تێبینی؛
یەکەم: ئەم بابەتە ئامۆژگاری نییە، با هەر لە سەرەتاوە ئەو چاوەڕوانییەتان لێی نەبێت و وتەکانمان بەو ئاقارەدا نەڕوات.
دووەم؛ کە دەڵێم (عەقیدە) و (ئیمان) مەبەستم عەقیدە و ئیمانی هیچ ئایینێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو مەبەستەکەم (عەقیدە) و (ئیمان)ـە بەگشتی.
خوێندنەوەی دوو چەمک؛ لەژێر رۆشنایی یەک قوتابخانەی فەلسەفی، قوتابخانەی (فەلسەفەی شیکاری)، لەم قوتابخانەیەشدا دەچینە نێو (فەلسەفەی زمان)ـەوە، لەوێشدا دەچینە لای فەیلەسوفی بلیمەت و دیاردەی سەیری ناو ئەقڵی مرۆڤایەتی ڤیتگنشتاین، لای ئەمیش سوود لە دوو دەربڕین وەر دەگرین، کە بریتین لە (وتن) و (پیشاندان).
لە فەلسەفەی زماندا و لای ڤیتگنشتاین دوو دەربڕینمان هەیە؛ وتن و پیشاندان.
ڤیتگنشتاین دەڵێت: هەندێ بابەت دەوترێن، هەندێکیش پیشان دەدرێن.
ئایا عەقیدە بابەتی پیشاندانە؟ جیاوازییەکەی چییە لە ئیمان؟ دەکرێت بڵێین عەقیدە رەهەندە تیۆرییەکەی ئیمانە، ئیمانە وەک نووسین، ئیمانە وەک زانیاری، تەنانەت دەکرێت بڵێین ئیمانە وەک زانست، هەر وەک چۆن زانست دەکرێت بگاتە دەستی هەموو کەسێک، وردتر بڵێین هەموو کەسێتییەک، بە چاک و خراپەوە! بۆچی هەموو جۆرە کەسێتییەک، چونکە عەقیدە دەکرێت وەک داتایەک، کۆمەڵێک رێسا و یاسای نووسراو بیخوێنینەوە، دەستاودەست وزەیناوزەین بگوازرێتەوە بە بێ ئەزموونکردن، هەر بابەتێکیش تەنها لە جیهانی وتندا قەتیسی بکەین، ئیتر دەبێتە موڵکی هەمووان، کورد وتەنی هەموو کەس پێی دەوێرێت.
ئیمان وەک پیشاندان؛
دەکرێت بڵێین کە ئیمان عەقیدەیە، بەڵام لە ساتی ئیشکردن و دۆخی کردەوەدا، گوفتار و نووسینە و کراوەتە کردار، ئیمان عەقیدە و مرۆڤە لە دەمی کارکردندا، عەقیدەیە، بەڵام ئیتر کتێب و قسەی جێهێشتووە، رێک چووەتە رەوشی پیشاندانەوە، عەقیدەیە، بەڵام بووە بە رەوشت، مامەڵەیە، عەقیدەیە و داگیرساوە، ئیتر وادەڵێم و وادەڵێنێک لە ئارادا نییە، لە جیهانی ئیماندا چیتر باسێک لە وابکە و وامەکە نییە، بەڵکو دەبێت بڕوانیت، لەم دۆخەدایە ڤیتگنشتاین دەڵێت:” بیرمەکەرەوە، سەیرکە”، نالی گوتەنی:
بنواڕە نەوبەهار و فتوحاتی گوڵشەنی…
واتا چاو بکەرەوە، چیتر تیۆریزە مەکە، تۆ کە هەموو ژیانت سەرفی ئەوە بکەیت کە پلان دابنێیت کە (چی) بکەیت، ئەی کەی ئەو (چی)یە دەکەیت؟ کتێب نووسین بەسە، چیرۆکی ئیمان کارێکمان بۆ ناکات، دەبێت ئیمان ببینین، حیکایەتخوانی تاکەی، مەولانا گوتەنی؛
“گوشم شنید قصە ایمان و مست شود،
کو قسمت چشم صورت ئیمانم آرزوست”
بەڵێ ئیمان دەرگیربوونە، زانیاری نییە، داتایەکی سارد و سڕ نییە، زانستێک نییە من بیزانم، بەڵام هیچ باکم نەبێت بەرانبەری. دەکرێت من زانایەکی زۆر بە توانای بۆ نموونە؛ بایۆلۆجی بم، بەڵام لە ژیانمدا هیچ باکم لە ئەخلاق نەبێت.
لە کاتی ئیمانداریدا ناکرێت ئیمان و ئیماندار لێک جیابکەینەوە، چونکە ئەو دوانە لە کردەوەی ئیمانیدا دەبنەوە بەیەک، رێک ئەمەیە کە ڤیتگنشتاین دەڵێت: ئیمان بابەتی وتن نییە، بەڵکو دەبێت پیشان بدرێت.








