. راسڵ لە یەکەم پاڵپشتی خۆیدا بۆ(لایبینتس) ی فەیلەسوفی ئەڵمانی کە وەک حەقیقەتێکی ئاشکرا بانگەشەی بۆ کرد، وتی” دەبێت هەموو فەلسەفەیەکی دروست لە شیکاری بڕیارەوتەکانییەوە دەستپێبکات”.

سەبارەت بە مۆر، ئەم بابەتی شیکارییە بریتییەلە شیکاریی بڕیارەوتەکان بۆ چەمکەکان، ئەمەش لە چاپتەری یەکەمی کتێبی(Principia Ethica)دا رۆڵی خۆی وازی دەکات، لەم کتێبەیدا مۆر ئارگیۆمێنت دەدات کە چەمکی “چاکە” دەرەپێناسەیە، چاکە هەرئەوەیە کە هەیە، ئەوەی چاکە دەلالەتی لێدەکات پارچەی بچووکتری نییە و لە توانادا نییە بەشبەش و شیکاری بکرێت.

ئێستا بەرچاوڕوونییەکمان هەیە، ئەوەیە کە فەلسەفە نوێیەکەی راسڵ و مۆر پێی دەوترێت’شیکاری’، کرۆکی میتۆدەکەیشیان بریتییەلە شیکاریی بڕیارەوتەکان. ئەمە لای مۆر پێی دەوترا شیکاریی چەمکی، بەڵام بۆ راسڵ بابەتەکە هێندێک ئاڵۆزترە. مۆر و راسڵ هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە ئامانجی فەلسەفەی شیکاری لە دۆزینەوەی بنەما بنەڕەتییەکانی بڕیارەوتەکاندا خۆی دەبینێتەوە، راسڵ بەرنامەیەکی فراوانتری بۆ تێگەیشتن لەمە هەبوو، ئەویش بە ناوی شیکاریی لۆجیکی. ئەوەی لێرەدا دەخرێتەڕوو؛

یەکەم: دانەی پێکهێنەری لۆجیکیی بڕیارەوتەکان و نەگۆڕەکانی لۆجیکە.

دووەم: کە زۆر گرنگترە؛ خودی بڕیارەوتە لۆجیکییەکان خۆیان.

سێیەم: زۆر گرنگترە؛ ئەویش بڕیارەوتە بنچینەییەکان یان بنەماکانی لۆجیکن کە هەموو بڕیارەوتەکان دەکرێت لەمانەوە دابڕێژرێن.

ئەمە کرۆکی ئایدیای راسڵ بوو لەو ئیشەیدا بە ناوی (بنەماکای بیرکاری) لە ساڵی ١٩٠١دا، کاتێک بۆ یەکەم جار پڕۆژەی لۆجیکگەرایی خۆی راگەیاند، پڕۆژەی نیشاندانی ئەوەی کە چۆن دەکرێت بڕیارەوتەی بیرکاری لە بڕیارەوتەی لۆجیکیی پوختەوە دابڕێژرێت.

ئەوەی لۆجیکگەرایی کردە بابەتێکی کردەیی، ئافراندنی لۆجیکی مۆدێرن بوو، کە هێزێکی گەورەی بە گەشەی فەلسەفەی شیکاری بەخشی. ئیتر لێرەوەیە کە ناوی گۆتلۆب فرێگە دێتەناو داستانەکەوە و ناچارمان دەکات وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی شیکاری بیناسین.

فرێگە لۆجیکی کوانتیفیکەیشنی داهێنا، لەگەڵ ئەوەشدا کە راسڵ ئەم لۆجیکەی فرێگەی لەسەردەستی جوسێپێ پیانۆ خوێندبوو، بەڵام لەبری نووسینەکانی فرێگە ئەوانەی پیانۆی هەڵبژارد، تا ئیشی لەسەر بکات، بێگومان راسڵ جارێک بە تەواوی نووسینەکانی فرێگەی خوێندبووەوە، ئەمەش دوای تەواوکردنی کتێبەکەی (بنەماکانی بیرکاری) لە مانگی ٥ی١٩٠٢دا، راسڵ لە هەردووکیانەوە واتا فرێگە و پیانۆوە فێربوو، هەروەها بە رەخنەگرتنیش لە هەندێک بیرۆکەی کلیلی فرێگە، گەشەی بە پێگەی خۆیدا.

هەروەها فرێگە جێکەوتی لەسەر ڤیتگنشتاین هەبوو، دۆزینەوەی هەندێک کێشە لە کارەکانی فرێگە و راسڵدا پاڵنەری قۆناغی سەرتایی بیرکردنەوەی ڤیتگنشتاین بوو، ئەوە بوو کە ڤیتگنشتاین هەندێک لە گریمانەکانی ئەوانی وەرگرت و هەندێکیشیانی رەخنەکرد. لەبەر ئەم پێگە و ئەنجامەیە کە دەبێت فرێگە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی شیکاری هەژمار بکرێت. بەڵێ، ئەوە راستە کە یاخیبوونی مۆر و راسڵ دژ بە ئایدیالیزمی بەریتانی سەربەخۆ بوو، بەڵام بەرهەمەکانی دواتری راسڵ و بیرکردنەوەی ڤیتگنشتاین ریشەیەکی گرێدراو و جیانەکراوەیان هەیە بە بۆچوونەکانی فرێگەوە.

داهێنانەکەی فرێگە، واتا لۆجیکی کوانتیفیکەیشن و شۆڕشەکەی راسڵ و مۆر دژ بە ئایدیالیزمی بەریتانی، دوو گرنگترین رووداوی دەرکەوتنی فەلسەفەی شیکارین، رووداوگەلێکی تر هەن کە ریشەیان لەنێو ئەو ئایدیا و دەستکەوتانەدایە کە وابەستەن بە قۆناغی سەرەتای فەلسەفەی شیکارییەوە، وەک؛

١.شیکاریی لۆجیکییانەی فرێگە بۆ دەستەواژەی لۆجیکی ژمارەیی.

٢.رەخنەی مۆر لە سروشتەگەرایی.

٣.تیۆریای وەسف و تیۆریای جۆر-ی راسڵ.

٤.هەروەها تێگەیشتنی ڤیتگنشتاین لە بڕیارەوتەکان وەک تۆتۆلۆجی.

تێگەیشتنێکی قووڵتر لە رەگوڕیشەی فەلسەفەی شیکاری نیازمەندی ناسینی بەها و پێشینەی ئەم رووداوانەیە؛

سەبارەت بە پاشخانی ئەڵمانی: لە رووی فەلسەفی و زانستییەوە؛ ئیشەکانی فرێگە و ڤیتگنشتاین.

سەبارەت بە پاشخانی بەریتانی: شۆڕشەکەی راسڵ و مۆر.

لەلایەکی تریشەوە پاشخانی ماتماتیکی و لۆجیکیی پڕۆژەکانی فرێگە و راسڵ.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 10ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە