وەرگێڕانى: لیان سەییدی

ئەمە تێکستەکەیە دوای چاککردنەوەی ڕێنووس و خاڵبەندی بەبێ دەستکاریکردنی ژمارەکان و کەمکردنەوەی وشەکان:

نازناوی “مامۆستای یەکەم” و “پیاوی گەورە”یان لە “ئەرستۆ” ناوە، “تۆماس ئەکویناس” لە بەرهەمەکانیدا ناوی “مامۆستا” یان “فەیلەسووف”ی لێ ناوە و “خواجە نەسیری تووسی”یش ناوی “حەکیم” و “حەکیمی یەکەم”ی لێ ناوە.
“ئەرستۆ” شاگرد و قوتابیی “ئەفلاتوون” لە ساڵی (367)ی پێش زایین، واتە (18) ساڵ پاش مەرگی مامۆستاکەی چووە ناو ئەکادیمیاوە، ئەو لەو کاتەدا (18) ساڵ بووە.
وردە وردە بووە کۆنترین و بەرجەستەترین فێرخوازی ئەکادیمی، بە جۆرێک “ئەفلاتوون”ی مامۆستای ناوی “عەقڵی ئەکادیمیا”ی لێ نابوو. تاکو مامۆستاکەی زیندوو بوو وازی لە قوتابخانەکەی نەهێنا. چواردە ساڵ پاش مەرگی “ئەفلاتوون”، “ئەرستۆ” پاش ئەوەی (7) ساڵ مامۆستای “ئەسکەندەری مەقدۆنی” بوو و چەندین گەشتی جۆراوجۆری کردبوو، لە ساڵی (335) پ.ز قوتابخانەی تایبەتیی خۆی، واتە “لوکیۆم – Lyceum”ی دروست کرد و لەوێدا (12) ساڵ خەریکی وانەوتنەوە بوو. ئەو قسەیە لەبارەی وانەوتنەوەی دەکرێت زۆر بەناوبانگە کە دەڵێت: “لەگەڵ قوتابییەکانیدا لەژێر درەختەکانی لوکیۆم بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و وانەی دەوتەوە”. پەیڕەوانی بە پیادەڕۆکان “مەشائییەکان” و بە فەلسەفەکەی ناوی “فەلسەفەی مەشایی”یان لێ ناوە.
“ئەرستۆ” هەموو بەشەکانی زانستەکانی یۆنانی دەوتەوە (جگە لە بیرکاری). بە گوتەی “دیۆجانس لائرتیوس”، خاوەنی (360) سێسەد و شەست بەرهەمی نووسیوە کە لە نێوان ئەوانەشدا تەنیا (40) بەرگ یان “پەیام”یان بە دەستی ئێمە گەیشتوون کە گرنگترینیان (سەماعی سروشتی، میتافیزیک، ئەخلاقی نیکۆماخۆس، لەبارەی ئاژەڵانەوە، لەبارەی نەفسەوە، سیاسەت و دواجاریش لە لۆژیکدا “هونەری ڕەوانبێژی و هونەری شیعر” دوو کتێبی ترن).
دەڵێن “ئەرستۆ” بە پێچەوانەی “ئەفلاتوون” کە بەرهەمەکانی بە زمانێکی ڕەوانبێژیی شاعیرانە و بە شێوەیەکی گفتوگۆی سەرنجڕاکێش و سەرگەرمکەر بۆ خەڵکە گشتییەکە دەنووسی و ئەو وانانەی لە ئەکادیمیا دەیوتنەوە، شتێک نەماوەتەوە و کەس نازانێت دەقەکەیان چی بووە، بەڵام لای “ئەرستۆ” بابەتەکە پێچەوانەیە. دەڵێن “ئەرستۆ” پەیام و نووسینەکانیشی بۆ خوێندنەوەی گشتی و خەڵکە گشتییەکە نووسیوە، بەڵام هیچ کامیان لەوانە نەگەیشتوونەتە ڕۆژگاری ئێمە و ئەو بەرهەمانەی لەبەردەستماندان، زۆربەیان کورتەی تیۆریا و بۆچوون و بیروباوەڕەکانی ئەون کە دیارە بۆ وانەوتنەوە ئامادە کراون و هەندێکیان وەکو “هونەری شیعر” وەکو پاداشتی کورتن بۆ یارمەتیدانی بیر و زەینی مامۆستا و نووسینی سەرەخاڵ و خاڵە گرنگەکان کە دەبوو لە دووتوێی وانەکاندا بیانخاتە ڕوو.

“ئەرستۆ” و جوانی
“ئەرستۆ” وشەی جوانی هەر بەو جۆرە بەکاردەهێنێت کە یۆنانییە دێرینەکان بەکاریان دەهێنا، ئەو هەرگیز لە کاتی لێکۆڵینەوە لە بابەتە هونەرییەکاندا، ئەم بابەتە لە دووتوێی چەمکی جوانیدا باس ناکات. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا “ئەرستۆ” چ لە “میتافیزیک” و چ لە “پۆیتیکا”دا ئەندێشەی پەرشوبڵاو و پێناسەگەلێکیش لەبارەی جوانییەوە بەدەستەوە دەدات. بنەمای ئەم پێناسەیە زۆر لایەنی فەلسەفییان نییە، بەڵکوو زیاتر ماتماتیکیین. هێندە دەتوانرێ بوترێ ئەم پێناسانەی “ئەرستۆ” لەبارەی جوانییەوە زیاتر لە تێبینی و وتەکانی قۆناغی پیریی مامۆستاکەی “ئەفلاتوون” لەبارەی جوانییەوە هاوڕاو و یەکسان دەکات. چونکە لە بۆچوونی “ئەرستۆ”دا جوانی بریتییە لە گونجاوی و چەمکێکە کە دەتوانرێ بە شێوەیەکی ماتماتیکییانە پیشان بدرێت. ئەمەش شتێک نییە جگە لەو ڕوونکردنەوە نوێیەی بۆچوونی “ئەفلاتوون” لەبارەی جوانییەوە لە قۆناغی پیریدا کە ئەویش لە “فیساگۆرسی”یەکانەوە وەریگرتووە. هەڵبەتە دەبێت بوترێت ئەفلاتوون بە شێوەیەکی گشتی لە سێ بەش و لە سێ قۆناغی جیاوازدا ژیانی گەشەی کردووە، ئەوانیش:
قۆناغی یەکەم: سەردەمی لاویی “ئەفلاتوون”ە، لەم قۆناغەدا لەژێر کاریگەریی مامۆستاکەی خۆی “سۆکرات”دا بووە، هەروەها تایبەتمەندیی ئەو گفتوگۆیانەی لەم قۆناغەدا نووسراون بە گفتوگۆ “سۆکراتی”یەکان بەناوبانگن. گەرچی لەم قۆناغەدا گەڕان بەدوای “ئایدیا” (میثال) بوونی هەیە، بەڵام هێشتا لە حاڵەتی لۆژیکی نەهاتبووە دەرەوە و حاڵەتی بوونناسی وەرنەگرتبوو.
قۆناغی دووەم: قۆناغی کامڵبوون و پێگەیشتنی ئەفلاتوون؛ لەم قۆناغەدا مەیدانی لۆژیک بەجێ دەهێڵێ و پێ دەخاتە ناو مەیدانی بوونناسییەوە.
قۆناغی سێیەم و کۆتایی: ئەم قۆناغە، قۆناغی پیری و کۆتاییەکانی تەمەنییەتی، لەم قۆناغەدا بە جۆرێک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەهێزی “فیساگۆرسییەکان” کە تەنانەت دنیای نموونە “میثال”ەکەی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
هەر بەو جۆرەی وتمان بابەتی جوانی لە هەموو قۆناغەکانی ئەفلاتووندا بوونی هەیە و لە بابەتە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەکەی ئەون، پێناسەی ئەفلاتوون لەبارەی جوانیشەوە بە گۆڕینی گشت نموونەکان دەگۆڕێت. “ئەرستۆ” چ لە “میتافیزیک” و چ لە “پۆیتیکا”دا، هەندێک بیرۆکەی ڕێکنەخراوی لەبارەی جوانییەوە خستووەتە ڕوو. ئەم بیرۆکانە زیاتر لەسەر بنەمای بیرکاری (ماتماتیک) وەستاون و هەر بەو جۆرەی باس کراوە، بیروبۆچوون و بیروباوەڕی لەم ڕووەوە لە بیروباوەڕی قۆناغی پیریی مامۆستاکەیەوە “ئەفلاتوون” دوور نین. چونکە بە بۆچوونی “ئەرستۆ”ش، جوانی جۆرێک گونجاوییە و چەمکێکە دەتوانرێ بە شێوەی ماتماتیک بسەلمێنرێت. لە “میتافیزیک”دا بۆچوونی بەم جۆرە ڕوون دەکاتەوە:
“بەڵام لەبەر ئەوەی جوانی و چاکی لەگەڵ یەکدا جیاوازن، چونکە چاکی هەمیشە لە حاڵەتی کرداردا دەردەکەوێت، بەڵام جوانی لەو شتانەشدا دەردەکەوێت و بوونی هەیە کە لە حاڵەتی کرداردا نین، لەم ڕووەوە ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن زانستە ماتماتیکییەکان شتێک لەبارەی چاکی و جوانییەوە ناڵێن، لە هەڵەدان. گومانی تێدا نییە زانستە ماتماتیکییەکان قسە لەبارەی چاکی و جوانییەوە دەکەن و دەیانخەنە ڕوو. بەڵام ئەگەر ئەو کارە بەبێ ناوهێنان ئەنجام دەدەن و بەکارهێنانیان و چەمکەکانیان باس دەکەن، بەو مانایە نییە قسەیان لەبارەوە نەکردوون. شێوە بنەڕەتییەکانی جوانی ڕێکخستنە و زانست دیاریکردن و سنووردارکردنی دیاریکراو، واتە ئەو شتانەی زیاتر بەهۆی زانستەکانی ماتماتیکەوە دەسەلمێن”. هەروەها ئەم بۆچوونە، واتە بۆچوونی ماتماتیکی لەبارەی جوانییەوە لە “پۆیتیکا”دا دەبینین کە دەڵێت:
“لە گیاندارەکان و لە هەر شتێکی تەواو (کامڵ)دا کە لە چەند بەشێک پێکهاتبێت، جوانی تەنیا لە ڕێکخستن و ڕێکخراویی نێوان بەشەکاندا نییە، بەڵکوو دەبێت تاکو ڕادەیەکی دیاریکراو و گەورەیش بوونی هەبێت. چونکە جوانی لە مەزنی و ڕێکخستندایە. لەبەر ئەوە گیاندارێک ئەگەر زۆر بچووک و ورد بێت، ناتوانێت جوان بێت، چونکە هەموو ساتێک لە ڕوانین و بینین ڕادەکات و دەرکەکانمان لێڵ و نادیار دەکات و شت نابینین، هەروەها گیانەوەری گەورە (بۆ نموونە ئەگەر گیانەوەرێک درێژییەکەی (100) م بێت) ناتوانێت جوان بێت، چونکە هەموو بەشەکانی لە ساتێکدا و بەتەنیا جارێک لە ڕوانین دەرناکەون و تەواوی و کەماڵبوونی دەرک ناکرێت”.
هەڵبەتە ئەم شێوازەی ئەرستۆ و ڕوانینەی لەبارەی جوانییەوە زیاتر گونجاوە لەگەڵ ڕۆحییەتی یۆنانییەکان کە خۆی تیایدا ژیاوە، لەبەر ئەوە هەر بەو جۆرەی کە دەزانین شتە زۆر گەورەکانیش ناتوانن بە شێوەیەکی گشتی لەڕووی جوانیناسییەوە، ناشرین بن، بەڵکوو ئەو ناونیشانەی پێیان دەدرێت وشەی بەشکۆ “sublime”ـە کە سەدەها ساڵ پاش ئەرستۆ چووە ناو بابەتی جوانناسییەوە و دەبێت پێناسەکەی لە فەلسەفەی “کانت”دا ببینین.

سەرچاوە: فصلنامەی هنر، زمستان، 1378، مقالەی ارسطو، ص 10-14.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 10ئەمڕۆ: 1

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە