سلێمانی، ٢٠٢٦/٣/٧ – لە نێو ئامێزی ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکاندا و وەک هەنگاوێکی جەوهەری بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی، ڕێکخراوی هەژان بۆنەیەکی شایستەی بۆ ناساندن و خستنەڕووی پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گەورە سازکرد. ئەم بەرهەمە تەنها کتێبێک نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی نوێیە لە تێگەیشتنی مێژووی ئیسلامی بە زمانی کوردی.
بەرهەمە نوێیەکە لەژێر ناوی (سیرەی قورئانی؛ خوێندنەوەیەکی قورئانییە بۆ ڕووداوەکانی سیرەت) لە نووسینی لێکۆڵەر و بیرمەند (مامۆستا بەکر حەمەسدیق) ڕاگەیەندرا. ئەم شاکارە زانستییە کە لە سێ بەرگی قەبارە گەورە و زیاتر لە ١٥٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە، زادەی حەوت ساڵ کارکردنی بەردەوام، شەونخونی و لێکۆڵینەوەی وردی نووسەرەکەیەتی، کە تێیدا بە دیدگایەکی قورئانییانەی قووڵ، دووبارە ڕووداوەکانی سیرەتی پێغەمبەری مەزنی (د.خ) خوێندووەتەوە.
لە ڕۆژێکی پڕ لە زانست و مەعریفەدا (شەممە، ٢٠٢٦/٠٣/٠٧)، هۆڵی ڕێکخراوی هەژان بووە مەڵبەندی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنقەڵەمان، مێژوونووسان، پسپۆڕانی ئاینی و خوێنەرانی تینووی مەعریفە. ڕێکخراوی هەژان، وەک ئەرکێکی سەرشانی لە بەرزڕاگرتنی کۆششە زانستییەکان و پێزانین بۆ ماندووبوونی چەندین ساڵەی مامۆستا بەکر حەمەسدیق، ئەم کۆڕە ناساندنەی ڕێکخست.
سەرەتای کۆڕەکە بە وتەیەکی کورتی نووسەر دەستی پێکرد، کە تێیدا تیشکی خستە سەر پاڵنەرەکانی نووسینی ئەم پڕۆژەیە و ئەو ڕەنجە زۆرەی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا کێشراوە بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە. پاشان، بەڕێز (د. تەحسین حەمەغەریب) لە کورتە باسێکی چڕ و پڕدا، شیکردنەوەیەکی زانستی بۆ ڕێباز و خەسڵەتە تایبەتەکانی کتێبی “سیرەی قورئانی” کرد و جەختی لەسەر گرنگی و جیاوازیی ئەم بەرهەمە لە چاو کارە کلاسیکییەکانی دیکەی سیرەت کردەوە.
بەشێکی تری ئەم کۆڕە تەرخانکرا بۆ دیالۆگی کراوە، کە تێیدا ئامادەبووان بە پرسیار، سەرنج و پێشنیازەکانیان دەوڵەمەندییان بە مژارەکە بەخشی و نووسەریش بە وردی وەڵامی تێبینییەکانی دایەوە.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوی هەژان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بێپایان بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی لە دوور و نزیکەوە بەشدارییان کرد، داوای لێبوردنی قووڵی خۆی ئاراستەی ئەو میوانە ڕێزدارانە دەکات کە بەهۆی لۆدی زۆر و سنوورداریی شوێنەکەوە، ناچار بوون تا کۆتایی مەراسیمەکە بە پێوە بوەستن. ئەم لێشاوە لە ئامادەبوون، نیشانەی زیندوویی کۆمەڵگەی کوردی و پەرۆشییانە بۆ کارە زانستییە ئاستبەرزەکان.








