د.تەحسین حەمەغەریب
پێشەکی
لە خێزانێکی مسوڵمان لەدایکبووم و سەر بە نەتەوەیەکم کە زۆرینەی مسوڵمانە، ئیدی منیش وەک هەر تاکێکی مسوڵمانی کورد لەسەری راهێنراوم و مسوڵمانبوون بەشێک لە نەریتی من پێکدێنێت. من ناتوانم خۆم لەو کولتوورەی کە بەشێکی گەورەی لەو ئایینەوە هاتووە خۆم دابڕنم. بەڵکو ئایا ئەمەی کۆتایی وایە، واتە ناتوانم لە ئیسلامەتی خۆم خۆم دابڕنم؟ ئەگەر بزانم ئیسلامبوون شتێکی راست نییە و یاخود لانیکەم ژیرانە نییە کە من سەر بەو ئایینە بم! هەرچەند مسوڵمانبوون تەنها باوەڕ نییە، بەڵکو خۆ ئەوە ئەخلاقی نییە (ئەخلاقی باوەڕ ئەوە دەخوازێت) کە بۆ باوەڕەکانم بە ئایینی ئیسلام من بەڵگەی ژیرانەم نەبێت. یاخود باوەڕەکانی ئیسلام دژی ژیری بن! ئەگەر لەدایکبوونم بە مسوڵمانێتی و بوونم لەناو نەتەوەیەکی مسوڵماندا بەدەست خۆم نەبووبێت، ئەوا مانەوەم لەناوئیسلامدا بەدەست خۆمە، هەر چرکەساتێک دەتوانم واز لە ئیسلام بهێنم و پشتی تێبکەم. من ئەرکی ئەخلاقیمە کە مرۆڤێکی رەسەن بم و مرۆڤی رەسەنیش دەبێت بەڵگەی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی بابەتێکی گرنگی وەک شوێنکەوتنی ئایینێکی دیاریکراو یەکلا بکاتەوە! هەر مرۆڤێکی ژیر و ئەخلاقی دەبێت بوارێک لەنێوان خۆی و باوەڕە گرنگەکانی دابنێت و لە دەرەوەی خۆی دایانبنێت و پرسیار لە خۆی بکات؛ بۆچی باوەڕی بەو باوەڕانە هەیە؟
کەواتە بۆچی من مسوڵمانم، یاخود راستتر وایە من بۆچی واز لە ئیسلام ناهێنم؟
بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە هانا بۆ چەند بەڵگەی نەریتی پێوانەیی دەبرێت. ئەو بەڵگە نەریتییانەی کە:
یەکەم: بوونی خوایەک دەسەلمێنن.
دووەم: ئەو بەڵگانەی شیمانەی ناردنی پێغەمبەران (هەندێک جار پێویستیی ناردنی پێغەمبەر) دەسەلمێنن.
سێیەم: ئەو بەڵگانەی راستیی پێغەمبەرایەتی محەمەد و پەیامەکەی دەسەلمێنن و پەرجووەکانی ئەو پێغەمبەرە و پەیامەکەی (قورئان) کە هیچ گومانێک بۆ هیچ کەس ناهێڵنەوە کە دەبێت باوەڕ بهێنێت!
هەندێک جار لەمسەرەوە بۆ بابەتەکە دەڕۆن، بەو مانایەی ئەسڵ وایە ئەوە ئەقڵانی و ژیرانەیە کە من دەست بە باوەڕەکانی خۆمەوە بگرم تا دژبوونی دڵنیاکەرەوەی ئەو بەڵگانە و لەگەڵ ئەقڵدا نایەنەوە.
هەندێک جاریش لە رێی ئەرک و پێویستییەوە بۆ ئەم بابەتە دەڕۆن، کە سەرەڕای هەموو ئەو داهێنانانەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی، هێشتا ئەرکی ئایین ماوە و بۆشاییەک کە بە مرۆڤ پڕ نەکراوەتەوە، و دەبێت:
یەکەم: ئایینێک پڕی بکاتەوە.
دووەم: باشترین ئایینێکیش ئەو ئیشە بکات، ئایینی پیرۆزی ئیسلامە. چونکە ئایینێکی کامڵ و تەواوە و رووگەبەخشە بە کەسایەتی مرۆڤ لە هەموو لایەنەکان، هەروەها دوای ئایینەکانی دیکەیش هاتووە. بۆیە هەموو کەمهێنانەکان و خەوشەکانی ئایینەکانی دیکەی لە خۆی داڕنیوە. نزیکترینە لەم سەردەمەوە، بۆیە لە تەک رۆحی ئەم سەردەمە دێتەوە. نەک لەبەر نزیکیی بەڵکو بە ئەزموون سەلماوە کە بۆ ئەم سەردەمە گونجاوە. هەروەک خانمە ئایینناسی بەناوبانگ ئارمسترۆنگ دەڵێت: محەمەد مرۆڤی رۆژە، واتە ئایینەکەی ریالیست و گونجاوە لەگەڵ ژیانی رۆژانەی ئاسایی مرۆڤی ئاسایی.
هەیە پلۆرالیزمانە سەیری بابەتەکە دەکات و پێی وایە حەقیقەت تەنها یەک دانە نییە و حەقیقەت ئاوێنەکەیە شکاوە و هەر پارچەیەکی کەوتووەتە دەست کەسێک، ئەو پارچەیەشی دەست ئێمە کەوتووە بریتییەلە ئایینی ئیسلام، هەر وەکچۆن هەر کۆمەڵگەیەک دەست بە ئایینی خۆیەوە دەگرێت و حەقیقەتی تێدایە یان بە حەقی دەزانێت، ئەمە سەبارەت بە منیش بە هەمان شێوەیە. من و کۆمەڵگەی منیش پارچەی ئیسلامەتیمان بەرکەوتووە و مافمانە بەڵکو ئەرکمانە پارێزگاری لێ بکەین (هی خۆمان و ماڵە خۆمانە ئیدی، هەر کەسێکیش ماڵی خۆی پارێزگاری لێ دەکات) مەولانا گوتەنی ماڵی خۆی ئاوەدان دەکاتەوە:
در سرزمین دیگران خانە مکن
کار خود کن کار بیگانە مکن
واتە: لە زەوی خەڵکا خانوو مەکە
کاری خۆت کە و کاری بێگانە مەکە
دوای دۆزینەوە گەورەکانی کۆئەندامی دەمار و سەلماندنی بنەمای مێشکی و خانەداماری بۆ بابەتە ئاینییەکان، ئیدی هەر ئەوە بەسە بۆ سەلماندنی راستی و دروستی بابەتە ئایینییەکان، کە هەر بوونی ئەو بابەتە گرنگانە لە زەینی مرۆڤدا ئیدی مانای کۆنی و رەسەنی و راستەقینەیی ئەو بابەتانەیە.١
هەیە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بۆ پێویستیی ئایین دەڕوات، پێی وایە کە کۆمەڵگە دەبێت بابەتێکی هەبێت، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە پێکەوە گرێ بدات و ببێتە رۆحی هاوبەشیان و گرەنتی پێکەوە بوونیان بکات. هەروەک ئەوەی ئایین پشتیوانییەکی ئەخلاقیی گەورەیە و ئەنگیزە دەدات بە تاکەکان کە گوێڕایەڵ بن و تابۆکانی کۆمەڵگە نەشکێنن.
ئەوەش بڵێم هەندێک پێیان وایە کە ئایین هەموو راست نییە، هەر لێرەوە ناشێت بڵێین هەموو ئایینمان قبوڵە و ئەم سەردەمە ئەوە دەخوازێت کە بڵێین هەندێک لە ئایینمان قبوڵە( ئەو بەشەی کە راستە) هەندێکیشمان قبوڵ نییە، لەنێوان ئەمەدا ئێمە دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.
ئەمە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بدەم بریتییە لەوەی کە هەندێک لە ئاستی ئەقڵی دەروونی تاکییانەوە بۆ مسوڵمانێتی دەڕۆن و پێیان وایە ئایینداری بە ئایینی ئیسلام لەگەڵ لایەنی رۆحی و بگرە (تایپی کەسایەتی ئەوان) گونجاوە.
لەنێوان ئەمەدا من دەبێت وەڵامی ئەوە بدەمەوە کە من خۆم بۆچی ئیسلامم قبوڵە و مسوڵمانم. ئەم نووسینە گێڕانەوەی تایبەتی منە لەڕووی ئەم پرسەوە.
(١)
کام مسوڵمانبوونە لەژێر پرسیاری (من بۆچی مسوڵمانم)دایە؟
١.١. بۆچی؟
یەکێک لە سەرەکیترین بابەتە گرنگەکانی فەلسەفە و مەعریفەناسی و لۆجیکی نوێ جیاکردنەوەی دوو جۆر لە وەڵامی (بۆچی)؛ جارێک لە بۆچی شتێک دەپرسی ئەوە لە هۆکاری ئەو شتەت پرسیوە، لێرە ئەوەی لێیی دەپرسیت (بۆچی وایە یان وابوو؟) ئەوا لێرە رووداوێک دەپرسیت کە بەهۆی رووداوانێکی پێشترەوە دروست بووە. ئیدی لێرە تۆ لەو هۆکار یاخود هۆکارانەی پێشوو دەپرسیت کە بوونەتە هۆی روودانی ئەم رووداوە نوێیە.
بەڵام بێجگە لەم (بۆچی)یە، بۆچی وەک ئامڕازی پرسیار بۆ شتێکی دیکەش بەکار دەبرێت، کە ئەویش بریتییەلە پرسیارکردن لە (بەڵگە)ی ئەو شتە کە (بۆچی) بۆ بەکارهاتووە. بۆ نموونە کاتێک دەپرسیت بۆچی باوەڕت بە خوا هەیە. ئەوا داوای ئەو بەڵگانەم لێ دەکەیت کە وای کردووە (یا وایان کردووە) کە من باوەڕم بە خوا هەبێت. لێرە پرسیار لە بەڵگەی بابەتێک کراوە نەک هۆکار.
ئەم بابەتە سەبارەت بە مسوڵمانبوونی منیش دەکرێت بە هەمان شێوە مامەڵە بکەم؛ واتە جارێک کە پرسیارم لێ دەکرێت بۆچی مسوڵمانیت، دەشێت لە وەڵامدا بەهۆی هۆکارە دەرەکییەکان ئاماژە بدەم کە بوونەتە هۆی مسوڵمانێتی من، وەک ئەوەی من لە نەتەوەیەکی زۆرینە مسوڵمان و لەناو ئەویشدا لە بنەماڵەیەکی مسوڵمان لەدایکبووم و گەورەبووم.
کاتێکیش ‘بۆچی’ بۆ بەڵگەی ئیسلامیم بەکار دەبرێت، ئەوە ئەو کاتەیە کە داوا دەکرێت کە دوای وشیاری خۆم و هەر ئەو کاتەی بە ویستی خۆم دەتوانم واز لە مسوڵمانبوونم بهێنم، بەڵام وازم نەهێنا، لەبەرئەوەی بەڵگەم هەبوو بەدەستەوە بۆئەوەی بە ئیسلامەتی خۆم بمێنمەوە.
جیاکردنەوەی هۆکارزانی (العلة) لە بەڵگەکاری (الدلیل) یەکێک لە بنەما بنەڕەتییە فەلسەفی و مەعریفی و لۆجیکییەکانی ئەم سەردەمەیە، تێکەڵکردنیان بە هەڵەیەکی لۆجیکی دادەنرێت، هەرچەند تا هەنووکەش جودابوونەوەیان بابەتێکی ئەستەم/ مەحاڵ نییە.
ئێمە لەم نووسینەدا لە هەوڵی وەڵامی پرسیاری (من بۆچی مسوڵمانم؟)دا مەبەستمان لە بەڵگەکاری مسوڵمان بوونمانە نەک هۆکاری مسوڵمانێتی، وەک هۆکاری پێشینەی بنەماڵەیی و کولتووری و ژیان لەناو جوگرافیایەکی زۆرینە مسوڵماندا.
٢.١ مسوڵمانێتی: لەبەرئەوەی مسوڵمانبوون بابەتێکی مێژووییە و ئەو گروپ و تایەفە و لایەنانەی کە خۆیان بە مسوڵمان دەزانن زۆر و زەبەندەن، وا دەردەکەوێت مسوڵمانبوون بابەتێک بێت کە نەشێت خودێکی جێگیری بۆ دابنرێت، ئەگەرچی لە مێژوودا هەرکام لەو گروپ و لایەنانە خۆی بە راست زانیوە و ئەوانی پێ بە لادەر لە ئیسلامەتی داناوە. بۆیە ناشێت گەوهەرێکی دیاریکراو و دروست بۆ ئیسلام پێناسە بکەین و بڵێین ئیسلام ئەمەیە و هەرچی باوەڕی پێ نەبێت ئەوا لە ئایینی ئیسلام دەرچووە. بەڵام دەشێت کۆمەڵێک چەمک، ئەوانیش بە مانا و مەدلولی جیاوازەوە دیاری بکەین کە لە هەر کام لەوانەی خۆیان بە مسوڵمان دەزانن بوونیان هەبێت. ئیدی لەبری پێناسە، ڤیتگنشتاینیانە ئەو پەسن و خەسڵەتە هاوبەشانە بکەینە بنەمای ئیسلامەتی. کە ئەوانیش بە مانەی خوارەوە دیاری دەکرێن:
-باوەڕبوون بە خوا
-باوەڕبوون بە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر
-باوەڕبوون بە رۆژی پەسڵان
٣.١ مسوڵمانێتی من: من وەک هەر مسوڵمانێکی دیکە باوەڕم بە خوا و بە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر و بە رۆژی دواییش هەبوو. بە پێشگریمانەی روونی هەر کام لە چەمکەکانی (خوا و پێغەمبەر و قیامەت). مەبەستم لە ئیسلامەتی من؛ ئەو مسوڵمانبوونەیە کە من لە هەموو هاوئایینەکانی دیکە جودام دەکاتەوە و تایبەت بە خۆمە. هەر بۆیەش کاتێک لە هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەدام کە بۆچی مسوڵمانم، باسی مسوڵمانبوونی تایبەت بە خۆم (نووسەری ئەم بابەتە) دەکەم.
(٢)
بەڵگەکاری مسوڵمانبوونم
١.٢. بۆئەوەی بەڵگەکاری تایبەتی خۆم بۆ مسوڵمانێتی تایبەت بە خۆم (سەرەڕای هاوبەشیم لەگەڵ مسوڵمانەکانی دیکەدا) ئەوا لە گوزارەیەک لە رووکەش دوورەوە دێمەوە بۆ ئەم باسە ئەویش بریتییە لەوەی سەرەتای ئیسلامەتی دەکاتە (خۆدانەدەستی پەروەردگاری جیهانیان) خۆدانەدەستێکی مانادار کە لە قووڵایی هەمووماندا بوونی هەبوو.
(اسلمت وجهى لله)٢ مانای وایە کەڵکەڵەی خۆدانەدەست و لە ئانی دابڕاندا گەڕانەوە بۆ لای ئەو، لە قووڵترین پێویستییە رۆحییەکانی منە. ئەگەر ئەم ملدانەش چەقی مسوڵمانێتی بێت، بەڵام ئەمە هەرگیز تەسلیمبوونێکی ناڕەسەنانە و رۆبۆتیانە نییە، چونکە من مرۆڤێکی بە ئاگام و پرسیارم هەبوو، راستە دەبێت من مل بدەم بە پەروەردگار، بەڵکو بەو شێوەیە بم و رەنگ بگرم کە پەروەردگار دەیەوێت. دەبێت من وەک ئیبراهیم باوەڕدار بم، بەڵام دەبێت رێگەم بدرێت لەبەر دڵنیایی دڵم هەروەک ئیبراهیم پرسیار بکەم (قال اولم تؤمن قال بلى ولکن لیطمئن قلبی).
تەنانەت وەک فریشتە کاربەجێکەرەکانی پەروەردگار لە چیرۆکی دروستکردنی مرۆڤدا بپرسم (گوتیان: تۆ کەسێک لەناو زەویدا دادەنێیت، کە گەندەڵی دەکات و خوێن دەڕێژێت.)
سەرەڕای هاوترپەییم لە تەسبیحاتی ئەم بوونە و مەدهۆشبوونم بە دەسەڵاتی فراوانی پەروەردگار. وەهۆش خۆم دێم و دەڵێم: (ربنا ماخلقت هذا باطلا ربنا فقنا عذاب النار). هەر ئەم پرسیار و بەهۆشبوونە (ما کذب الفؤاد ما رأى) گواستنەوە لە تەنها وەرگرتنی زانیاری و هۆکارزانییەوە. بیر لە بەڵگەزانی (قل هاتوا برهانکم) بکەمەوە. لە بۆچی (علة)ـوە بگوازمەوە بۆ (بۆچی) بەڵگەهێنانەوە.
٢.٢ بەم بەڵگەهێنانەوەش منی رەسەن دروست دەبێت؛ منێک تەنها بە بەڵگەکاری خەڵکی رازی نابێت، بەڵکو خۆی بەڵگەکاری دەکات. مرۆڤی رەسەن بەڵگە بۆ باوەڕەکانی دەهێنێتەوە. ئەمەش بە بەشێک لە ئەخلاقی باوەڕی دەبینێت، واتە بە ئەرکی ئەخلاقی دەبینێت کە باوەڕەکانی بەڵگەدار بن. بەڵام ئەو بەڵگەدارییە مانای وانییە بۆ هەموو باوەڕێک بەڵگە یاخود کۆمەڵە بەڵگەی هەبێت، چونکە دەزانێت داوای لەو شێوەیە ئەستەمە و رەسەنایەتی ئەو پێی دەڵێت هەروەک چۆن دەبێت بەڵگەسەنتەر بێت هەروەها رەسەنایەتیشی پێی دەڵێت نابێت شوێنی ئەستەم بکەوێت. بەڵام هەر بە وازهێنان لە بەڵگەکارییش رەسەنایەتی خۆی لەدەست دەدات.
٣.٢ مرۆڤی رەسەن ئەوە دەزانێت لەم بوونەدا راز هەیە؛ رازیش ئەوەیە هەرگیز شیمانەی ناسینی نییە و ژیرانە ئەوە نییە کە ئێمەی مرۆڤ هەوڵی ناسینی ئەو رازانە بدەین. مارسیل گوتەنی لە کتێبی (راز و مەسەلە)دا دەڵێت راز جیاوازە لە مەسەلە، مەسەلە ئێستا ئێمە نایزانین، بەڵام شیمانەی زانینی هەیە. بەڵام راز هەرگیز شیمانەی زانین و هەڵهێنانی نەزانراوەکەی نییە. مرۆڤبوونی ئێمەی مرۆڤ بۆ بوونی ئەو رازانە دەگەڕێتەوە. ئەگەر هەوڵی پەردە لەسەرلادانی ئەو رازانە بدەین ئەوا لە مرۆڤبوون دەکەوین. هەروەک ماکس ڤێبەر باسی لێوە دەکات، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە پەردە لەسەرلادانی رازەکانە، ئەو بەو کارەی خۆی لە مرۆڤبوون دەخات.
رازەکان زۆرن، من دەبێت لەگەڵیان هەڵبکەم. وەک رازی رۆح و رازی ژیان و رازی مەرگ و جەبر و ئیختیار و ئەنجامدانی کار لەلایەن منەوە بە ویستی خۆم و هەتا دوایی…
بێجگە لە رازەکان زۆر شتی دیکە هەیە کە من بێ بەڵگە پێیان قایلم، بێ ئەوەی بەڵگەم بۆیان هەبێت، بگرە زۆرجار بابەتە گرنگەکانی ژیان لەسەر داننان بە بوونی راستەقینەی ئەو شتانە دامەزراوە. بۆ نموونە: هەموو زانستە ئەزموونییەکانمان لەسەر بوونی دەرەکی جیهان بونیات ناوە، لە کاتێکدا من بەڵگەیەکم لەسەر بوونی ئەو جیهانە لە دەرەوەی من نییە. هەروەک ئەگەر هەموو بەڵگەکارییەکانم بۆ ئەقڵ و ژیری بگەڕێنەوە، بەڵام خۆ من بەڵگەیەکم لەسەر ئەوە نییە من بۆچی بۆ ئەقڵ بگەڕێمەوە. تەنانەت من بەڵگەیەکی دڵنیاکەرەوەم لەسەر بوونی خۆم نییە. بەڵام من هەموو ئەوانەم قبوڵە و لەگەڵیان دەژیم.
٤.٢. ژیانی ئەقڵانی تەنها پەیوەندی بە ژیانێکی چۆنێتییەوە نییە کە مانا بە ژیانی من ببەخشێت، بەڵکو ئەگەر من ژیانی ئەقڵانی نەژیم، ئەوا دەبێت ژیانم کۆتایی پێبهێنم؛ هەروەک کامۆ دەڵێت گەورەترین کاری فەلسەفە بریتییە لەوەی من خۆم نەکوژمەوە، چونکە ئەم ژیانە هێندە پڕ لە رەنج و ئازارە ئەگەر بەڵگەی ئەقڵانی نەبێت کە باوەڕ بە مرۆڤ بهێنن، ئەرێ دەشێت قبوڵی ئەو ئازارانە بکەیت؟ دەهێنێت لەم ژیانەدا ئەو هەموو ئازارەت هەبێت؟ مرۆڤ ناتوانێت رەسەن و وشیار بێت و بتوانێت ژیان بەردەوامی پێ بدات.
رێسا ئەقڵییە کردەییەکە پێمان دەڵێت: (نابێت تێچوونی ئامرازەکان لە ئامانجەکە زۆرتر بێت)؛ هەرگیز ئەقڵانی نییە من بۆئەوەی ملیۆنێک دینار لە بازاڕ پەیدا بکەم، دوو ملیۆن دینار خەرج بکەم. هەروەها ناشێت لە پێناو دەستکەوتێکدا لەم ژیانەدا کە بەهاکەی لەو هەموو ئازارەی ژیان کەمتر بێت من درێژە بە ژیان بدەم.
٥.٢. مرۆڤ لە دوو بەشی ناوەوە و دەرەوە پێکهاتووە؛ بەشی دەرەوە دەکاتە کردنەکان و گوتنەکانی مرۆڤ، بەشی ناوەوەش لە باوەڕەکان و هەست و سۆز و ویستەکانی مرۆڤ پێکدێن.
کارەکان و گوتنەکان لەژێر کاریگەریی باوەڕەکان و هەست و سۆزەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن. باوەڕەکانی مرۆڤ دەبێت بەڵگەدار و هەست و سۆزەکانی گونجاو لەگەڵ زەمینە٣ و ویستەکانیش دەبێت ماقووڵ بن. ئیدی دیارە کە بەڵگەهێنانەوە تەنها پەیوەندی بە باوەڕەکانی منەوە هەیە. روونە کە ئایینیش بێجگە لە باوەڕگەلێک لایەنی دیکەی وەک سرووت و پێکەوەبوونی گروپی و فەرمان و حوکمی تێدایە.٤ بۆیە کاتێک وەڵامی (بۆچی)ـیەتی بەڵگەدارانە دەدەمەوە، ئەوە تەنها باسی باوەڕەکانمە و نەک هەست و سۆزی ئیسلامی و داواکارییە مسوڵمانییەکانم. هەروەک لە باسی باوەڕەکانیشمدا بابەتەکە باوەڕهێنان بە باوەڕەکان نییە، چونکە مرۆڤ باوەڕ بە باوەڕەکانی ناهێنێت، بەڵکو زانینی بەرانبەر بە باوەڕەکانی هەیە، راستبوونی باوەڕەکانی خۆی بۆ دەردەکەوێت.) بەڵام هەر ئەم کارەی دواییش کە بەڵگەهێنانەوەیە بۆ باوەڕەکانی مسوڵمانێتی، کارێکی کەم نییە و دوای روونکردنەوەی زیاتر ئێمە لە هەوڵی پرسیاری من بۆچی مسوڵمانم زۆرتر کاری لەسەر دەکەین.
(٣)
رێگەی بەڵگەکاری
١.٣ بەڵگەی مسوڵمانبوونی من چییە؟
ئەوەی لێرەدا گرنگە تەنها بەڵگەکاری نییە بۆ ئەم بابەتە، بەڵکو میتۆدی بەڵگەکارییە نەک خودی بەڵگەکان؛ بۆ هێنانەدی ئەمەش دەبێت بڵێم سێ رێگە هەیە تا من لێیانەوە بەڵگەی مسوڵمانێتی خۆم بخەمەڕوو، ئەرکی ئەخلاقیی خۆم دەربارەی بابەتەکانی خۆم بخەمەڕوو کە لێکۆڵەران خستوونیانەتەڕوو. هەرچەند من بۆ خۆم باوەڕم بە رێگەی چوارەمیش هەیە و دەمەوێت ئەو رێگەیە بکەمە بنەما بۆ ئەوەی (باوەڕ) بوونم بە ئایینی ئیسلام پیشان بدەم.
بەڵام با لە پێشدا سێ رێگە باوەکەی ئەم بابەتە بخەمەڕوو، تا دواتر رێگەی هەڵبژێردراوی خۆشم باس بکەم.
١.١.٣ رێگەی یەکەم: رێگەی سەلماندن و یەقین، ئەو رێگەیەی ناوێکی دیکەی هەیە، کە ئەوەی پێی دەوترێت ئەقڵانییەتی گشتگەرا. ئەمە رێگەی فەیلەسوفی رەوشت و بیرکاریزانی بەناوبانگ (کلیفۆرد) و داهێنەری کایەی ئەخلاقی باوەڕە لەناو فەلسەفەی ئەخلاقدا، کلیفۆرد پێی وایە ئێمە ئەرکی ئەخلاقیمانە بەڵگەی ئەقڵی بۆ یەکە یەکەی باوەڕەکانمان بهێنینەوە و راستبوون (سەلماندن)ـی هەر کام لە باوەڕەکانمان بسەلمێنین.
بەگوێرەی ئەم رێگەیە دەبێت بناغەی کۆشکی باوەڕ زۆر پتەو بێت. ئەم گوتەیەش لە رووکەش لەسەر کاغەزدا زۆر راستە، بەڵام لەڕووی کردەییەوە چەندین کێشەی هەیە.
ئەم رووگەیە بۆ ئەوە دەڕوات کە باوەڕەکانی مرۆڤ دەبێت یاخود بەڵگەنەویست بن یان ناڕاستەوخۆ بۆ بەڵگەنەویستەکان بگەڕێنەوە. بەڵگەنەویستەکانیش ئەو بڕیارەوتانەن کە گوزارەی بنەڕەتین لە زەینی هەر کام لە ئێمەدا هەن، وەک گوزارەی (خۆخۆبوون) واتە هەر شتێک خۆیەتی، شتێک لە هەمان کات و شوێندا هەم ببێت و هەم نەبێت و هەروەها ئەو رێسایەی کە گشتی هەر شتێک گەورەترە لە بەشێکی هتد. جا باوەڕەکانی مرۆڤ یان ئەمانەن یاخود دەبێت لەوانە بن کە راستەوخۆ بۆ ئەم بەڵگەنەویستانە بگەڕێنەوە. ئەم بۆچوونەش لە چەند روویەکەوە جێگەی رەخنەیە:
یەکەم: لەڕووی واقیعییەوە ئەوە شیمانەی نییە کە هەموو باوەڕەکانی هەر مرۆڤێک بە مەحەکی ئاوا بەڵگەکارییەکی سەختدا تێپەڕێت. هیچ مرۆڤێکی ەقڵانیش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کاری لەو شێوەیەی ئەنجام نەداوە و ناتوانێت ئەنجامی بدات. یەکێک لە بنەما عئەقڵانییەکانیش بریتییە لەوەی دەبێت داوای شتێک بکرێت کە لەڕووی ئەقڵانییەوە رێتێچوو و بێت.
دووەم: پێچەوانەی داننان لە هەندێک سەرچاوە دانپێدانراوەکانی مەعریفە، بۆ نموونە: سەرچاوەی پشتبەستن بە هەستەکانی مرۆڤ، کە بێجگە ئێمە لەوەی لە کاتی وەرگرتنی زانیاری لە هەستەکانمانەوە ئەگەری هەڵەکردنی هەستەکانمان زۆرە، هەروەها پێشگریمانەمان ئەمەیە کە گەردوون لە دەرەوەی هەستەکانمان هەیە، کاتێک هەستەکانمان زانیاری لەو گەردوونەوە بە ئێمە دەگەیەنن. لە کاتێکدا ئێمە بەڵگەی ئەو پێشگریمانەیەمان نە لە بەڵگەنەویستەکانە و نە ناڕاستەوخۆش لە بەڵگەنەویستەکانەوە وەرنەگرتووە. هەروەک هیچ بەڵگەیەکم لەسەر هەموو بوونی خۆم نییە و باوەڕم بەو هەموو بوونە هەبوو. هەروەها تەنها بە پێوانەکردن بە خۆم کە بوونی تۆ دەسەلمێنم.
سێیەم: روانینی ئەم رووگەیە بۆ پێواژۆی مامەڵەی عەقڵانی روانینێکی زۆر ئەپستراکت بە گوایە بێلایەنانەیە کە ئەمەش لەڕووی واقیعییەوە هەر لە سەردەمی هیۆمی فەیلەسوفی بەناوبانگەوە تا بگات بە دۆزینەوە نوێیەکانی دەمارناسی، ئەو راستییەمان پێ دەڵێن کە بەڵگەهێنانەوەکانمان بێلایەن نین و هەست و سۆزەکانمان تێکەڵن و بە گوتەی هیۆم ئەقڵی ئێمە بەڵگەتاشە نەک بەڵگەهێنەرەوە. بە گوتەی ئالن دوباتن ئەو ئەقڵەی وەک گوێزی کوێر وایە یەکەم کەس کە دەیخەڵەتێنێت خودی خۆمانە. ئەقڵی ئێمە سۆزەکانی ئێمەی لە پشتە، لە راستیدا ئەمەش بابەتێکی خراپ نییە، چونکە ئێمە لەڕێگەی سۆزەکانمانەوە پەیوەندی قووڵ لەگەڵ جیهان و دەوروبەرمان بەرپا دەکەین. بەڵام رووگەی ئەقڵانییەتی سەلماندن ئەوەمان پێ دەڵێت کە تەنها و تەنها بە بەڵگەکاری و بێ سۆزەکان باوەڕەکانمان بپێوین.
چوارەم: (ئەقڵکاریی سەلمێنەرانەی گشتگەرا) خۆشکێنە، چونکە بەڵگەیەکی سەلمێنەرانەی لەسەر بەڵگەکاری گشتگەرای خۆی نییە. چونکە ئەو ئەقڵە دەیەوێت بۆ نەهێشتنی گومان و شک بەڵگەی دڵنیاکەرەوە بدۆزێتەوە، بەڵام دووبارە دەکەوێتەوە ناو هەمان بابەتەوە کە دەیەوێت لێیی هەڵبێت. بۆیە لە پارێزگاریکردن لە مامەڵەی ئەقڵانییەتی رەخنەگرانە دەبێت هەوڵی رەخنەگرتن لەم رووگەیە بدەین.
پێنجەم: ئەم رووگەیە ئەگەرچی بۆ باوەڕە گونجاوەکان لەگەڵ ئەقڵ و باوەڕە دژەئەقڵەکاندا کارایە، بەڵام لە مامەڵەی لە تەک ئەو باوەڕانەی بانئەقڵین و لە ژیری هەڵدێن (ئەو باوەڕانەی نە ئەقڵانین و نە دژەئەقڵانین) دەستەوسان و دەستەپاچە دەبێت، هیچی پێ ناکرێت. بێ ئەوەی رازەکانی ئەم بوونەی پێ هەڵنایەت؛ رازەکان کە لەم بوونەدا هەیە و کانت گوتەنی تەرازووی بەڵگەکاری لە بەرانبەریان هاوسەنگە.
شەشەم: بێجگە لەوەی بوونی بەڵگەی خەوشدار لەسەر هەر باوەڕێک مانای ناڕاستی ئەو باوەڕە نییە. لەبەرئەوەی ئەگەری هەیە بەڵگەکە ناتەواو بێت نەک باوەڕەکە ناڕاست بێت. ئەمە و چەندین رەخنەی دیکەش کە پیشانی دەدەن ناشێت ئەم رێگەیە بگرینەبەر، کاتێک ئەرکی ئەخلاقیی خۆمان بەرانبەر بە باوەڕەکانمان بەجێدەهێنین
٢.٣ . رێگەی باوەڕهێنان و تەسلیم بوون: ئەمە ئەو رێگەیە کە پێمان دەڵێت ئیمانهێنان بە باوەڕەکانمان بێخەوشترە تا بەڵگەهێنانەوەی سەلمێنەرانەی ئەقڵانی، چونکە دواجار بەڵگەهێنانەوەی ئەقڵی بێجگە لە ئیمانهێنان بە ئەقڵ شتێکی دیکە نییە. جا کە وایە ئیدی بۆچی باوەڕ بە خودی ئیمان نەهێنم؟ ئەم ئیمانهێنانەشم یەقینم پێ دەبەخشێت بێ ئەوەی بمخاتە ناو پەتای گومانگەرایی ئەقڵانییەوە.
لە راستیدا ئەم رێگەیەش ئەگەرچی رێگە ئاسانەکەیە، بەڵام لە چەندین رووەوە رەخنەی لێ گیراوە کە ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو رەخنانەن:
یەکەم: من کاتێک ئەم رێگەیە دەگرمەبەر ئەرکی ئەخلاقیی خۆمان بەرانبەر بە باوەڕەکانم نەهێناوەتەدی کە دەبێت بە بەڵگەوە باوەڕەکانم قبوڵ بکەم.
دووەم: مافی ئەقڵانییەتی رەخنەگرانەی خۆم نەپاراستووە. کە ئەقڵانییەتی رەخنەگرانە بێجگە لەوەی باوەڕەکانم پوختە دەکات و لە باوەڕە هەڵەکانمان رزگارمان دەکات، تێگەیشتنمان قووڵتر دەکاتەوە و لە کاڵفامی رزگارمان دەکات.
سێیەم: روونە کە بابەتەکانی باوەڕەکانمان یەک دانە نین کە ئیمانی پێ بهێنین و ئیدی ببڕێتەوە، بەڵکو باوەڕەکان زۆرن و زۆرجاریش دژ بە یەکن. پرسیارەکە ئەوەیە باوەڕ بە کام لەو باوەڕانە بهێنین، پێوەری جوداکردنەوەیان چییە؟
چوارەم: گرتنەبەری مرۆڤایەتی دژ بە رەسەنایەتی مرۆڤە، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لەلایەن تاک خۆیەوە. لەم رووگەیەدا مرۆڤ هەمیشە بەرکار دەبێت و لە باوەڕەکانیدا لەبری ئەوەی خۆی بەڵگەی قایلیکەری بۆیان هەبێت پشت بە کەسی دیکە دەبەستێت.
٣.٣. رێگەی ریفۆرمی مەعریفی: ئەم رێگەیە هەمان ئەو رێگەیە کە بە بناغەگەرایی لەناو کایەی مەعریفەدا دەناسرێت، لە راستیدا بۆ نەهێشتنی خەوشەکانی هەر کام لە دوو رێگەکەی پێشووە، چونکە بە رێگەی یەکەم هەرگیز ناگەینە دڵنیایی، هەرگیز مەعریفەناسیمان لە گومان رزگاری نابێت. لەو لاشەوە ناشێت لە کاتی مامەڵەکردنمان لەتەک باوەڕەکانمان ئەزموونی کەسیی خۆمان لەبیر بکەین. بۆیە رێگەی بناغەگەرایی وا دەڵێت، کە مەعریفەکانی ئێمە (بۆ نموونە لە بابەتێکی وەک بوونی خوادا) دەگەڕێنەوە بۆ رێسایەکی بنەڕەتی، کە نە بەڵگەمان بە قازانجی و نە بەڵگەشمان لە دژی هەیە، باوەڕەکانی دیکەمان لەو رووەوە لەو باوەڕە بنەڕەتییەوە سەرچاوە دەگرن و خەسڵەتی ئەو باوەڕە بنەڕەتییەش بریتییە لەوەی کە زۆر روونە.
سەرەڕای ئەوەی ئەم رووگەیە هەوڵی چاکسازی لە دوو رێگە پێشترەکەی داوە، بەڵام رووگەیەکی سەلمێنەرانە و یەقینییە. ئەگەرچی بەڵگەکاری لە بابەتە سەرترەکاندا ئەنجام دەدات، بەڵام (باوەڕی بنەڕەتی) بە بێ بەڵگە قبوڵ کردووە.
هەرچەند بناغەگەراکانیش دەبنە دوو گروپ؛ گروپێک باوەڕی وایە دەبێت باوەڕەکان (لانیکەم باوەڕی بنەڕەتی) ئەقڵانی و یەقینی بن. گروپی دووەم پێی وایە کە گرنگ ئەوەیە باوەڕەکان (لانیکەم باوەڕی بنەڕەتی) دژە ئەقڵ نەبن، بەڵام لە راستیدا لە حەتمییەتی گەڕانەوە بۆ (باوەڕی بنەڕەتی) و کەڵەکەبوونی باوەڕەکانی دواتر لەسەر ئەو باوەڕە بنەڕەتییە سەلماندن و یەقینیبوون خۆی مەڵاس داوە. بۆیە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەمە میتۆدێکە دەچێتەوە ناو دوو رێگەکەی پێشووەوە.
٤.٣ .رێگەی سێیەم: بریتییەلە رێگەی هاتنەوە لەگەڵ ژیریدا و ماقووڵبوون (مەعقوولییەت) کە مەبەست لەم رێگەیە بریتییە لەوەی کە باوەڕەکانم لەگەڵ ئەقڵدا دژ نەیەنەوە. ئیدی مەرج نییە بۆ یەکە یەکەی باوەڕەکانم بەڵگەم هەبێت.
بۆئەوەی ئەمەش روونتر بێت، هەندێک وردەکاری زێترمان پێویستە؛ ئیدی ئەگەر هاتوو باوەڕەکانم لەتەک بابەتێکی ئاشکرا لەڕووی ژیرییەوە دژ هاتەوە، ئەوا دەبێت واز لەو باوەڕەم بهێنم. ئەگینا من بۆ خۆم وا باوەڕەکان وەردەگرم کە ئەوانە ئەقڵانین. هەندێک لە نووسەرانی سەر بەم رایە باوەڕیان وایە جۆرێک لە ئەقڵانییەتی تایبەت هەیە جیاوازە لە ئەقڵانییەتی گشتی، دەبێت لانیکەم من بۆ خۆم بەو ئەقڵانییەتە تایبەتەی خۆم راستیی باوەڕەکانم بۆ سەلمابێت، تەنها کاتێک ئەرکمە بۆ ئەو باوەڕانەی خۆم بە ئەقڵی گشتی بەڵگە بهێنمەوە کە بمەوێت بانگەوازیان بۆ بکەم و بەوانی دیکەیان بگەیەنم.
لە راستیدا ئەم رێگەیە هەم گونجاوە لەتەک گیانی بەڵگەسەنتەری ئەم سەردەمە و پاراستنی ئەقڵی رەخنەگرانە، گونجاویشە لەتەک مامەڵەی ئەخلاقی و پاراستنی توێشوو و حیکمەتی کەڵەکەبووی پێشینان، و ئەرکی من لەم رووەوە لە زۆبەی حاڵەتەکاندا نەرێنییە، واتە گرنگ ئەوەیە باوەڕەکانم باوەڕی ماقووڵ بن و دژەژیری نەبن. بۆ مرۆڤ هەر هێندە بەسە باوەڕ و بانگەشەکانی ماقووڵ بن، لێرەوە لە بابەتێکی وەک پرسیاری (من بۆچی مسوڵمانم بەشوێن) ماقووڵبوونی مسوڵمانبوونەوەیە و بەمەش ئەرکی ئەخلاقی بەرانبەر بە باوەڕی مسوڵمانبوون دێتەدی.
بۆیە زۆربەی ئەوانەی وەڵامی پرسیاری من (بۆچی من مسوڵمانم؟)یان داوەتەوە بەشوێن ئەو ماقووڵییەتەوە بوون. نەک سەلماندنی راستی ئیسلامەتی، ئەمەش توانای ئێمەی مرۆڤە و بە گوتەی قورئان (لایکلف الله نفسا الا وسعها).
(٥)
رێگە هەڵبژێردراوەکان
١.٥. دەزانم دوای ئەو بەشانەی لەسەرەوە هێنامانن، خوێنەر وا پێشبینی دەکات کە رێگەی هەڵبژێردراوی ئێمە و هەر کەسێکی دیکە کە ئایینی بەلاوە گرنگ بێت رێگەی سێیەم بێت. هەرچەند من دان بەوەدا دەنێم کە رێگەی سێیەم بە شێوەیەکی گشتی رێگەی هەڵبژێردراوی ئێمەیە، بەڵام پێویستی بە خزمەتکردن و دەوڵەمەندکردنی زۆرتر دەبێت.
من پێم وایە بۆئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە، دەبێت رێگەی سێیەم بگرمەبەر، تەنها ئەو رێگەیەش نەگرمەبەر بەڵکو دەبێت کارا بم و رێگەکەش لەگەڵ جووڵەی خۆمدا دەوڵەمەند بکەم.
بۆ ئەمەش دەبێت هەم لە ئەرکی ئیسلام وەک ئایینێک بدوێم، هەمیش لە پێویستی من بە ئیسلام وەک ئایین پیشان بدەم. بەڵام پێش ئەوە هەوڵ دەدەم هەندێک بۆ ئەو هەوڵانە بگەڕێمەوە کە ئایینداران پێشتر بۆ (پیشاندانی راستێتی ئایینەکانیان لەوانەش راستێتی ئایینی ئیسلام) داویانە بگەڕێمەوە، کە بە بۆچوونی من بە شێوەی گشتی دەتوانین لە دوو هەوڵدا کورتیان بکەینەوە:
٢.٥. یەکەمیان: سەلماندنی ئەقڵیی ژیرانە بۆ گوزارە ئایینییەکان، یاخود ژیرانەبوون (مەعقوولبوون)ـی ئەو گوزارانە. بۆ نموونە: گوزارەکانی (خوا بوونی هەیە، پێغەمبەرایەتی، رۆژی پەسڵان ئێمە زیندوو دەبینەوە.)، ئیدی بە خۆلادان لەوەی ئەو خوایە چ جۆرە خوایەکە، یاخود سروشتی پێغەمبەرایەتی چۆنە و چۆنێتی رۆژی هەڵسانەوە و پەسڵان چۆنە و چۆن روودەدات، چونکە ئایینداران لەسەر هەر کام لەو بابەتانە رای جیاوازیان هەبوو.
دووەمیان: بابەتی دەرکەوتن و پیشاندانی پەرجوو. سەلماندنی خوایەتی خوا بە پیشاندانی پەرجوو لە جیهانی گەردوون (ئایاتی ئافاقی) و لە جیهانی مرۆڤ ئایاتی ئەنفوسی). هەروەها پیشاندانی پەرجوو لەلایەن مرۆڤەوە، وەک پەرجووەکانی پێغەمبەران (دروودی خوایان لەسەر بێت)، جا بۆ سەلماندنی راستی ئایینەکان یاخود سەرنجڕاکێشان بۆ ئەو رێسایانەی کە هەر لەم بوونەن، بەڵام هەنووکە دیار نین. یاخود بۆ پیشاندانی مومکینبوونی شتێک کە هەنووکە بوونی نییە، وەک پیشاندانی پەرجووی زیندووبوونەوەی مردوویەک لەسەر رێتێچوونی زیندووبوونەوە و حەشر و رۆژی دوایی.
سێیەم: بریتییەلە رێگەی ئەرکەکانی ئایین و دابینکردنی ئەو پێویستییانەی ئێمە کە بە ئایین نەبێت بە هیچ بابەتێکی دیکە دابین نابن. وەک پێگەیاندن و پەروەردە و مەعریفە و شناسایی تایبەت بە دینداری و پشتیوانی ژیانی رەوشتی هتد…
٣.٥. بەڵام لە راستیدا هەرکام لەو سێ رێگەیەی پێشوویش بێ کێشە نین، ئیدی بێ ئەوەی لێرەدا بە درێژی هەرکامیان باس بکەین:
یەکەم: رێگەی سەلماندنی ئەقڵانی و ژیرانە، جا سەلماندنی ژیرانەی باوەڕبوون بێت بە خودا، کە سەرەڕای هەوڵی زۆری باوەڕداران بە خودا بۆ سەلماندنی بوونی خودا و خزمەتکردنی گەورەی ئەو بابەتە بە دانانی بەڵگەی زۆر و چۆنێتی و چەندێتییەکانی بوونی خودا، کە نەک هەر مرۆڤی ئاقڵ دایهێناون و ورد و گەورەن، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکانیدا یان لەڕووی لۆجیکییەوە کێشەیان هەیە٥ یاخود ئەو خوایەی ئەم بەڵگە ئەقڵییانە دەیسەلمێنن (بە زەروورەت) ئەو خوایە نییە کە بەڵگەهێنەرەوە بەڵگەکەی بۆ هێناوەتەوە. بۆ نموونە: بەڵگەی ئیمکانی ئیبن سینا لەسەر واجب الوجودی خوا ئەوەی بەڵگەی (واجب الوجود)ـە و ئەو خوایە بە سیفەتە ئیلاهی و کەسییەکانییەوە نییە کە لە هەرسێ ئایینە یەکتاپەرستییە ئیبراهیمییەکاندا هەبوو. هەروەها دەشێت لە بەڵگەی دیزاینکەری مەزندا بوونی دیزاینکەرێک بسەلمێت. بەڵام دەشێت ئەو دیزاینەرە پاش دیزاینکردن، دوای دیزاینکردن لە دیزاینکراو گوزەرابێت و وازی لێ هێنابێت. ئەمە بێجگە لەوەی دژە ئایینییەکانیش لەسەر هەڵەبوونی باوەڕە ئایینییەکان بەڵگەی خۆیان هەیە.٦
دووەم: رێگەی پەرجوو: لەبەرئەوەی ئەم سەردەمە سەردەمی نەمانی رازەکان و درەنگ قایلبوونی تاکەکانە. ئەوەی ئایینداران لەڕووی پەرجووەوە زۆرتر بووەتە جێگەی کارکردنیان بریتییە لە شیمانەی بوونی پەرجوو و خورافەنەبوونی، کە بەم دواییە کاری فەلسەفی گرنگ لەم رووەوە زۆر ئەنجام دراوە. هەرچەند رەخنەی هزری زۆر لە پەرجوو گیراوە، جا رەخنە لە وەرگێڕان، واتە ئەو بابەتە پەرجوو نەبووبێت و بە پەرجوو دانرابێت، یاخود لەڕووی مێژووییەوە تانە لە سەرچاوەی گێڕانەوەی پەرجووەکە درابێت، کە نکوڵی لە روودانی شتی لەو بابەتە لە مێژوودا بکرێت، یاخود ئەگەر بووبێتیش تایبەت بووە بە سەردەمی روودانی پەرجووەکە و مرۆڤەکانی ئەو کاتەوە، یان پەرجوو نواندن لە بابەتێکدا بۆ بابەتێکی دیکە نابێتە بەڵگە لەسەر بابەتەکەی دیکە هتد…
یاخود تایبەتبوونی پەرجوو بۆ بەزاندنی دوژمنان، ئیدی نەبوونی هیچ ناوەڕۆکێک بۆ دۆستان و هەروەها پڕکردنەوەی بۆشاییە مەعریفی و زانینییەکان بەدەستی پەروەردگار یان پەرجووی خوایی.
هەروەک لە بابەتی پەرجووی پێغەمبەرایەتیدا باس لەوە دەکرێت کە هەنووکە سەردەمی پێغەمبەرایەتی کۆتایی هاتووە، ئیدی پێویست بەوە ناکات پەرجووی ئەو پێغەمبەرانە بۆ ئەمڕۆ باسیان لێوە بکرێت. بێجگە لەوەی ئەوەی بە پەرجوو دادەنرێت، دواتر چەندین خەوشی تێدا دەدۆزرێتەوە و دەسەلمێت پەرجوو نییە.٧
سێیەم: رێگەی ئەرکی ئایین: مەبەست لەو ئەرکانەیە کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئایین جێبەجێیان دەکات، بۆ نموونە: کۆکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر گیانێکی هاوبەش و بەخشینی شوناسی هاوبەش پێیان، ئەوەی پەروەردگار (والف بین قلوبهم لو انفقت ما فی الارض جمیعا ما الفت بین قلوبهم). هەروەک دۆرکایمی کۆمەڵناسی بەناوبانگ ئاوا ئەرکێک بە ئایین دەبەخشێت. هەروەک چۆن ئایین پشتیوانی ئەخلاقی بۆ کۆمەڵگە دابین دەکات.
سەبارەت بە پێویستییەکانیش؛ ئایین پێویستییە رۆحی و مەعنەوییەکانی تاک پڕ دەکاتەوە و تەفسیر بە ئەزموونە مەعنەوییەکانیشی دەبەخشێت.
(٦)
بەرەو رێگەی ئێمە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری (بۆچی من مسوڵمانم؟)
١.٦. خودا رازە: خودا خۆی لە قورئاندا دەفەرموێت (لیس کمثله شیء) ئەو هاوشێوەی نییە، ئیدی هەر شتێک هاوشێوەی ببێت، ئەوە ئەو نییە، هەموو شێوەدارەکان لەوی بێ شێوەوە شێوەیان گرتووە. بەڵام ئەو نەک هەر شێوەی نییە، بەڵکو کەس نازانێت ماڵی لە کوێیە (هۆ دڵدار.. ماڵت لە کوێیە؟) هەر هێندە دەزانن دەنگی زەنگێک دێت، ئەو لە هەموو شوێنێک و لای هەموو شتێک، بەڵام شتیش نییە. نەک هیچ، هەر هیچ کەس ناتوانێت وێنای بکات، بگرە هیچ کەس ناتوانێت بیری لێ بکاتەوە. ئەم جیهانە پڕ لە رازە و رازی رازان خودایە (جل جلاله)؛ رازی ژیان، رازی مەرگ، رازی جەبر و ئیختیار، رازی رۆح، تەنانەت کار. ئەم رازانە تا رازن دیاردەیەکی مرۆیین لەتەک رۆحی ئێمە دێنەوە، ئەو دەمەی بمانەوێت لێیان تێبگەین و بیانخەینە ناو خەیاڵگەی خۆمانەوە ئیدی ئەوان نین. رازەکان لەبری ئەوەی بمانەوێت لێیان بگەین دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بین لێیان نزیک بینەوە (التقرب الی الله).
٢.٦. بەڵام کاتێک دەڵێن نابێت لە هەوڵی تێگەیشتنیاندا بین، ئەوە مانای ئەوە نییە کە کەڵکەڵەی ئەوانمان نییە و تاسەیان ناکەین، پرسیاریان ناکەین (ویسئلونک عن الروح) نا، بەڵکو وەک لای پاول تیلیخ فەیلەسوفی بەناوبانگی ئایینی، راز (خوا جل جلاله) کەڵکەڵەی کۆتایی ئێمەیە. ئاخر ئێمە تا ئەو کاتە دەمێنین کە گرنگیپێدانمان هەبێت. ئەگەر شتە گرنگیپێدراوەکانی ئێمە نەمێنن ئەوا ئێمە نامێنین، فەلسەفەی بەها فەلسەفەی گرنگیپێدانی ئێمەیە. بەهاکانمان لابەری دەردەکانمان و بابەتە زۆر گرنگەکانی ئێمەن. هەر لێرەوە مەولانا چارەسەری هەموو نەخۆشییەکان بۆ عیشق دەگێڕێتەوە.
ای طبیب جملە علتهای ما / چارەسەری هەموو دەردەکانی ئێمە
٣.٦. بۆیە پێشگریمانەی من بریتییە لەوەی من کەڵکەڵەی ئەو رازم هەیە، (انک کادح الى ربک کدحا) ئەو لە بیرەوەری قووڵ و ماناداری مندا هەیە (ذکر الله) من لای ئەو بووم دەمەوێت بۆ لای ئەو بگەڕێمەوە. من لە سەرچاوەی خۆم دابڕێنراوم مەولانا گوتەنی:
هر کسی کو دور ماند از اصل خویش / باز جوید روزگار وصل خویش
هەر کەس لە سەرچاوەی خۆی دوورکەوتەوە / وەبیردەهێنێتەوە رۆژگاری لەوێ بوونی خۆی
من لای ئەو بووم فڕێ درامە ئێرە. ئەو دەمەی دایک و باوکی ئێمە، واتە باوە ئادەم و دایە حەوا گوتەی خوای بە جدی وەرنەگرتبوو، لەبیریان کرد کە پەروەردگار فەرمووی نەکەن بە گوێی ئیبلیس بکەن و بتانخەڵەتێنێت لە بەری دارەکە بخۆن و لە بەهەشت دەربکرێن (لایخرجنکما من الجنة فتشقى).
خرد بی میانجی و رهنمای / داند کە این جهان را دارد خدای
ژیری بێ نێوەندگیر و رێنوێن / دەزانێت هەیە لەم جیهانەدا خودا
٤.٦. دەمەوێت بۆ لای ئەو بگەڕێمەوە، چاوم بە ئاسماندا دەگێڕم، رێی ئەو گەڕانەوەیەم دەوێت (قد نرى تقلب وجهک فی السماء)، شەریعەتی راستەقینە ئەوەیە رێگەی راستەقینەی ئەو گەڕانەوەیەم پێ پیشان بدات، من رێبواری گەڕانەوەم، بەشوێن سۆراخی رێگەیەکەوەم بمباتەوە بۆ لای ئەو، لە دۆزینەوەی سەرەداوێکەوە تا بگات بە دۆزینەوەی شاڕێیەک رێم پێ پیشان بدەن.
٥.٦. ئەمە رێگەی گەڕانەوەیە، رێگەی تایبەت بە خۆی هەیە، کە پێی دەوترێت مەعنەوییەت. رێگەکە زۆر سەخت و هەوراز و نشێوە، کە دەبێت لە هەوڵی چاککردنی رێگەکەدا بم، پێش ئەوە دەبێت لە هەوڵی راهێنان و چاککردنی خۆمدابم، تا بتوانم ئەو رێگەیە ببڕم، ئەو خۆچاککردنە خۆپێگەیاندنی دەوێت، ئەو خۆپێگەیاندنەش لەوانەیە بۆ ئێستەم ئازاراوی و ماندووکەر بێت. بەڵام بۆ دوایی و مسۆگەرکردنی گەیشتنم زۆر باشە، ئەو خۆچاککردنە پێی دەگوترێت مەعنەوییەت.
من مسوڵمانم، چونکە رێگای ئیسلام رێگای مەعنەوییەتم پێ دەناسێنێت، بەڵکو بەو سوننەتە کشان و گەورەبوونەی لە مێژوودا هەیە، ئیسلام نەک تەنها رێگەی مەعنەوییەتم پێ دەناسێنێت، بەڵکو مەعنەوی و مەعنەوییترم دەکات
تا بهار تو نماید گل و گلزاری نوی / تا بەهاری تۆ گوڵ و گوڵزاری نوێ بنوێنێت
دەزانم ئەم بابەتە روونکردنەوەی زیاتری پێویستە و لە سەرەتاوە ملدان و سەوداسەری دەوێت، بەو رازە پێشترەی لەناو رۆحمدا هەیە، جۆرێک ئیمانگەرایی سەرەتایی دەوێت کاتێک رێ دەگرمە بەر، بەڵام هەر ئەو ئیمانگەراییە مۆمی ئەقڵ هەڵدەکات، سەرەتا لێبڕانی پێویستە، دەبێت لەم رێگەیەدا ئامادەی ملدانان بم، ئەمە تەنها بە بەڵگەهێنانەوەی زەینی نابێت، بەڵکو سەردانانی بوونی دەوێت مەحوی گوتەنی:
هەیە گەر عیشقی سەرداری لەسەرتا / بکە مەشقێ لەوانەی چوونە سەر دار
٦.٦ دەوترێت پرسیار لە مسوڵمانێتی بەرهەمی سەردەمی نوێیە و بەهۆی زەینی گوماناوی نوێوە دروست بووە، ئیمانداری لە سەردەمەکانی پێشوودا بەڵگەنەویست بوو، هەرچەند ئەمە تا رادەیەک راستە، بەڵام بە شێوەی ئاراوتە خەڵکی گوماناوی لە ئیمان لە سەردەمەکانی لەوەوپێشیش هەبوون. هەر بۆیە لەم سەردەمەدا پرسیار لە بەڵگەی مسوڵمانبوون دەکرێت. دەشزانرێت هەرگیز بە بەڵگە ناگەنە سەلماندن، بۆیە لەم (سەردەمی حیرەت)ـەدا تەنها بە ماقووڵبوون (مەعقوولییەت) رازی دەبن.
(٧)
مەعنەوییەت و وەڵامی پرسیاری من بۆچی مسوڵمانم؟
١.٧. بێجگە لەو تێبینییانەی سەرەوە، خاڵێکی گرنگ بریتییە لەوەی کە ئێمە کەڵکەڵەی گەورەمان هەیە، کە تەنها مەیلێکی سادە نییە، دەشێت بەو شێوەیە ناویان لێ بنێین کە فەیلەسوفی ئەمریکایی هاری فرانکفۆرت بە مەیلی مەیل ناویان دەبات، لەوانەیە مەولاناش ئاماژە بەمانە بدات کاتێک باسی کتێبەکەی مەسنەوی دەکات بە (ئەسڵی ئەسڵی ئایین) ناوی دەبات.
یەکێک لە کەڵکەڵە قووڵەکانی ئێمەی مرۆڤ، بگرە یەکێک لە رازە گرنگەکانی ئێمەی مرۆڤ، کەڵکەڵەی ژیانی مەعنەوییانەیە. بە گوتەی فەیلەسوفی بەناوبانگی ئایین پاول تیلیخ دوایین کەڵکەڵەیە. بە گوتەزای جوانی قورئانی ئێمە؛ هەمیشە بۆ لای خوا تێدەکۆشین. هەر ئەم کەڵکەڵە قووڵە بێڕەنگەش لای هەر ئایین و ژیار و بگرە تاکێکیش ناوێکی تایبەتی هەبوو. بەگوێرەی دیدگا و ئەو سوننەتە دینییەی تێیدا پەیدا بووە. هەر بۆیە ئێمەی مسوڵمان بە (الله) ناوی دەبەین، بوزاییەک ناوی دەنێت نێرڤانا و جوویەک بە یەهوە ناوی دەبات.
٢.٧. ئەم کەڵکەڵە قووڵە سەرسپاردنی دەوێت (اسلمت لله رب العالمین) سەرسپاردنی گەورە و رێگەگرتنەبەری گەورە. ئەمەش یەکێکە لە رازەکانی بوون و گەڕانەوەیەکی گەورە (انا لله وانا الیه راجعون) و وەرچەرخانی گەورە (توبوا الى الله متابا) و بوونە گەشتیاری دەوێت.٨ ئەمە بە بۆچوونی من سەلماندنی ئەقڵیانەی ناوێت، بەڵکو مسۆگەربوونیشی دەوێت. مسۆگەری رێگەی گەڕانەوە (اهدنا الصراط المستقیم).٩ هەر لێرەوە ئیسلام رێگەی گەڕانەوەیە و ئەگەر بۆم بسەلمێت کە رێگەیەکی باشترین رێگەی گەڕانەوەیە و هەرچی پێویستی ئەو گەڕانەوەی تێدایە ئەوا من مسوڵمان دەبم.
٣.٧. رەسەنایەتی ئەقڵانییەتی من لە بەڵگەی گەڕانەوەدایە نەک خودی بابەتەکە،١٠ بە گوتەزای جوانی قورئانی بەسەر زاری ئیبراهیمەوە (لیطمئن قلبی). ئەو هەموو باسی ئەقڵانییەت و ژیری و بیرکردنەوە و تێڕوانینە (تدبر)ـە لە قورئاندا:
یەکەم: بۆ پیشاندانی ئەوەی لە هەمان کاتدا نادیار و هاوکات لە هەناوی هەمووماندا هەبوو لە ئایاتەکانی دەرەوە و ناوەوەی مرۆڤ بگرە دەگەینە ئاستی خەڵات و نیعمەتەکانی.
دووەم: بەپشتبەستن بە حیکمەت و ئەقڵانییەت و گەڕان بۆ بنەما و حاڵەتەکانی گەڕانەوە.
ئێمە تاسەی گەڕانەوەمانە، لەوانەیە رێگە نەبەینەسەر، لێمان ون ببێت، ئەوەی کە ئەو گەڕانەوەیە مسۆگەر دەکات وەبیرخستنەوە و یادکردنێتی.
٤.٧. ئەو گەڕانەوەیە کە لە هەمان کاتدا دۆزینەوەی خودە،١١ بریتییەلە مەعنەوییەت، کە لە قورئاندا بە تەعبیری (تزکیة) ناوبراوە، ئامانجی سەرەکی قورئان تەزکیەیە. من بە مسوڵمانبوونم، نەک هەر دەبمە مەعنەوی ـ بە گوتەی مرۆڤە مەعنەوییەکان (سالک) دەبم ـ بەڵکو مەعنەوییەتگەراتر دەبم!
٥.٧. بوونە مەعنەوییەتگەرا، ئەقڵانییەتی پێویستە، دەبێت رێگەکەم رێگەیەکی راستگۆیانە و ئاقڵانە بێت و وەهمی نەزانانە نەبێت. هەر بۆئەوەی غافڵانە و نەزانانەش نەبێت، دەبێت ئەقڵانییەت راستەقینەبوونی بسەلمێنێت.
ئەگەر سەرنج بدرێت مەرج نییە خودی مەعنەوییەت ئەقڵ بێت، بەڵام گرنگە کە ئەقڵ پشتگیری بێت و لەتەک ئەقڵدا دژ نەیەتەوە. مەعنەوییەت جۆرێکی تایبەت لە عەقڵانییەتی دەوێت کە نابێت لەتەک ئەقڵانییەتی هاوبەشی هەموو ژیارەکان و ئەقڵی رەخنەگرانەی مرۆڤەکان دژ بێتەوە. هەر خودی ئەو مەعنەوییەتە چاوی ئەقڵ دەکاتەوە خوازیاری ئەوەیە مرۆڤ ئەقڵانی بێت، بە ئەقڵانیبوون؛ مەعنەوییەت لە مامەڵەی هەست و سۆزانەی رووکەش جودا دەبێتەوە، بە کرانەوەی چاوی ئەقڵ و بەسیرەت کە هەر خۆی بەشێکە لە مەعنەوییەت، لە ئەفسانەسەنتەری و خەڵەتاندن و بەلاڕێدابردن جودا دەبێتەوە.
٦.٧. ئەگەر ئەو دابەشکردنە دوالیزمەییەی ئەقڵمان بۆ ئەقڵ قبوڵ بێت، کە بە شێوازی جیاواز باسی لێوە کراوە، وەک (ئەقڵی ناوەکی و ئەقڵی دەرەکی) یان (ئەقڵی ناوژیاری و ئەقڵی گەردوونی) هەروەها (ئەقڵی خاکی و ئەقڵی لەخۆبایی و خۆبەهەمووشتزان)، ئەوا بۆ مامەڵەی مەعنەوی مەرجە لەگەڵ دووەمدا دژ نەیەتەوە، ئەگەر لەتەک ئەو ئەقڵەدا دژ بێتەوە دەبێت وازی لێ بهێنرێت، ئەو دەمەش مانای وایە مەعنەوییەت نییە.
بۆ ئەو مرۆڤەی کە کەڵکەڵەی مەعنەوییەتی هەیە، دەبێت ئەقڵی ناوەکیی تایبەت١٢ پشتگیری مەعنەوییەتەکەی بێت. بێجگە لەوەش نابێت لەگەڵ ئەخلاقی جیهانی دژ بێتەوە، جا ئەو ئەقڵە تایبەتە شهوود بێت یاخود ئەزموونی تایبەت، زۆرجاریش کتێبێکی وەک قورئان کە داوای بیرکردنەوەمان لێ دەکات، لەگەڵ ئەو ئەقڵە شهوودییە رووبەڕوومان دەکاتەوە کە تەنها ئەوەندەی بەسە مرۆڤ راستگۆیانە لەگەڵ خۆی رووبەڕوو بێتەوە، ئیدی هەستی پێدەکات، لەم جۆرە ئەقڵەدا راستگۆیی و درۆبوون پلەیەک دەچێتە خوارتر.١٣
چیرۆکێک هەیە، کەسێک کەسێک دەبینێت و دەڵێت ماویت؟ ئەویش دەڵێت ئەی ئەوە نییە قسەت لەگەڵ دەکەم. ئەویش دەڵێت دە بەخوا فڵان و فیسار کە کەسی راستگۆن، دەڵێن تۆ مردوویت. لێرەدا ئەگەر گوتنی ئەوانی راستگۆ بەڵگە بێت، بەڵگەی دەرەکی، بەڵام مانی ئەو بۆ خۆی بەڵگەی مانی خۆیەتی. بۆیە مەعنەوییەت هەمیشە بەسیرەت و ئەقڵی تایبەتی لە پشتە. و لە کاتی پێویستدا پێویست بە بەڵگەی دەرەکی و گشتیش دەکات کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: کاتێک بانگەوازی کەسێک دەکەیت کە خۆی کەڵکەڵەی مەعنەوییەتی لە خۆیدا شاردووەتەوە یاخود لەبیری چووەتەوە.
دووەم: کاتێک کە بە ئاشکرا لەتەک بنەمایەکی ئەقڵی گشتیدا دژ بێتەوە. هەرچەند مەعنەوییبوون خۆی بۆ خۆی بابەتێکی رەسەنە و هەرگیز هیچ قۆناغێکی مرۆڤایەتی خاڵی نەبووە لە مرۆڤە مەعنەوییەکان، بەڵام بنەمای ژیری خۆی بۆ خۆی بەشێکە لە بنەماکانی مەعنەوییەت.
(٨)
کشانی مەعنەوییەت
١.٨. هەر لێرەوە من مسوڵمانم، چونکە لەڕووی کردەییەوە ئەنجامەکانی ژیانی ئاییندارانەی ئیسلامی و لەناو کۆمەڵگەی مسوڵماناندا بە سەیرکردنی ئەو مێژووە دوور و درێژەی هاتنی کۆمەڵگە مسوڵمانەکان دەرەنجامێکی مەعنەوی بووە، مەبەستم لە ژیانی مەعنەوییش ئەوە نییە کە هەموو تاکێکی ئەو جڤاتانە بووبێتە بارستاییەک لە رۆحانییەت، هەموو ئەوانە وێنەی جونەیدی بەغدادی و ئەبولسەعید ئەبولخەیر و مەولانا جەلالەدینی رۆمی و مەلای جزیری و مەولانا خالیدی نەقشبەندییان لێ هاتووە. هەرچەند پێگەیشتنی ئەوانەی بە پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامی (کە کاری ئەو شەریعەتە بە مەعنەوییەتکردنی کۆمەڵگەیە) بوونەتە رۆحانی و مرۆڤی مەعنەوی گەورە، کەم نین و شانازی مرۆڤە مەعنەوییەکانی مرۆڤایەتین، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک رێگەی مەعنەویبوون و ئەخلاقیبوونی گرتووەتەبەر؛ مەعنەویبوون رەنگوبۆی ئەم کۆمەڵگانەی گۆڕیوە، تاکەکانی ئەم کۆمەڵگانە ژیانێکی ئەخلاقییانە ژیاون. بە گوتەی وائیل حەلاق ئەگەر دەتانەوێت کۆمەڵگەیەکتان پێ پیشان بدەم کە ئەخلاق لەگەڵ یاسادا یەکی گرتووەتەوە ئەوا بریتییەلە کۆمەڵگەی مسوڵمانان.١٤
٢.٨. من دەڵێم ئەگەر دەتانەوێت کۆمەڵگەیەکتان پێ پیشان بدەم کە رۆح بە هەموو راز و نازەکانی خۆیەوە رێگادەبڕێت، ئەوا ناو شەریعەتی ئیسلامییە؛ مەبەستم لە ناز عیشقبازی مەعنەوییە و مەبەستم لە نیاز عیشقبازی و دۆزینەوەی خۆیەتی لەناو مەعشووقدا، مەبەستم لە رازیش کاری ئەقڵانی و بیرکردنەوەی فەیلەسوفەکانە کە دەیانەویست رازی رۆح و گەردوونییان بۆ هەڵبێت، بەڵام بە مامەڵەی ئەقڵانی بۆیان هەڵنەدەهات، هەم بنەمای حەقیقەتویستیی خۆیان پەرەپێدەدا و دەبوونە برەودان بە ئەقڵی رەخنەگرانە و دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە خورافەپەرستی، هەمیش بەو رۆحانییەتە گەرەنتییەکی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی یەکتری وایان دروستکردبوو کە بێ ئەوەی توندوتیژی دەوڵەتی مۆدێرن بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێت و هەموو شتێک بەدەست دەسەڵات بێت، نیازەکانی کۆمەڵگە بێتەدی؛ هەر لێرەوە هەر سێ بابەتی (راز و ناز و نیاز) هاتنەدی و بە سەنتەربوونی مەعنەوییەت هەر سێ توێژە گەورەکەی کۆمەڵگە، کە بریتی بوون لە خاوەن ئەزموونە رۆحییەکان (گروپی ناز) لەگەڵ مرۆڤە مەعریفە سەنتەرەکان (گروپی راز) خەڵکە ئاساییەکانیش (گروپی نیاز) پێکەوە کاریان دەکرد و دەستیان دەدایە دروستکردنی رۆحانیترین ژیار و خولقاندیان. بێگومان ناڵێین هەموو بووبوونە مرۆڤی رۆحانی و کەس هەڵەی نەدەکرد و تاوان و گوناه تەنانەت شەڕ بوونی نەبوو، چونکە هەر ئەوە پێچەوانەی رۆح و پێگەیشتنێتی لە رێگەی تێکۆشان و تاقیکردنەوە و ئیبتیلاوە.
٣.٨. من مسوڵمانم چونکە ئیسلام بۆ هەنووکەی مرۆڤایەتی هێشتا پێیەتی، سەرەڕای لەدەستدانی ئەو فەزا مەعنەوییەی ئەم ئایینە بە مێژووی خۆی خولقاندبووی، بەهاتنی دەوڵەت و ژیانی مۆدێرن شێوا، بەڵام هێشتا ئیسلام پێیەتی لە هەر سێ رووەوە مرۆڤایەتی تێر بکات، داستاننی لەدەستدانی نازی مەعشوق و کورتبوونەوەی عیشق لە چێژێکی خۆکوژی رووکەشدا، هەروەها داستانی کۆتاییپێهاتنی ئەقڵ و تەنویری ئەقڵ١٥ و نەبوونی دادگەری کۆمەڵایەتی (جیاوازی داهاتی ژیانی نێوان زۆرینەیەکی هەژاری مرۆڤایەتی و کەمینەیەک کە زۆبەی سامانی زەوییان قۆرخ کردووە).
من مسوڵمانم چونکە هەزارانی وەک من لەم ئایینەوە فێری بابەتە رەوشتی و مەعنەوییەکان دەبن و بوون، کە نەک هەر کاری چاک ئەنجام دەدەن، بەڵکو بوونیان دەبێتە بوونێکی ئەخلاقی،١٦ بێ ئەوەی بۆ ئەو ژیانە مەعنەوی و ئەخلاقییە ناچار بن لە ژیان کەنارگیر ببن.١٧ هەر لێرەوە ژنە فەیلەسوف و ئایینناسی بەناوبانگ ئارمسترۆنگ محەمەد بە مرۆڤی رۆژ پێناسە دەکات.
٤.٨. من مسوڵمانم نە لەبەر فڵان بەڵگەی پێوانەیی کە دەسەلمێنێت خوایەک بوونی هەیە، یاخود پەرجوویەکی مادی دەیسەلمێنێت پێغەمبەر پێغەمبەری خوایە، یاخود فڵان پەرجووی زانستی لە قورئاندا دۆزراوەتەوە،١٨ بەڵکو ئیمانم بە خوا هەیە، چونکە ئەو ئیمانە تەنانەت باوەڕێکیش نییە بە مانا مەعریفییەکەی کە تەنها بزانم خوایەک بوونی هەیە، نەخێر، ئیمان لە پەیوەندییەکی مانادار و قووڵدا دەبم لەگەڵ سەرچاوەی ئەم بوونە کە خودایە، پەیوەندییەک بوونی من دەگۆڕێت.
من مسوڵمانم و باوەڕم وایە محەمەد پێغەمبەرە، چونکە ئەو مرۆڤێکی مەعنەوی و رەوشتبەرز و گەورە بوو، رۆحێک و مەعنەوییەتێک کە بووبووە خاوەن ئەزموونێکی رۆحی گەورەی وا کە گوژمێکی رۆحی وای لە مێژوودا دروستکرد کە تا رۆژی پەسڵان شەپۆل دەدات. ئەزموونێکی رۆحی وا ریشەی لە قووڵایی زۆر دوورتری لەناو ژیانی ئێمە لە گۆی زەویدا هەیە، پێش ئەو هەزاران پێغەمبەر و مرۆڤی رۆحی ژیانیان لەم سەرزەوییەدا بەسەر بردووە، بە بابەتە ئەخلاقی و مەعنەوییەکان گۆی زەوییان ئاوەدان کردووەتەوە. باوەڕم بە پێغەمبەر هێنا چونکە شیان و شیاوێتی رۆحی لە گۆڕانکاری ناو ژیانی مرۆڤ پیشاندا١٩ و شەریعەتێکی هێنا دەستکەوتەکانی بریتین لە دروستکردنی مرۆڤی ئەخلاقی و مەعنەوی و مسۆگەرکردنی کاری گەیاندنەوەی ئێمەی مرۆڤ بە جیهانی باڵا، ئەگەر لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبووایە ئەوا پێغەمبەرایەتییەکەی راست نەبوو. کاری شەریعەتەکانیش هەر ئەمەیە کە تاک و کۆمەڵگە بکەن بە مەعنەوی. من ئیمانم بە محەمەد هەیە، چونکە ئەو فریشتە نەبوو، بەڵکو مرۆڤ بوو.
وەک شاعیرەکە دەڵێ:
ملک نبودی و بشر بودی و پاک / فریشتە نەبوویت و مرۆڤ بوویت و پاک
ئەو نە جادوگەر و نە شاعیر و نە شێت بوو، بەڵکو ئەو مرۆڤێکی مەعنەوی و بەئەخلاق بوو.
مەولەوی گوتەنی:
چینەی زیاتر موعجیزە مەشنەو / ئوممی و عەللامە و موعجیزە و ئەدەو
هەر ئەو مەعنەوییەت و رەوشتەشی وای کردووە ببێتە خۆشەویست و پێشڕەوی ملیۆنەها بەڵکو زێتر لە ملیارێک مرۆڤ.
٥.٨. من مسوڵمانم و باوەڕم بە قورئان هەیە، چونکە قورئان بە سروشتی تایبەتی کتێببوونی خۆیەوە، نەک هەر گەورەترین کتێبی ئەخلاقی و مەعنەوی مرۆڤایەتییە، ئەو قورئانەی سەرەڕای لە رووکەشدا وا دەردەکەوت کە زمانێکی دۆزەخییانە و توند و جیهادی هەیە، بەڵام کتێبێکی مەعنەویی گەورەیە و کاری ئەوەیە کە رێگەکانی مەعنەویبوون و گەڕانەوەمان بۆ دیاری بکات. هەر لێرەوە زمانی قورئان دوو بەشە لە پەنایەکدا، بەشی یەکەمی قورئانە لە سەردەمی دابەزینیدا و بەگوێرەی ئەو فەرهەنگەی کە تێیدا دابەزیوە، بۆ گۆڕینی مرۆڤەکانی ئەو قۆناغە تا بیانکات بە نموونەی مەعنەوی بۆ قۆناغەکان و لە کارەکەشیدا سەرکەوتوو بوو، ئەگەرچی دژی رووبەڕووبوونەوەی توند بووەوە، بە ناچارانە دەبوو بە زمانی ئەوان چارەسەری بابەتەکان بکات، بەڵام ئەم بەشە لە بنەوە مەعنەوییەت و رەحمەت و ئاشتی و بەخشندەیی و میهرەبانی تێیدا شەپۆل دەدات و دەبێت لێی تێبگەیت بۆئەوەی لە ئاستیدا بیت و بۆ ئەمەش پێویست بە تەفسیر و تێڕامان بگرە تەفسیری کولتووری هەیە، تا ئەو بنەما مەعنەوییە گەرم و جوامێرانەیە لەپێناو گۆڕانکاریدا بدۆزیتەوە کە ئێمە لە شوێنی دیکە بە قۆناغی (ئینزار) و زەنگی ئاگادارکردنەوە باسمان لێوە کردووە. لە پەنا ئەم بەشەدا لەناو هەمان بەش و بگرە لاپەڕە و تەنانەت هەمان سوورەتدا زمانێکی مەعنەوی جیهانی هەیە کە (ئەویش بە زمانی تذکرة) ناومان بردووە. کە گفتوگۆیە لەتەک ئەمڕۆدا و زیندووە و دەبێت بە هەموو بوونتەوە مامەڵەی لەتەکدا بکەیت.
قورئانی زیندوو، ئاوا تەڕ و تازە، وا مامەڵەی لەتەکدا بکەیت کە بۆ تۆ دابەزیبێت، و رێگەی گەڕانەوە و دەستکەوتنی مەعنەوییەتی تێدایە، رێگایەک لەناو تاریکییەکانی ژیاندا پیاوێک لە پێشتەوە بە چرایەکەوە دەڕوات. ئەو چرایەشی بۆ ئەوەیە کە رێگە بۆ خۆی و تۆش رۆشن بکاتەوە، بۆیە پێش هەموو کەس ئەو خۆی رێبواری رچەشکێن بوو، بە قوربانی بم زۆر باش و دڵسۆزانە و میهرەبانانە ئەو کارەی ئەنجام دا!
دەرەنجام
بۆیە من مسوڵمانم چونکە مسوڵمانێتی رێگەی مەعنەویبوونە و هەرچی زیاتر مسوڵمانتریش بیت مەعنەویتر دەبیت، و هەر سێ پەیوەندییەکەت قووڵ و فراوان و مانادار دەبن کە ئەوانیش: پەیوەندیمان لەگەڵ جیهانی باڵا، و پەیوەندیمان لەگەڵ دەوروبەر، و پەیوەندیمان لەگەڵ خۆمان و ژیانێکمان دەبێت، ژیانێکی خۆشی (دەرووندروست)، ژیانێکی چاک ژیانی ئەخلاقی، ژیانێکی گرنگ و ئامانجدار ژیانێکی مانادار لە شوێنی دیکەش وردەکاری زۆرترم لەسەر ژیانی مەعنەوی وتووە و نووسیوە!
هەر بۆیە لەبەر چوار هۆ من مسوڵمانم:
یەکەم: ئیسلام کۆمەڵگەی مەعنەوی دروست کردووە لەناو کۆمەڵگەی نامەعنەویدا، کۆمەڵگە مەعنەوییەکانیشی وەرچەرخاندووە و مەعنەویتری کردوون.
دووەم: رێگای مەعنەویبوونم پێ پیشان دەدات.
سێیەم: ریشەی مەعنەویبوونی پێشتری بۆ دۆزیومەتەوە.
چوارەم: رێگەیەکی مەعنەویی مسۆگەرە، بۆ ئەو کەسەی کەڵکەڵەی مەعنەویبوونی قووڵی هەیە.
پێنجەم: مەعنەوییەت شێوازێکە بۆ ژیان و رێگەی گەڕانەوە بۆ بنەڕەتی خۆ و دۆزینەوەی سەرچاوەی بنەڕەتی و بەختەوەری (الحیاة الطیبة)ـیە.
پەراوێزەکان:
١. هەرچەند کۆمەڵێک هەن پێچەوانەی ئەوە دەڵێن و پێییان وایە هەر بوونى ئەو بابەانە لە ناو زەینى مرۆڤدا مانای وایە تەنها لە ناو زەینى مرۆڤدا بوونیان هەیە و ئیدى لە واقیعدا بوونیان نییە. هەشە بۆ ئەوە دەڕوات کە بوونى بنەما دەمارییەکانى ئایینداری نە راستى بابەتە ئایینییەکان دەسەلمێنن و نە بە درۆشیان دەخەنەوە بروانە:نعیمە پور محمدى(١٤٠٢) علوم شناختى دین، نشر کرکدن ، چاپ اول ، تهران، ل ٣٧٥-٣٨٠.
٢. زاراوەکانى اسلم و اسلما وجهت وجهی مسلما لە زۆر شوێنى قورئاندا هاتووە کە مانای خۆدانە دەست و تەسلیم بوون دێت.
٣. بۆ نمونە ناشێت من لە پرسەیەکدا پێبکەنم و لە شاییدا بگریم
٤. هەر بۆیە کاتێک بیرم لە نوسینى ئەم بابەتە کردەوە کە بۆچی من موسڵمانم ئەو وەڵامەم دەستکەوت کە کرۆکى بابەتەکە دەبێتە ئەوەى من بۆچی باوەڕە موسڵمانانەکانم هەن. ئیدى لایەنەمانى دیکەی موسڵمانێتى نایەنە ناو باسەکەى منەوە.
٥. بۆ نمونە پێشەکییەکانیان نامانگەیەنن بە دەرەنجامەکان، یاخود کێشەی خولانەوە و دەوریان هەیە و پێشەکییەکان هەمان دەرەنجامەکنن: بۆ نمونە بوڵگەی ئانسیلم. هەر چەند ئەم رایەش بە گوێری گێرانەوەکانى بەلگەکان جیاوازە . بۆ نمونە لەوە دەچێت لە گێرانەوەی بەڵگەیەکدا هەڵەی لۆجیکى هەبێت بەڵام لە گێرانەوەیەکى دیکەدا وانەبێت .
٦. وەک بەڵگەی شەڕ و تەفسیرکرنى ئاسانتری گەردوون بە بیرکرنەوەی نئایینى تا بیرکردنەوەی ئایینییانە
٧. وەک پەرجووی زانستى و ژمارەی ناو قورئان.
٨. بە بۆچوونى من لە پێناو ئەو کەڵکەڵە گەورەیەدا دەبێت ببینە شوانى بوون،وەک هایدگەر دەڵێت، بڕوانە: ریموند گویس، فلسفەکار(١٤٠٣)، ترجمە کیوان سررشتە، نشر: بیدگل، تهران، ١٤١-١٤٣
٩. ئەم بۆچوونەم لەگەڵ بۆچوونى ئیبنالرشدى فەیلەسوف یەک دەگریتەوە کە عەقڵانییەتى پێویست پێغەمبەرتەنها ئەوەیە کە پێغەمبەر شەریعەتى هەیە واتە ریگەی مسۆگەری گەڕانەوە ی بروانە: الدكتور محمد العابد الجابري مدخل الى القرآن الکریم (الجزء الاول فی التعریف بالقرآن) مركز دراسات الوحدة العربية، بيروت تشرين الاول/ اكتبر 2006م. ل ١٩١-١٩٦.
١٠. عەقڵانییەت و ژیرییەک پێشگریمانەی راز و بەلاوە گرنگ بوون و بوونى کەڵکەڵەی پێویستە. هەندێک لە ئیمانگەرایان پێیان وایە هەر ئەمەیە دەبێت ئیمانگەراییەکى تەنکى ببێت. بە گوتەی هەندێکى دیکە میتافیزیکێکى تەنکى دەوێت . هەر بۆیە داوا دەکەن لە بابەتى مومکین بوونى مەعنەوییەتى مۆدێرندا دەڵێن دەبێت میتافیزیکى قایمى سەردەمەکانى پیشوو بە میتافیزیکى تەنک و سادە وەرچەرخێت. بڕوانە: سروش دباغ(طرحوارەای از عرفان مدرن) (١٣٩٧) بنیاد سهروردى، چاپ اول، تورنتو، ل ١٣٥-١٥١.
١١. هەر لێرەوەیە ئەوەى ئەو لە بیربکات ئەوا خۆی لەبیر کردووە ک(نسوا الله فانساهم انفسهماولئک هم الفاسقون) سورەتى الحشر ئایەتى١٩.
١٢. مەبەست لە عەقڵی ناوەکى تایبەت ئەو جۆرە عەقڵەیە کە بۆ کەسی خاوەن عەقڵە باوەڕپێهێنەرەوە بێ ئەوەى پێویست بە بەڵگەی دەرەکى گشتگیر بکات بۆ ئەوەى بۆ خەڵک دیکەی بسەلمێنێت.
١٣. ئەو ئایەتەى قورئان کە مونافیقەکان دەڵێن شایەتى دەدەین کە تۆ پێغەمبەری خوایت خواش شایەتى دەدات کە تۆ پێغەمبەری ، بەڵام خوا شایەتى دەدات کە ئەوان درۆدەکەن,. لەوەدا درۆناکەن کە موحەمەد پێغەمبەرە ئەمە عەقڵی گشتییە، بەڵام ئەوان لەناو خۆیاندا درۆدەکەن کە باوەڕییان پێیی نییە کە ئەو پێغەمبەر بێت:( إذا جاءك المنافقون قالوا نشهد إنك لرسول الله والله يعلم إنك لرسوله والله يشهد إن المنافقين لكاذبون) المنافقون ئایەتى(١)
١٤. بروانە: حلاق، وائل، (٢٠٠٧)، نشاة الفقه الاسلامى و تطوره، ترجمة: ریاض المیلادى، دار المدار الاسلامی، بیروت، الطبعة الاولى.
١٥. سەیری پرۆژەی زێتر لە سێ چارەکە سەدەی فەیلەسوفێکى وەک هابرماس بکە کە تەنها ئامانجى ئەوەیە کە ئەوەى دەیبینن دەرەنجامى عەقڵانییەت نییە بەڵکو وازهێنانە لە عەقڵ و داستانى عەقل هێشتا کۆتایی نەهاتووە : يورگن هابرماس، دگرگونى ساختارى (كاوش در باب جامعە بورژوايي) ت: جمال محمدى، نشر أفكار، تهران، چاپ سوم 1388.
١٦. کاری چاک تەنانەت بە نییەتى خراپیشەوە ئەنجام بدرێت هەر رۆڵی خۆی دەبێت لەبەرسەربەخۆبوونى کاری چاک لە ئەنجامدەری چاکەکە، بەلام کشەکە ئەوەیە کە ئەو کەسەی بە نییەتى خراپەوە کار ئەنجام دەدات خۆی سوودى لێنەبینیوە و وەرنەچەرخاوە بۆ مرۆڤێکى ئەخلاقی.
١٧. داستانى فەرمودەی ( لا رهبانیة فی الاسلام).
١٨. ئەمە مانای ئەوە نییە کە من باوەڕم بە بەڵگەی عەقڵی و پەرجووی پێغەمبەران و پەرجووی ناو قورئان نییە، هەرچەند پێم وایە زۆرێک لەو بابەتانەی بە بەڵگەیان دادەنێن کەمهێنانیان تێدایە و ئەو پەرجووانەش دەدرێنە پاڵ پێغەمبەران یان لە رووی مێژوویی و سەنەدەوە کێشەیان تێدای یان پەرجوو نین، ئەگینا لە رووی عەقڵیشەوە بوونى پەرجوو شیمانەی هەیە و رووشی داوە .
١٩. لەم سەردەمى سیکۆلاریزمەدا ئەوانەی کە شۆڕشی گەورەیان لە ژیانى مرۆڤایەتی ئەنجام دا هەر مرۆڤە مەعنەوییەکانى وەک گاندى و ماندێلا دایکە تێرێزا و ئیقباڵ لاهوری و حەسەن بەنا بوون.
——
سەرچاوەکان:
١-إقبال، محمد، (٢٠٠٠)، تجدید التفكیر الدینی فی الإسلام، ترجمة: عباس محمود، مراجعة: عبد العزیز المراغی و مهدی علام، دار الشروق، بیروت، الطبعة الاولى.
٢-حلاق، وائل، (٢٠٠٧)، نشاة الفقه الاسلامى و تطوره، ترجمة: ریاض المیلادى، دار المدار الاسلامی، بیروت، الطبعة الاولى.
٣-الدكتور محمد العابد الجابري العقل الأخلاقى العربي (دراسة تحليلية نقدية لنظم القيم في الثقافة العربية) مركز دراسات الوحدة العربية، بيروت مارس 2001م.
٤-الدكتور محمد العابد الجابري مدخل الى القرآن الکریم (الجزء الاول فی التعریف بالقرآن) مركز دراسات الوحدة العربية، بيروت تشرين الاولظ/ اكتبر 2006م.
٥- محمد عابد الجابرى، الدين و الدولة و تطبيق الشريعة، بيروت، مركز دراسات الوحدة العربية، 1996.
معالم في المنهج القرآنى (حوار مع الأستاذ الدكتور طه جابر العلواني)، اعداد: هاوذين عمر، المعهد العالمي للفكر الأسلامي، الطبعة الأولى، السليمانية 2009.
٦_ سروش دباغ(طرحوارەای از عرفان مدرن) (١٣٩٧) بنیاد سهروردى، چاپ اول، تورنتو.
٧_ ریموند گویس، فلسفەکار(١٤٠٣)، ترجمە کیوان سررشتە، نشر: بیدگل، تهران،
٨-مایکل لینچ، در ستایش عقل، چرا دموکراسی وامدار عقلانیت است، ترجمهی یاسر میردامادی، تهران: نشر نو،
٩-نعیمە پور محمدى(١٤٠٢) علوم شناختى دین، نشر کرکدن ، چاپ اول ، تهران ١٤٠٢
١٠_ يورگن هابرماس، دگرگونى ساختارى (كاوش در باب جامعە بورژوايي) ت: جمال محمدى، نشر أفكار، تهران، چاپ سوم 1388.
11- Jeffery, Arthur. (1937). Materials for The History of The Text of The Qur’an. Leiden: Brill.
12 – Bhuyan Mitali, S.K. Khandelwal, S. Gupta. (2009) . “A Study of Late Onset Schizophrenia: Clinical Characteristics with Review of Literature.” In Delhi Psychiatry Journal. 12(1). p 84-93.
13 – Bucaille, Maurice. (2001). The Bible, The Quran and Science: The Holy Scriptures Examined In The Light Of Modern Knowledge. 127 /
14- Cohen, Carl I. (2003). Schizophrenia Into Later Life : Treatment, Research, and Policy. Washington, DC: American Psychiatric Publishing. p 49-50.
15- Dever, William. G. (2001). What Did The Biblical Writers Know And When Did They Know It? What Archaeology Can Tell Us about the Reality of Ancient Israel. Cambridge, U.K: William B. Eerdmans Publishing Company.
16- DeLisi, Lynn E. (2011). 100 Questions & Answers about Schizophrenia: Painful Minds. MA: Jones and Bartlett. p 125.
17 – Finkelsteni, Israel & Mazar, Amihai. (2007). The Quest for the Historical Israel: Debating Archaeology and the History of Early Israel. Atlanta: Society of Biblical Literature.
18 – Frith, Chris and Eve Johnstone. (2003). Schizophrenia: A Very Short Introduction. Oxford: Oxford University Press.
19- Iorizzo, Carrie. (2014). Schizophrenia and Psychotic Disorders. New York: Crabtree Publishing Company.
20- Manser, Martin. H. (2009). Critical Companion to The Bible: A Literary Reference. New York: Facts on Fil, Inc. / 128
-21Muhammad Iqbal, Shikwa and Jawab-i- Shikwa, Iqbal’s Dialogue with Allah, trans. –22Khushwant Singh (New Delhi, India: Oxford University Press, 1991).
-23Navid Kermani, The Terror of God: Attar, Job and the Metaphysical Revolt (Cambridge, MA: Polity, 2011
23- Ptolemy. (1984). Ptolemy’s Almagest. Translated and Annotated by G. J. Toomer. London: Duckworth.
24- Van Seters, John. (1987). “Moses”. In Encyclopedia of Religion. Ed Lindsay Jones. Detroit: Macmillan Reference USA.
ئایا نیگەرانی ئەوەن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وەک – چات جی پی تی – لەلایەن خوێندکارانتانەوە بکەن؟ ئایا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن کە لە قەدەغەکردنی ناکاریگەر و بێ پرسیار باشتر بێت؟ خۆشحاڵم بە ڕاگەیاندنی سەرچاوەیەکی نوێ و بەسوود کە ئێستا بە زمانی کوردی بەردەستە: کۆمەڵە سلایدێکی وانەوتنەوە بە ناونیشانی “ژیریی دەستکردی: دەستپێکێکی گرنگ.”
ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی
ئایا نیگەرانی ئەوەن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وەک – چات جی پی تی – لەلایەن خوێندکارانتانەوە بکەن؟ ئایا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن کە لە قەدەغەکردنی ناکاریگەر و بێ پرسیار باشتر بێت؟ خۆشحاڵم بە ڕاگەیاندنی سەرچاوەیەکی نوێ و بەسوود کە ئێستا بە زمانی کوردی بەردەستە: کۆمەڵە سلایدێکی وانەوتنەوە بە ناونیشانی “ژیریی دەستکردی: دەستپێکێکی گرنگ.”
ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی






