(وتارێک لەبارەى حەج لە روانگەى عاریفانەوە)*

ن: ئارەشى نەراقى

و: یاسین حەمەسەعید

(بەشى یەکەم)

     لە نێو پەرستشەکاندا حەج زێتر لە هەموو پەرستشێکى تر (پێچەوانەى نەریت- دژەباو)ە. وەک ئەوەى حافیزی شیرازی لە بارەى (پێچەوانەى نەریت)ەوە فێرمان دەکات کە دەڵێت: نهێنیەکى تێدایە و تاکەکەس بە مورادى دڵ دەگەیەنێت.

    ئەگەر کەسێک دەیەوێت رۆحى تەڕ و ناسک ببێتەوە و لە جیهانى مانادا پەیوەندى دروست بکات، دەبێت بە ئاراستەى (پێچەوانەى نەریت)ەوە هەوڵ بدات یان دژەباو بێت، واتە لە چوارچێوەى دووبارە و باوە خەفەتهێنەرەکانى ژیانى رۆژانە بچێتە دەرەوە و تێیان پەڕێنێت. ئەم ئەزموونەش رۆحى کەسەکە پڕ لە ناسکى و نوێبوونەوە دەکات.

     لە حەجدا (پێچەوانەى نەریت) گەلێک زۆرە. لەم مەراسیم و فەریزەیەدا شێوازى ژیانى کەسەکە لە بنەڕەتەوە گۆڕانکارى بەسەردا دێت. بەپێچەوانەى پرۆسەى باوى رۆژانى پێشووترى لە جۆرێکى ترى ژیان کە لەسەر بنەماى مەعنەویەتگەرایی و گرنگی پێدانى بەردەوامە بە مەحبوب و مەعشوق، بە شێوەیەکى هێمایی بەشدارى دەکات. و ئەمەش لە خۆیدا ئەزموونێکى نوێبوونەوە و چێژبەخشیشە.

     لەم درفەتەدا کە هەمە و سوودى لێوەردەگرم، پێم باشە بە کوورتى ماناى (حەج) لە روانگەى عاریفان و بە تایبەتى حەزرەتى مەولانا باس بکەم. بەڵام بەر لەوە پێم باشە بەکوورتى روونى بکەمەوە کە بۆچى لە بنەڕەتدا لە چوارچێوەى ئایین و ئاسمانى جیهانی مانادا بڕێک مەناسیک و پەرستش دانراون و لە ئێمەى مرۆڤ ویستراوە ئەو مەناسیک و شەعایرانە جێەجێ بکەین،  و لە بنەڕەتدا چیەتى ئەم ئاداب و مەناسیکانە کە لە چوارچێوەى جۆرەها پرستشدا خۆیان دەنوێنن، چین؟.

***

     لە ئیمامى عەلیەوە دەگێڕنەوە کە ئیمان سێ پایەى هەیە: پایەیەکى پشتڕاستکردنەوەیەکە لە دڵەوە، پایەى دووەم: وتنى زارەکى و دانپیانانى زمانیە و سێیەمیش: بریتیە لەوەى کە بە کردارى و بە ئەندامەکانمان ئیمان بنوێنین. لەم روانگەوە ئەزموونى ئیمانى وەک ئەزموونى عاشیقیە. مرۆڤ کاتێک عاشیق دەبێت دۆخێکى بەچێژ لە ناخى گیان و دڵیدا هەست پێدەکات. بەڵام عاشیق خۆ توانا و تەحەمولى خۆشاردنەوە و دەرنەبڕینى هەستەکانى بۆ مەعشوقى نیە، واتە درەنگ یان زوو نهێنى دڵی خۆى لەگەڵ مەحبوبدا و بەڵکو لەگەڵ جیهان و هەموو مرۆڤەکاندا دەدرکێنێت.

     بەلانى کەمەوە عاشقێکى راستگۆ دەبێت عیشقەکەى خۆى بۆ مەحبوب بە زمانى دەرببڕێت. وتنى (خۆشم دەوێیت) کە بەشێکە لە پرۆسەى عاشیقى. بەڵام خۆ ئەمە کۆتایی ئەم داستانە نیە. عاشیقى راستگۆ دەبێت بە کردارى عیشقى خۆى پیشان بدات. ئێوە ناتوانن بە کەسێک بڵێن من عاشقى تۆم، بەڵام کاتێک مەعشوقەکەتان پەرداخێک ئاوى داوا کرد، پێى بڵێن: “من زۆرم خۆش دەوێیت، بەڵام من ئامادە نیم لە جێگەکەم هەستم و و پەرداخێک ئاوت بۆ بهێنم”!.

     ئاو کە گەلێک ئاسانە، عاشیقى راستگۆ لە پێناو مەعشوقیدا گیان و جەستەى دادەنێت. کەواتە، عیشق دەبێت لە پلەى کرداریشدا خۆى بنوێنێت و لە هەموو جەستە و ئەندامەکانى و شێوەى ژیانیدا خۆى پیشان بدات و رەنگ بداتەوە. ماجەرا و داستانى ئیمانیش هەر بەم چەشنەیە. کاتێک نوورى ئیمان چووە ناخ و دەروونى کەسێک و دەستى بە درەوشانەوە کرد و پەری روخسارەکانى باخى خودا پەچەیان لەسەر روومەتیان لادا و کەسەکە لەناکاو خۆى وەک کەسێکى دڵ دادە و عاشیق دەبینێتەوە، ئەم حاڵە خۆشە دەروونیە وا لە کەسەکە دەکات هەندێک راستى دەرببڕێت و لە دواى ئەمەش هەڵبەتە شێوازى ژیانى بە گوێرەى ئەو دۆخەى کە بۆى دروست بووە گۆڕانکارى بەسەردا دێت.

     لە راستیدا سەرچاوە و دەستپێکى هاتنەکایەى مەناسیک و رێورەسمە ئایینیەکانیش دەبێت بەمجۆرە دابنرێت و یان بزانرێت: پیاوچاکێک لە پیاوچاکەکانى خودا (کە پێشەنگ و ترۆپکەکانیان پێغەمبەرانن) خاوەنى دۆخێکى تایبەت و ئەزموون زۆر قووڵە و گۆڕانکارى هێنەر دەبێت(لە هەموو کایەکانى ژیانیدا) کە ئێمە بە (ئەزموونى گوتارى وەحیانى) گوزارشتى لێدەکەین.

     کاتێک ئەم کەسە رۆحانیە رۆح و گیانى تامى شیرینى ئەم ئەزموونە دەچێژێت، ئەوا ئەم دۆخەش بە زمانى دەردەبڕێت. و لە سەروو ئەمەشەوە، ئەم دۆخە لەسەر هەموو جەستە و ئەندامانى خۆی دەنوێنێت و خۆى لە شێوەى رواڵەتیشدا دەردەخات. رەنگدانەوەى رواڵەتى و دەرەکى ئەو دۆخە لە چوارچێوەى جۆرێک لە مەناسک و رێوڕەسمدا دەردەکەوێت. واتە مەناسک و رێوڕەسمە ئایینیەکان لە لایەکەوە بریتیە لە خۆنواندن و رەنگدانەوەى سروشتى چەند دۆخێک کە لەر سەر دڵ و دەروونى پێغەمبەر یان پیاوچاکێکى رۆحانیدا دروست بووە.

     بۆ ئەوەى زیاتر بابەتەکە روون بکەمەوە نموونەیەک دەهێنمەوە: کاتێک ئێمە دڵخۆشین بە شێوازێکى سروشتى دڵخۆشى ئێمە لە چوارچێوەى زەردەخەنەدا لە روخسارماندا بەدەردەکەوێت. لە راستیدا ئەم زەردەخەنەیە رەنگدانەوەى دەرەکى دۆخێکە کە لەسەر ناخ و دەروونی ئێمەدا زاڵ بووە. بۆ پێغەمبەر یان پیاوچاکێکیش ئاداب و مەناسیکەکان دۆخێکى دڵ ئەنگێز و دڵخوازە کە لە سەرناخى ئەو کەسە ناسکەدا دروست بووە.. کەواتە بە گوزارشتێکى سادە سەرچاوە و بنەڕەتى ئاداب و مەناسیکەکان شتێک نەبووە جگە لە رەنگدانەوەى سروشتى ئەوەى کە لە دڵى بونیاتنەر یان راگەیەنەرى ئاییندا تێپەڕیوە.

    ئەم ئاداب و رێوڕەسمانە بە لانى کەمەوە دوو رۆڵى گرنگ بۆ کەسى خاوەن ئەزموون دەگێڕێت:

    بەرهەم و رۆڵى ئەم رێورەسمانە ئەوەیە کە نهێنى دەروونى ئەو پیاو چاکە دەردەخات، و لەسەر باوەڕى بە راستەقینەى ناسک شایەتى دەدات. بە لانى کەمەوە بە شێوەیەکى هێمایی لە ئەزموون و باوەڕى قووڵ کە لە ناخى ئەودا دروست بووە دەدوێت.

    لە راستیدا ئەم پەرستشانە بۆ کەسێکى وەک پێغەمبەر نواندن و دانپیانانى بە زمان و کردارە لەڕێى جەستە و ئەندامەکانیەوە. وەکو میوەیەک وایە کە بە شێوازێکى سروشتى کە لەسەر پەلى درەخت و لە تەنیشت گەڵاکانەوە دەردەکەوێت. ناخ و دەروون وەک ناوکێک وایە، کاتێک بەهاران دێت ئەو ناوکە دەڕوێت و لە خاک سەر دەهێنێت و دەپشکوێت و گوڵ دەردەکات. ئەم سەوزبوون و گوڵگرتنە لە راستیدا نواندن و دەرخستنى نهێنى ئەو ناوکەیە.

     کاتێک کە ناوکێک دەڕوێنین نازانین گوڵێکى سوورە یان دارى سێو، بەڵام کاتێک ناوک و تۆوەکە نهێنى خۆى واتە ئەوەى کە لە هەناو و دڵێدا شاردویەتیەوە لە بەهاراندا بە شێوازێکى سروشتى دەیخاتەڕوو ئیدى هەموو راستیەکان دەردەکەون. کەواتە مەناسیک و پەرستشەکانیش رووەک و گەڵایەکە کە لە دانە و ناوکى دەروونى پێغەمبەر یان پیاوچاکێکدا دەڕوێت.

    رۆڵى دووەمى ئاداب و مەناسیکەکان وەک رۆڵى صەدەفێک وایە. بە هەمان شێوە کە صەدەف دوڕ و گەوهەر لە دڵى خۆیدا هەڵدەگرێت لەنێو ئاوى دەریادا بۆ ئەوەى پارێزراو بێت. ئاداب و پەرستشەکانیش هەم گەوهەرى گرانبەها و ئێجگار ناسکى ئەزموونە ئیمانیەکانە لە ناخى خۆیدا لە زیان پێگەشتن دەپارێزێت.

      لە پرۆسەى عیشق و عاشیقیدا تەنیا ئەوەى کە تۆ کەسێکت خۆشبوێت بەس نیە. بەڵکو هەڵسوکەوتى عاشیقانە، نە تەنیا عیشقى تۆ پیشان دەدات، بەڵکو ئاگرى عیشقى تۆش تاو دەدات و گەرمترى دەکات. کاتێک دۆخێکى خۆش لەلاى ئێوە دێتە کایەوە، نابێت ئەم دۆخە هەروەها فەرامۆش بکرێت و دەبێت گرنگى پێبدەیت. کاتێکیش ئێوە شاد و دڵخۆشن ئەوا پێدەکەنن. ئەم خەندە و پێکەنینە تەنیا پیشاندەرى دەرەکى شادبوونى ناوەکى ئێوەیە بەڵکو خودى پێکەنین وەکو نەوتێکە کەبە ئاگرێکدا دەکرێت، دڵخۆشی ئێوە زێتر دەکات. مەناسیک و پەرستشە ئایینیەکان ئەگەر بە جوانى وەربگیرێت و جێبەجێ بکرێن ئەوا هەر ئەم رۆڵە دەگێڕن، واتە بە گڕ و ئاگرێک کە لە هەناوى ئێمەدا داگیرساوە، نەوتى پێدا دەکات تا ئەم گڕە کپ نەبێتەوە و بەڵکو هەمیشە لە بڵیسەداندا بێت.

    کەواتە، مەناسیک و پەرستشەکان دوو رۆڵى گشتى و سەرەکی لە رۆحى سالیکدا دەگێڕن: یەکەم، دەرخەرى سروشتى دۆخى ناوەکى ئیماندارن، و دووەمیش ئەو دۆخە لە دڵى صەدەف ئاساى خۆیدا دەپارێزێت.

      ئەوەى کە پێشتر ئاماژەمان پێدا دۆخ و حاڵى پیاوچاک و رابەرانى ئایین و شەریعەتن. کاتێک پێغەمبەر (د.خ) بانگەوازى خۆی رادەگەیەنێت و بڵاوى دەکاتەوە، ئەم ئاداب و مەناسیکانە رەنگى بە کۆمەڵ وەردەگرێت. واتە گەلێک کە بانگەوازى ئەو پێغەمبەرەیان وەرگرتووە و بەدەمیەوە چوون و ئەویان بە پێشەواى خۆیان داناوە و ئاداب و مەناسیکەکانى جێبەجێ دەکەن، و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونى نەریتێک لە پانتایی مێژوودا.

     هەنووکە ئێمەش میراتگری نەریتێکى ئایینین. نەریت وەکو رووبارێکە و کەسەکانیش لە شوێنە جیاوازیەکانی ئەو رووبارەوە دەتوانن خۆیان تێرئاو بکەن.

     لە راستیدا مرۆڤەکان لە دوو روانگەوە دەتوانن لەگەڵ ئەم نەریتە ئایینیە هەبووە و لەبەر رۆشتووەدا پێکەوە گرێ بدرێن. گروپێک لە کەسەکان بە گوزارشتى عاریفان بەشێک لە مەجزوب و راکێشراوانن. واتە کەسانێکى خۆشبەختن کە بێ ئەوەى بیریش هەڵکەنن ئاو لە ئەرزى وشک و بیانانەوە بۆیان هەڵدەقووڵێت. ئەم کەسانە بە هۆی ئەوەى خاوەنى رۆحێکى ئێجگار ناسک و هەستیاریان هەیە لەو دۆخە مەعنەوى و مەقامە عیرفانیەى کە لە رۆحى پێغەمبەردا هەیە، هەر کامیان بە گوێرەى تواناى خۆیان، ئەزموونى دەکەن و دەبنە هاوبەشى ئەو هەستەى پێغەمبەر. مەولانا دەڵێت:

بە معراج آیید گر از آل رسولید

رخ ماه ببوسید چو بر بام بلندید

“ئێوەش وەرن میعراج بکەن ئەگەر لە زومرەى ئالى رەسولن، روخسارى مانگ ماچ بکەن چونکە لەسەر سەربانێکى بەرزن”

     ئەگەر ئێوە خۆتان بە پەیڕەوکارى پێغەمبەر دەزانن دەبێت لە هەموو بوارەکاندا چاو لە پێغەمبەر بکەن و پەیڕەوى لێبکەن لەوانەش لە ئەزموونى میعراجی پێغەمبەردا (د.خ). ئەگەر کەسێک هاوبەشی ئەزموونەکانى پێغەمبەر ببێت واتە لەو دۆخە دڵڕفێنەدا هاوبەشى دەکات، نزیکى ئەو لەگەڵ ئاداب و مەناسیکەکاندا وەک نزیکى خودى پێغەمبەرە لەو رێوڕەسانە. واتە بە هەمان شێوە کە پێغەمبەر لە نیوە شەواندا بە پەرۆشەوە هەڵدەستا و بەتاسەوە نوێژى دەکرد و ئاگرى فیراق و دوورى لە مەحبوب بە هۆی نزا و پاڕانەوەوە ئارامى بۆ دێت، عاریفى شەیداش ئاڵوگۆڕى سروشت و بەهۆى راکێشانى دەروونیەوە بۆ ئەنجامدانى پەرستشەکان لە خەو هەڵدەستێت. ئێوە کاتێک عاشیقن، بەرگەى دوورى و فیراقى مەحبوب ناگرن. بەردەوام بە دووى بیانوویەکدان تا دەرگاى گفتگو و دواندن لەگەڵ مەعشوقدا بکەنەوە.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 4ئەمڕۆ: 4

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە