Frames of Mind: The Theory of Multiple Intelligences
زیرەکی تەنیا سەبارەت بە لۆجیک، زمان، میوزیک، بۆشایی، بیرکاری، جەستە، خود و کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکو دوای ٢٠١٦، زیرەکیی (وجودی، ژینگەیی، ئەخلاقی و پێداگۆجی – فێرکاری)یشی بۆ زیاد کرا.
“هەموو کەسێک بلیمەتە! بەڵام ئەگەر حوکم لەسەر ماسییەک بدەیت بەوەی کە ناتوانێت بەسەر داردا سەربکەوێت، ئەو ماسییە تەواوی ژیانی وا دەژی کە بڕوای وایە گەمژەیە.” – ئەنشتاین.
“ئێمە تەنیا ئاگایین، لەوە بترازێت گۆشت و ئێسکین” مەولانا.
مرۆڤەکان چەندین زیرەکییان هەیە، مەرج نییە یەکێکیان زیرەک هەبێت و ئەوی تریان نەبێت! بەڵکو چۆنێتی هزریان و لێهاتوویی و ژیرییان لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر جیاوازە. هیچ دوو مرۆڤێک نادۆزیتەوە کە هاوشێوەی یەک بن لە ژیری و زرنگیندا، تەنانەت ئەگەر دوانە (دوانەی هاوشێوە)یش بن.
ئەو دەرئەنجامەی کە دەڵێت مرۆڤەکان خاوەنی تەنیا یەک جۆرە زیرەکی نین، لە سایکۆلۆجیای مۆدێرن و گەشەی مرۆڤدا جێگەی خۆی کردووەتەوە و چیتر تەنیا لە “IQ”دا کورت نابێتەوە. تیۆریاکە دەڵێت: مێشک و هۆشی مرۆڤ تەنیا یەک زیرەکی نییە، بەڵکو چەندین جۆری زیرەکی لە مرۆڤدا هەیە. بەمەش دەکرێت لە پێواژۆی پەروەردەدا رەچاوی جیاوازیی خوێندکاران بکرێت و هەریەکە و لە سایەی ناسینی زیرەکییەکەیدا پەرەی پێ بدرێت. ئایا مرۆڤ تەنیا بە تاقیکردنەوەی “IQ” ئاستی زیرەکی یان “EQ” زیرەکیی سۆزداری) دەپێورێت؟ لێرەوە زیاتر لەوە پێشنیار کرا، کە ئەویش “تیۆریای فرەزیرەکی” (MI)یە.
سێ کارەکتەر وەک نموونە بهێنە پێش چاوت:
١- کوڕێکی دوانزە ساڵەی خەڵکی دوورگەی “کارۆلاینا”: بەو تەمەنە بچووکەوە هەڵبژێردراوە ببێتە گەشتیارێکی شارەزا، شارەزاییەکی زۆری لە جوگرافیا و دەریاوانی و ئەستێرەناسیدا کۆکردووەتەوە.
٢- کوڕێکی پانزە ساڵەی ئێرانی: تەواوی قورئانی پیرۆزی لەبەرە، شارەزاییەکی باشی لە زمانی عەرەبیدا هەیە و دەبێتە بانگخوازێکی ئایینی یان زانایەک بۆ شارێکی پیرۆز دەنێردرێت.
٣- کچێکی چواردە ساڵەی پاریسی: فێربووە چۆن پڕۆگرامە سەختەکانی کۆمپیوتەر بۆ “کۆمپۆز”ی پارچە میوزیکێک بەکاربهێنێت.
هەر یەک لەم سێ کەسە، ئەرکی جیاواز و گرنگیان گرتووەتە ئەستۆ، کە پێویستی بە ئاگایی و هۆشیارییەکی تایبەت هەیە. لەڕاستیدا تیۆریا کۆنەکان ناتوانن ئەم جۆرە لێهاتوویی و توانایانە بپێون، چونکە ئامانجی ئەو تیۆریا کۆنانە لە تێگەیشتنی ئاگایی مۆدێرن، سنووردارە.
لەنێوان زانایاندا مشتومڕێکی شێلگیرانە هەیە سەبارەت بەوەی: ئایا زیرەکی(بۆماوەییە) و دەگوازرێتەوە، یان (بەدەستدێت)؟ هەندێکیان بڕوایان وایە رێژەیەکی زۆری بۆماوەییە، هەندێکی تریش دەڵێن هیچ شتێک بەو شێوەیە نییە و مرۆڤ دەتوانێت بە هەوڵ و کۆشش بەدەستی بهێنێت. رەنگە ئامانجی سەرەکیی ئەم تیۆریایە ئەوە بێت کە بۆماوەیی بێت یان نا، گرنگ ئەوەیە هەوڵ بدرێت ئەو دەرفەتە بۆ خەڵک بڕەخسێت و لە ژینگەیەکی لەباردا بن.
جۆرەکانی زیرەکی:
١- زیرەکیی میوزیکی (گوێی میوزیکی): ئەم کەسانە هێزێکی زۆریان لە ناسینەوەی دەنگەکان، ریتم و هارمۆنیدا هەیە. زوو درک بە میوزیک دەکەن و لە هەموو کەس باشتر ئارەزووی گۆرانی و میوزیک دانانیان هەیە. زۆر سەرکەوتوون لەو بوارەدا، وەک: مۆزارت و شەجەریان.
باخچەی ساوایان بهێنە پێش چاوت، سێ منداڵ لە کێبڕکێیەکی میوزیکدا بەشدارییان کردووە:
منداڵی یەکەم: بە شێوەیەکی ورد و هێمنانە دەست بە سۆڵۆ ژەنین دەکات.
منداڵی دووەم: ئۆپێرایەکی مۆزارت بە باشترین شێوە دەچڕێت، لە کاتێکدا تەنیا یەک جار گوێی لێ بووە.
منداڵی سێیەم: پارچە میوزیکێکی سادە بە پیانۆ دەژەنێت کە خۆی دایناوە.
هەر یەک لەم منداڵانە خاوەن بەهرەیەکی باڵای میوزیکین، کەچی پاشخانیان جیاوازە. منداڵی یەکەم لە ژینگەیەکی پەروەردەیی ژاپۆنی بە ناوی (سۆزۆکی) فێری ژەنینی ئامێری ژێدار بووە. منداڵی دووەم سەرەڕای ئەوەی تووشی ئۆتیزمێکی دژوار بووە و توانای قسەکردن و گفتوگۆی لەگەڵ دەوروبەردا نییە، بەڵام هەر گۆرانییەکی میوزیکی ببیستێت، دەتوانێت بیڵێتەوە. منداڵی سێیەمیش لە خێزانێکی میوزیکناس گەورە بووە و ئەم ئەزموونە وای کردووە داهێنان بکات. خاڵی هاوبەشی نێوانیان ئاگاییی میوزیکییە کە پەیوەندیدارە بە هەستی بیستن و دەنگ و ریتمەوە.
٢- زیرەکیی زمانی (وشەیی): کاریگەرییەکانی وشە و زمان، ئەو ئاگاییەی کە رۆمان و چیرۆک دەنووسێت، وەک شەکسپیر، ئەحمەدی خانی، نالی، هێمنگوەی. کاتێک شاعیرێک کار لەسەر شیعرێک دەکات، وشەکان لە دڵ و دەروونیدا هەڵدەبژێرێت تا گونجاوترین وشە دابنێت کە ماناکە بەڕاستی بگەیەنێت. ئەم لێهاتووییە پەیوەندیدارە بە گەشەی زمانەوانییەوە. بیریارێکی ئێرانی دەڵێت: یەکێک لە وەرگێڕە گەورەکانی ئێران (میر شەمسەدین ئەدیب سوڵتانی) لە وەرگێڕانێکدا ئیشەکەی بۆ ماوەی شەش مانگ دوادەخات، هەواڵی دواکەوتنی ئیشەکەی دەپرسن، سوڵتانی خۆی دەڵێت: ”شەش مانگە بۆ وشەیەک گیرم خواردووە.” پەیامی سەرەکی ئەوەیە کەسانێک هەن ئاگایی زمانیان زۆر باڵایە، شاعیرەکان لەوانن. ئەمە ئاستێکی باڵای زیرەکیی زمانییە. زۆرترین لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەم زیرەکییە کراوە، تەنانەت لە مێشکدا جێگەی تایبەتی بۆ دیاری کراوە (ناوەندی زمان)، کە ئەگەر زیان بەو شوێنە بگات، کەسەکە تووشی گرفتی قسەکردن دەبێت.
٣- زیرەکیی بیرکاری (لۆجیکی): ئەم کەسانە لە بابەتە لۆجیکی و بیرکارییەکاندا سەرکەوتوون، ئارەزووی یارییە ژمارەییەکان دەکەن، وەک مەتەڵ و پازڵە ئاڵۆزەکان، وەک ئەنشتاین. منداڵێک بهێنە پێش چاوت کە لەبەردەم کۆمەڵێک شتدا دانیشتووە، دەیانژمێرێت و دەیانخاتە لایەک، پاشان رێکیان دەخاتەوە و دەیانگۆڕێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئارەزوویەکی زۆری بۆ ژمارە و رێکخستنی شتەکان هەیە. ئەم رەفتارانە بەرەو زیرەکیی لۆجیکی و بیرکاریی دەڕۆن. ئەم جۆرە زیرەکییە لەگەڵ بەرکەوتن بە شتەکان و مامەڵەی رۆژانە گەشە دەکات و دەبێتە بیرکردنەوەیەکی زانستی و ئەبستراکت.
٤- زیرەکیی جەستەیی (جووڵەیی): ئەو کەسانەن کە دەتوانن جەستەیان بە باشترین شێوە بەکاربهێنن، وەک وەرزشکاران؛ مێسی، سەماکاران، و تەنانەت میکانیک و پزیشکە نەشتەرگەرەکان. لە درێژایی مێژوودا مرۆڤ توانای جەستەیی خۆی بەکارهێناوە، بەڵکو هەندێکیان مانایەکی نایاب و جیاوازیان پێداوە. لە کۆنەوە مرۆڤەکان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان وێنەی سەمایان کێشاوە. خێرایی، هێز و هاوسەنگیی جەستە، پەیامی سەرەکیی ئەم جۆرە زیرەکییەیە، کە مێشک و جەستە پێکەوە بەوپەڕی جوانییەوە کارەکان ئەنجام دەدەن.
٥- زیرەکیی خودی (خۆناسین): ئەم کەسانە زۆر باش خۆیان دەناسن، زیرەکیی خودییان بەهێزە. زۆرتر بە تەنیا کاردەکەن و بیردەکەنەوە، وەک فەیلەسووفەکان. لە ساڵی ١٩٠٩دا، ویلیام جێمس و فرۆید لە ئەمریکا وانەیان دەوتەوە. فرۆید کاری لەسەر سایکۆلۆجیای خود و گەشەی دەروونی و ژیانی ناوەوەی مرۆڤ دەکرد، بەڵام جێمس کاری لەسەر پەیوەندییەکانی مرۆڤ دەکرد. لێرەدا دوو جۆرە زیرەکی دروست بوو: زیرەکیی نێوکەسی (Intrapersonal) و زیرەکیی نێوانکەسی (Interpersonal).
پەیامە سەرەکییەکەیش کە بۆ خاڵی پێنج و شەش دەگونجێت بریتییەلە؛ ئاگایی بە رانبەر بە خودی خۆمان و ئەوانی تر، زیرەکیی خودی دەربارەی ناسین و زانیاری خودی کەسەکەیە، واتە دەربارەی ناسینی باوەڕ، هەست وسۆز، ویستی کەسەکەیە. بەپێچەوانەی زیرەکیی کۆمەڵایەتی، کە ئاگاییە بەرانبەر ناسینی ئەوانی تر. وەک رۆماننووس (پڕۆست) بەچڕی لەسەر هەستەکان نووسیویەتی، یان (گاندی) کە خاوەن ئاگاییەکی باڵا بووە لە ناسینی ئەوانی تردا، هەردوو ناوبراو وەک نوێنەری ئەو دوو جۆرە زیرەکییە تەماشا دەکرێن.
٦- زیرەکیی کۆمەڵایەتی (نێوانکەسی): ئەم کەسانە هەست و سۆزی بەرانبەر زۆر باش دەخوێننەوە. لە کاری گروپیدا سەرکەوتوون و توانایەکی زۆریان لە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕادا هەیە، وەک گاندی و دایکە تێرێزا.
٧- زیرەکیی ژینگەیی (ژینگەدۆستی): ئەم کەسانە ئاگاییان بەرانبەر ژینگە و گیانداران زۆرە. عاشقی سروشت و گوڵن، وەک گالیلۆ و چالاکانی ژینگە. کاتێک بە دارستانێکدا دەڕۆیت، هەستێکی تایبەتت بەرانبەر درەختەکان و گیانداران بۆ دروست دەبێت؟ تۆ لەوێدا تەنیا تەماشاکەر نیت، بەڵکو تێگەیشتوویت سروشت چییە. بە ناسینی دەروبەرمان زۆرجار عاشقی گیاندار و باڵندەکان دەبین، تێدەگەین کە پێویستە زۆر شت دەربارەیان بزانین.
٨- زیرەکیی وجودی (بوونناسی): خاوەنی ئەم زیرەکییە هەمیشە پرسیاری گەورەیان لەسەر بوون و ژیان هەیە، وەک: من کێم؟ لەکوێوە هاتووم؟ ئامانجی بوونم چییە؟ بۆ کوێ دەگەڕێمەوە؟ ئەم پرسیارانە هاوشانن لەگەڵ بابەتە رۆحی و مەعنەوییەکان و بیرکردنەوە لە مێتافیزیک، وەک کیرکەگۆرد و بودا.
٩- زیرەکیی بۆشایی (بینراو): ئەم کەسانە توانایەکی تەواویان لە وێناکردنی بۆشایی و فەزای دەوروبەریان هەیە. شتەکان بە شێوەی سێ رەهەندی دەبینن. عاشقی هونەر و وێنەکێشان و پەیکەرسازی و تەلارسازین. بۆ تاقیکردنەوە، وێنای ئەسپێک بکە لە مێشکتدا، دواتر وێنای بەرزترین شوێنی بکە، کلکێتی یان سەری، یان وێنای پارچە کاغەزێک بکە و سێ جار لە مێشکتدا بینووشتێنەرەوە، بزانە چەند لاکێشەت دروست کردووە؟
بەشێوەیەکی گێشتی، ئەمە زیرەکیی بۆشاییە. بریتییەلە وێناکردنی وردی جیهانی بینراو، وەرگرتن و گۆڕین و شوێنگۆڕین، رێکخستن، تەنانەت نابیناکانیش ئەم زیرەکییەیان هەیە، چونکە ئەمە تەنیا پەیوەندی بە بینینەوە نییە، بەڵکو وێناکردنە. منداڵانی “ئەسکیمۆ” بەهۆی ئەوەی لەنێو بەفردا گەورە دەبن، توانایەکی بێوێنەیان لە دۆزینەوەی رێگاکان لەناو بەفردا هەیە، بە رادەیەک توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە ئاستی دۆزینەروەی شوێن لە کەشە دژوارەکاندا لای ئەو منداڵانە بە رێژەی ٪٦٠ لە منداڵانی تر بەرزترە.
١٠- زیرەکیی ئەخلاقی (هەستی ئەخلاقی): هەمیشە بیریان لای گونجاوی و نەگونجاوییە، گرنگترینەکانی ژیانی ئەوان بابەتە ئەخلاقییەکانە، بڕوایەکی بەهێزیان بە بەها ئەخلاقییەکان هەیە، وەک فەیلەسووفانی ئەخلاق.
١١- زیرەکیی پێداگۆجی (فێرکاری): بریتییەلە توانا و لێهاتوویی گواستنەوەی زانیاری و فێرکردنی ئەوانی تر بە شێوەیەکی ئاقڵانە. بیهێنە بەرچاوت دوو کەس هەمان بڕوانامەیان لە هەمان بابەتدا هەیە، بەڵام یەکێکیان مامۆستایەکی زۆر باشە و ئەوی تریان تەنیا زانیارییەکانی لایە و پسپۆڕە، بەڵام توانای گەیاندنێکی باشی نییە، هەندێک کەس بڕوانامەی بەرزیان هەیە بەڵام ناتوانن فێرکار بن، هەندێکی تریش بەهرەی مۆمۆستایەتییان تێدایە و سەرنجی منداڵ رادەکێشن. ئەمە لێهاتووییەکی بلیمەتانەیە لە فێرکردندا.
لەمەش سەیرتر منداڵان مامۆستای زۆر بلیمەتن، کارێکی فێرکردن بە منداڵێکی ٣-٤ ساڵ بسپێرە، بڵێ ئەوە چییە، تێم بگەیەنە، دەبینیت کە ورد ورد بە ئاماژە و جووڵەی دەستە بچووکەکانی کارێکی وا دەکات لێی تێبگەین!
لە کۆتاییدا:
ئەگەر کەسێک بییەوێت فێری پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر ببێت، کام زیرەکییەی بۆ پێشنیاز دەکەیت؟ پێدەچێت یەکەم و دڵنیاترینیان زیرەکیی بیرکاری و لۆجیکی بێت، پاشان زیرەکیی زمانی، هەروەها سوودوەرگرتن لە زیرەکیی میوزیکی بۆ دانانی پڕۆگرامەکان. پەیامی سەرەکی ئەوەیە کە پێویستە سیستەمی پەروەردە سوود لە تیۆریای فرەزیرەکی وەربگرێت و رێکاری گونجاو بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی زیرەکیی تەمەنە جیاوازەکان بدۆزێتەوە.
تێبینی:
١.مێشکی مرۆڤ زۆر ئاڵۆزترە کە تەنیا بۆ چەند جۆرێکی زیرەکی کورت بکرێتەوە.
٢.هەر کەسێک بخوازێت، دەتوانێت ئاگامەندانە لە خۆی و ناوخۆی بڕوانێت و پەرە بە تواناکانی بدات.
هاۆرد گاردنەر (Howard Gardner)
ئامادەکردن و وەرگێڕان: کارزان جان
ئایا نیگەرانی ئەوەن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وەک – چات جی پی تی – لەلایەن خوێندکارانتانەوە بکەن؟ ئایا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن کە لە قەدەغەکردنی ناکاریگەر و بێ پرسیار باشتر بێت؟ خۆشحاڵم بە ڕاگەیاندنی سەرچاوەیەکی نوێ و بەسوود کە ئێستا بە زمانی کوردی بەردەستە: کۆمەڵە سلایدێکی وانەوتنەوە بە ناونیشانی “ژیریی دەستکردی: دەستپێکێکی گرنگ.”
ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی
ئایا نیگەرانی ئەوەن چۆن مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وەک – چات جی پی تی – لەلایەن خوێندکارانتانەوە بکەن؟ ئایا بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن کە لە قەدەغەکردنی ناکاریگەر و بێ پرسیار باشتر بێت؟ خۆشحاڵم بە ڕاگەیاندنی سەرچاوەیەکی نوێ و بەسوود کە ئێستا بە زمانی کوردی بەردەستە: کۆمەڵە سلایدێکی وانەوتنەوە بە ناونیشانی “ژیریی دەستکردی: دەستپێکێکی گرنگ.”
ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی







