نووسینى: محمد بقائی ماكان
و: یاسین حه‌مه‌سه‌عید
شاره‌زایان و بیریاران و ئه‌وانه‌ى كه له به‌رهه‌مه‌كانى “محه‌مه‌د ئیقباڵ لاهورى”یان كۆڵیوه‌ته‌وه، ئه‌وا ئه‌ویان به مه‌ولاناى سه‌رده‌مى نوێ ناوبردووه، ئیقبال یه‌كێكه له‌وانه‌ى كه زۆرێك له ئه‌زموونه‌كانى مه‌ولاناى لاى خۆى كۆكردۆته‌وه و وێڕاى ئه‌وه‌ش حه‌وت صه‌د ساڵ ئه‌زموونى پاش مه‌ولاناشى لایه و له دواى مه‌ولاناشه‌وه كه‌متر كه‌سێك هه‌یه هێنده‌ى ئیقبال توانیبێتى فه‌لسه‌فه‌ى نوێ و كۆن، له‌گه‌ڵ عیرفانى ئیسلامى و نا ئیسلامى و هه‌موو شێوازه‌كانى بیركردنه‌وى رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا، چه‌مكه‌كانى ئایینه‌كانى جیهان، تیۆره سیاسی و ئه‌خلاقى و سیاسیه‌كان، زۆرینه‌ى دیارده تیۆرى و كرداریه‌كان و هه‌روه‌هاش زۆرینه‌ى زانسته نوێیه‌كان ئاشنا بێت. ئیقباڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ى له ده‌فرى خومخانه‌ى زیهنى خۆیدا لێكئاڵاند و تێكه‌ڵى كردن و دواجاریش گوشراوه‌یه‌كى به‌ناوى “فه‌لسه‌فه‌ى خودى” به‌دیهێنا كه به‌شێكى هه‌ره زۆری كاریگه‌ره به هزره‌كانى مه‌ولانا. كاریگه‌ربوونى ئیقباڵ به مه‌ولانا ده‌كرێت به دوو به‌شه‌وه، یه‌كه‌م له رووى روخساره‌وه و دووه‌میش له رووى ناوه‌ڕۆكه‌وه. سه‌باره‌ت به به‌شى یه‌كه‌م ده‌بێت بوترێت كه زۆرینه‌ى “مه‌سنه‌ویه‌كان”ى ئیقبال له‌سه‌ر هه‌مان “به‌حر”ى مه‌سنه‌وى مه‌ولانان واته “رمل مسدس”ن. پانزه غه‌زه‌ل له غه‌زه‌كانى ئیقبالیش له پێشوازى غه‌زه‌له‌كانى مه‌ولانادایه. هه‌روه‌ها چه‌ندین چه‌مك و پێكهاته‌ى مه‌ولاناى كه له “دیوانى كه‌بیر” و “مه‌سنه‌وى مه‌عنه‌وى” هه‌ن، ئیقبال سه‌رله‌نوێ له به‌رهه‌مه‌كانى خۆیدا به‌كارى هێنانه‌ته‌وه.
ئیقباڵ له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیدا له “ئه‌سرار خودى”ه‌وه كه یه‌كه‌مینیانه و هه‌تا “ئه‌رمه‌غانى حیجاز” كاریگه‌ریه‌كى بێوێنه‌ى مه‌ولانا تێیاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه و مه‌ولانا به ناوه‌كانى “مورشید” و “پیر” نێو ده‌هێنێت. له سه‌ره‌تاى مه‌سنه‌وى “چه باید كرد- ده‌بێت چى بكرێت” ده‌ڵێت:
پیر رومی، مرشد روشن چمیر كاروان عشق و مستی را امیر
منزلش برتــر زماه و ێ‌فتاب خیمه را از كهكشان سازد گناب
از نـی ێن نـی‌نــواز پاكـزاد باز شـوری در نهاد من فتـاد
واته: پیرى رۆمى، مورشیدى ویژدان رووناك كه سه‌رقافڵه‌ى كاروانى عیشق و مه‌ستیه. پله‌ى سه‌رووتره له مانگ و خۆر گوریسى چادره‌كه‌ى له ئه‌ستیره‌ى كاكێشانه‌كان ده‌هۆنێته‌وه. به‌هۆى نه‌ى ئه‌و شمشاڵ ژه‌نه پاك سروشته‌وه، وا جارێكى تر شه‌وقى له ناخمدا زیندوو كرده‌وه.
ئیقبال به‌ڕاده‌یه‌ك به مه‌ولانا كاریگه‌ره كه ده‌ڵێت: ” فكر من بر ێستانش در بسجود – فیكرى من له باره‌گاى ئه‌ودا له سوژده‌دایه”.
له “جاویدنامه”دا كه له‌سه‌ر شێوازى “ئه‌ردویرافنامه، الغفران، سیر العباد و كۆمیدى ئیلاهى”ه‌دایه مه‌ولانا وه‌ك رێنوماییكارى گه‌شته خه‌یاڵیه خۆى بۆ جیهانه‌كه‌ى تر هه‌ڵده‌بژێرێت و ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش رێزێكى گه‌وره‌یه كه ئیقبال بۆ مورشید و مورادى خۆى داناوه و به‌دووى عه‌قڵ و عیشقى راسته‌قینه‌دا له مه‌ولانادا ده‌گه‌ڕێت. بۆیه هه‌ڵبژاردنى مه‌ولانا وه‌ك رێپیشانده‌رى رێگه له “جاویدنامه”دا ده‌توانێت بوترێت تێهه‌ڵكێشانى عه‌قڵ و عیشقه كه له “سیر العباد”دا رینوماییكارى “سه‌نایی”ه و هه‌روه‌ها له قاڵبى “بیاتریس”یشدا ده‌بێته رێپیشانده‌رى “دانته” له “كۆمیدى ئیلاهى”دا. ناو و یادى مه‌ولانا ته‌نانه‌ت له هۆنراوه‌كانى دوا رۆژه‌كانى ژیانیدا كه له “ئه‌رمه‌غانى حیجاز” كۆكراونه‌ته‌وه و له پاش كۆچى دوایی ئیقباڵ بڵاوكرانه‌وته‌وه، به روونى ره‌نگ ده‌داته‌وه.
مه‌ولانا، “شه‌مس”ى هزرى ئیقباڵه و له دێره شیعرێكى “ئه‌رمه‌غانى حیجاز”دا له‌باره‌ى كاریگه‌ربوونى خۆى به مه‌ولانا ده‌ڵێت:
گره از كار این ناكاره، واكرد غبار رهــگـژر را، كیمیا كرد
نی ێن نی نــواز پاكبــازی مرا با عشق و مستی ێشنـا كرد
واته: “گرێى له كارى ئه‌م بێكاره كرده‌وه و تۆزى پێى رێبوارى كرده زێڕ، نه‌ى ئه‌و شمشاڵ ژه‌نه‌ش بوو كه منى له‌گه‌ڵ عیشق و مه‌ستى ئاشنا كرد”.
سه‌باره‌ت به “مه‌سنه‌وى مه‌عنه‌وى” مه‌ولانا و ئه‌م ده‌ریا پان و به‌رینه، پله و پایه‌یه‌كى نزیك له قورئانى پێده‌دات و له مه‌سنه‌وى “ئه‌سرارى خودى” ده‌ڵێت:
روی خود بنمود پیر حق سرشت كه او به حرف پهلوی قرێ‌ن نوشت
واته: “روخسارى خۆى ده‌رخست ئه‌و پیره پاك سروشته و قورئانى به زمانى په‌هله‌وى نووسى”.
ئیقباڵ كه له دوا ساڵه‌كانى ژیانیدا سۆماى چاوانى به‌ره‌و كزى رۆیشت بوو، ته‌نها قورئان و مه‌سنه‌وى ده‌خوێنده‌وه. له یه‌كێك له نووسراوه‌كانیدا ئاماژه به لاوازى بینایی خۆى ده‌كات و ده‌ڵێت: “ماوه‌یه‌كه خوێندنه‌وه‌م وه‌لا ناوه، ئه‌گه‌ر جاروبار شتێكیش بخوێنمه‌وه ته‌نها قورئانه یان مه‌سنه‌وى مه‌ولانا” له شوێنێكى دیكه‌شدا ئه‌و به‌هرانه‌ى كه له هزره عیرفانی و فه‌لسه‌فیه‌كانى مه‌ولانا ده‌ستى كه‌وتوون به‌وپه‌ڕى شانازیه‌وه باسیان ده‌كات و هۆگربوونى موریدانه‌ى خۆى بۆ مه‌ولانا به شێوازى جیاواز ده‌رده‌بڕێت و له هۆنراوه‌یه‌كدا ده‌ڵێت:
بیا كه می، ز خم پیر روم، ێوردم می سخن، كه جوان‌تر، ز باده‌ى عنبی است
واته: “وه‌ره كه من مه‌یم له خومى پیرى رۆمه‌وه هێناوه، ئه‌ویش مه‌ى وته‌یه كه جوانتره له شه‌رابی ترێ”.
مه‌وله‌وى خۆى به درێژه‌پێده‌ر و بڵاوكه‌ره‌وه‌ى هزره‌كانى مه‌ولانا ده‌زانێت و په‌یامى خۆیشى هه‌ر له‌مه‌دا ده‌بینێته‌وه‌كه به په‌ره‌پێدان به بیروڕاكانى گیانى بزاوت و گه‌شه‌ى به‌رده‌وام له‌نێو گه‌لانى رۆژهه‌ڵاتدا واته جیهانى ئیسلامى زیندوو بكاته‌وه و بزاوتێك له‌نێو ئه‌واندا به‌دى بهێنێت كه چیدى خۆیان فه‌رامۆش نه‌كه‌ن و هه‌موو شتێك له بێگانه داوا نه‌كه‌ن. ئیقباڵ له‌گه‌لێك رووه‌وه سه‌رده‌مى خۆى وه‌ك سه‌رده‌مى مه‌ولانا ده‌بینێت. له‌سه‌رده‌مى مه‌وله‌ویدا خه‌ڵكى له ترسی مه‌غۆله‌كان زه‌لیل و بێچاره بوو بوون و له ئاكامیشدا ره‌وتى مه‌عنه‌ویه‌تگه‌رایی و ئه‌خلاقى له پاشه‌كشه‌دا بوو. هێرشى مه‌غۆله‌كان بوو به هۆى له‌ناوچوونى هێز و ده‌سه‌ڵاتى سیاسی رۆژهه‌ڵاتیه‌كان “جیهانى ئیسلامى”. له سه‌رده‌مى ئه‌مرۆشدا ئیقباڵ پێى وا عه‌قڵگه‌رایی توندڕه‌و مه‌غۆلێكى نوێیه و هێرشى كردۆته سه‌ر ئیسلام. ئیقباڵیش زۆر به جوانى هه‌ستى به مه‌ترسی ئه‌مه كرد بوو بۆیه بڕیاریدا وه‌ك مه‌وله‌وى بچێته به‌ره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه و تێكۆشانه‌وه. مه‌وله‌وى وه‌ك له “فیه ما فیه”دا ده‌رده‌كه‌وێت له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیدا ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ش كه به كرێگیراوێكى وه‌ك “موعینولدین په‌روانه” له‌وێدا ئاماده بوو به‌ره‌نگارى مه‌غۆله‌كان ده‌بوویه‌وه و داواى به‌رهه‌ڵستى خه‌ڵكى له دژى مه‌غۆله‌كان ده‌كرد و داواى ده‌كرد كه سه‌ربه‌خۆیی و ناسنامه‌ى گه‌له‌كه‌یان به‌رگرى بكه‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌كێك ناوه‌رۆكه سه‌ره‌كیه‌كانى به‌رهه‌مه‌كانى ئیقباڵه و له مه‌سنه‌ویه‌كانى “چه باید كرد- ده‌بێت چى بكرێت و “گلشن راز جدید -گوڵشه‌نى رازى نوێ” و “به‌نده‌گى نامه” به روونى ئه‌م شێوازى بیركردنه‌وه‌یه به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت. كه‌واته ئیقباڵ هه‌مان رۆڵى مه‌ولانا ده‌گێرێت له سه‌رده‌مه‌دا كه كاتى خۆى مه‌ولانا به‌ر له “700” ساڵ گێڕاویه‌تى.
چو رومی، در حرم، دادم اژان من از او ێموختم، اسرار جان من
به دور فتنــه عصـر كه‌ن، او به دور فتنـه عصر روان، من
واته: “وه‌ك رۆمى له مزگه‌وتدا، منیش با‌نگم دا، هه‌ر له‌ویشه‌وه فێرى نهێنیه‌كانى رۆح بووم. به‌دوور له فیتنه‌ى سه‌رده‌مى كۆنى ئه‌و و به‌دوور له فیتنه‌ى سه‌رده‌مى ئێستاى من”.
ئیقباڵ رێز له ره‌گه‌زه نه‌مر و بێوێنه‌كانى عیرفانى مه‌ولانا ده‌گرێت و رێچكه‌ى مه‌ولاناش له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌گرێته‌به‌ر و بۆ گه‌یاندنى په‌یامه‌كه‌شى گه‌لێك له چه‌مك زاراوه‌كانى مه‌ولاناى به‌كار هێناوه و بۆ به‌هێزكردنى وته‌كانیشى تا راده‌یه‌كى باش سوودى له هۆنراوه‌كانى مه‌ولانا وه‌رگرتووه، ته‌نانه‌ت له شیعره‌كانى ئیقباڵیشدا گه‌لێك له دێره‌كانى به چه‌مك و زاراوه‌كانى مه‌ولانا بارگاوى كراون.
له “جاویدنامه”شدا كه جۆرێكه له میعراجنامه‌ى فیكرى ئیقباڵ و به یه‌كێك له شاكاره‌كانی ئه‌وه. مه‌ولانا له هه‌موو شوێنێك وه‌ك رێپیشانده‌ر و پێشه‌نگى ئیقباڵ ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها له رووى زمان و روخسارى داڕشتن و نووسینه‌وه نیه، به‌ڵكو كاریگه‌رى مه‌ولانا له هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌رێكى فیكرى و هونه‌رى ئیقباڵ ده‌بینرێت.
ئیقباڵ له “جاویدنامه”دا میعراجێكى خه‌یاڵى و عاریفانه‌ى وێنا كردووه كه تاڕاده‌یه‌كى زۆر له میعراجى راسته‌قینه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئیسلام “د.خ” ده‌چێت. هه‌ر به هه‌مان چه‌شنه‌ش كه پێغه‌مبه‌ر “د.خ” جوبره‌ئیلى ئه‌مین هاوڕێیه‌تى ئه‌وى ده‌كرد له ئاسمانه‌كان و دانیشتوانى ئاسمانه‌كانى به پێغه‌مبه‌ر “د.خ” ده‌ناساند، له میعراجى خه‌یاڵى ئیقباڵیشدا، حه‌زره‌تى مه‌ولاناش هوڕێیه‌تى ئه‌و ده‌كات. جیاوازیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه پێغه‌مبه‌رى ئیسلام “د.خ” ئه‌و هه‌واڵانه‌ى كه له‌و گه‌شته‌دا له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابوونى، به كورتى و به پوختى له‌باره‌یانه‌وه قسه‌ى كردووه. به‌ڵام ئیقباڵ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه له سه‌روو سروشته‌وه به چاوى ئیمانى دیتبووى به درێژى باسى لێوه كردووه. ئیقبال له سه‌ره‌تاى گه‌شته‌كه‌یدا سه‌رى رێزى بۆ مه‌ولانا دانه‌واندووه و له باره‌ى بوون و نابوونه‌وه و رۆشتن بۆلاى خودا له مه‌ولانا ده‌پرسێت:
یا نگاهم بر دگر عالم گشود
یا دگرگون شد همان عالم كه بود
واته: “یان ده‌رگاى جیهانێكى تر‌ى بۆ واڵا كردم، یان گۆڕا ئه‌و جیهانه‌ى كه هه‌بوو”.
گه‌شتى خه‌یاڵى ئیقباڵ ده‌ست پێده‌كات و شانبه‌شانى مه‌ولانا بۆ جیهانى باڵا ده‌كه‌ونه‌ڕێ و له‌گه‌ڵ رۆحى هه‌ندێك له مێژوونووسانى مسوڵمان و نامسوڵمان دیدار ده‌كات و پاش گه‌ڕانه‌وه‌ش به‌سه‌رهاتى ئه‌و گه‌شتانه‌ى بۆ مسوڵمانان ده‌گێڕایه‌وه.
ئیقباڵ به راده‌یه‌ك په‌یڕه‌وى له رێبازى مه‌ولانا ده‌كرد، تا ئه‌و راده‌یه‌ى كاتێك یه‌كێك له شاره‌زایان و زانایانى هاوچه‌رخى ره‌خنه له چه‌ند دێڕێكى “اسرار خودى” له رووى كێش و سه‌رواوه ده‌گرێت و ئیقباڵیش له وه‌ڵامدا بۆى ده‌نووسێت: “ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى كێش و سه‌رواوه نووسیوتانه راسته، به‌ڵام مه‌به‌ست له نووسینى ئه‌م مه‌سنه‌ویه بۆ ئه‌وه نیه كه شاعیرێتى خۆم ده‌ربخه‌م، بگره له هه‌ندێك شوێنیش‌دا به ویستى خۆم ئه‌وانه‌م به‌كارهێناوه، چونكه مه‌ولاناش له زۆرێك له شیعره‌كانیدا ئه‌م كێش و سه‌روایانه‌ى به‌كارهێناوه.
ئه‌مه و چه‌ندین نموونه‌ى دیكه كه به هه‌ر هه‌موویانه‌وه به تایبه‌تى له پێشه‌كى “اسرار خودى” پیشانده‌رى ئه‌وه‌ن كه ئیقباڵ تاڕاده‌یه‌كى زۆر به مه‌ولانا كاریگه‌ر بووه و به خوێندنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیشى بۆ خوێنه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت كه تا چ راده‌یه‌ك به چه‌مك و هزره‌كانى مه‌ولانا سه‌رسام بووه.
ئه‌و شته‌ش كه ئیقباڵ به مه‌ولاناو ده‌به‌ستێته‌وه هه‌مان ئه‌و عیشقه ئه‌زه‌لیه‌یه كه ناخى مرۆڤدا هه‌یه و وه‌ك بڵێسه‌یه‌ك وایه هه‌ر كاتێك كڵپه بكات هه‌موو بوون له‌نێوخۆیدا نقووم ده‌كات. ئیقباڵ هه‌ست به‌م ئاگره له‌نێو بوونى مه‌ولانادا ده‌كات. بۆیه باروبنه‌ى گه‌شت بۆ ئاسمان كۆ ده‌كاته‌وه و چاوه‌ڕێى مورشیدێكه كه یاوه‌رى ئه‌م بكات له‌م گه‌شته‌دا. هه‌روه‌ها گه‌وره‌یی ئیمان و ئه‌و عیشقه‌ى له‌ناخى مه‌ولانادا هه‌یه له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا به‌راورد ده‌كات و ده‌بینێت رۆحى مه‌ولانا پڕ گڕ و بڵێسه و هه‌موو پوش و پاوانێكى ده‌وروبه‌رى خۆى ده‌سوتێنێت، كه‌چى ئه‌و گڕه‌ى كه ناخى خۆیدایه‌زۆركه‌مه و هه‌ر زووش ده‌كوژێته‌وه.
له دێڕه شیعرێكدا ئیقباڵ خۆى به په‌پووله ده‌شوبهێنێت و مه‌ولاناش به مۆم، به‌و واتایه‌ى وه‌ك په‌پوله عاشیقانه له گڕى ئه‌وتۆدا سوتاوه، ئه‌م سوتانه‌ش به‌و واتایه نیه كه وه‌ك په‌پوله ببێته خۆڵه‌مێش و خۆى له‌ناو بچێت به‌ڵكو مه‌به‌ست له سوتان، بریتى له باڵ و په‌ڕى هزر كه بتوانێت به‌هۆیه‌وه وه‌ك په‌پوله بفڕێت. په‌پوله‌ش لاى شاعیران و خاوه‌نانى خه‌یاڵ له كلتوره جیاوازه‌كاندا گه‌لێك سه‌رنجى پێدراوه چونكه گیانى خۆى ده‌خاته گره‌وى عاشیقانه‌وه، هه‌رچه‌نده بوونه‌وه‌رێكى بچووكه به‌ڵام لاى عاشیقان و عاریفان، گه‌وره‌تر له گه‌وره‌كانه.
ئیقبال له مه‌ولاناوه فێر بوو كه كۆمه‌ڵگه‌ى مرۆڤایه‌تى جگه به عیشق، چالاك نابێته‌وه و به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن هه‌نگاو نانێت. ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و عیشقه‌یه كه ئیقبال له كتێبى بوژانه‌وه‌ى هزرى دینیدا به “شا رێگه” ناوى ده‌بات. ته‌ریقه‌ت و رێبازیك كه ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى جیهان بخاته ژێر ركێفى خۆیه‌وه و له قورئانیشدا به “ئیمان” گوزارشتى لێكراوه. یه‌كێكى تر له خاڵانه‌ى كه ئیقباڵ له مه‌ولاناوه فێر بوو ئه‌وه بوو كه مرۆڤى راسته‌قینه ده‌بێت به‌رده‌وام به دووى ئامانجه مرۆڤانه‌كاندا بێت كه به‌رده‌وامى و هه‌وڵدان پێشه‌نگه‌كانى ئه‌ون. ئیقبال له كتێبى “سونش دینار” له چوارچێوه‌ى بیره‌وه‌ریه‌كاندا ده‌ڵێت: رۆژێك له ئه‌وروپادا ئه‌و ده‌مانه‌ى خه‌ریكى خوێندن بووم، رۆژێك له ژووره‌كه‌مدا مه‌سنه‌وى مه‌سنه‌وى مه‌عنه‌ویم ده‌خوێنده‌وه تا گه‌یشتمه ئه‌م دێڕه شیعره كه:
یار دارد دوست، این دیوانگی كوشش بیهوده، به از خفتگی
واته: ئه‌م دۆسته یارى هه‌یه و ئه‌ویش مه‌جنوونیه، به راستى هه‌وڵدانى بێسوودیش گه‌لێك باشتره له ده‌سته‌وسان بوون و خه‌وتن.
له‌ناكاو گۆڕانكى ئه‌وتۆم به‌سه‌رهات كه هاوارێكى به‌رزم كرد. به‌مه‌ش یه‌كێك دراوسێكانم هات و وتى چى روویداوه؟ بۆ هاوار ده‌كه‌یت؟ شیعره‌كه‌م بۆ خوێنده‌وه و بۆم مانا كرد و پاشان وتم: هیوام وایه خه‌ڵكى رۆژهه‌ڵات و موسوڵمانان كه فێرى ته‌مه‌ڵى و خۆشگوزه‌رانى بوون، به‌م چه‌شنه بیر بكه‌نه‌وه. بۆچى ئێمه له‌كاتێكدا بیریاران و مامۆستایانى وه‌ك مه‌ولانامان هه‌بێت بۆچى بارودۆخێكى خراپى له‌م چه‌شنه‌مان هه‌بێت؟ ئیقباڵ هه‌ر ئه‌م هزره له به‌رهه‌مه‌كانیدا درێژه پێده‌دات و نهێنى ژیان له هه‌وڵ و كۆشش دایه یان به زاراوه‌ى خۆى “ترپه لێدان”ى ده‌زانێت.
رمز حیات جوئی؟ جز در تپش نیابی
واته: ئه‌گه‌ر به دووى نهێنى ژیاندایت؟ جگه له ترپه‌دا له هیچى دیكه‌دا نایدۆزیته‌وه.
مرۆڤى یۆتۆپیایی ئیقباڵ كه‌سێكه كه سیفاتى شاباز و هه‌لۆى هه‌یه، چونكه عیزه‌تى نه‌فسى هه‌یه و مشه‌خۆر نیه، له‌و نێچیرانه ناخوات كه ئه‌وانى دیكه راویان كردووه، به‌ڵكو خۆى نێچیر ده‌گرێت. ژیانێكى سه‌ربه‌ستانه‌ى هه‌یه و بۆیه هێلانه دروست ناكات، هه‌میشه به‌رزه فڕه و دواجاریش دیدێكى كراوه‌ى هه‌یه. مه‌ولاناش له یه‌كێك له غه‌زه‌له‌كانیدا خۆى به هه‌ڵۆ شاباز ده‌شوبهێنێت.
باز سپید حچرت‌ام، تیهو چه باشد پیش من
مه‌ولانا و ئیقباڵیش هه‌ردووكیان به‌و جۆره مرۆڤیان لا په‌سه‌نده كه قورئان بۆمان باس ده‌كات و ئه‌و مرۆڤه له ئاست كه‌ماڵى پێویستدا ده‌زانن و ده‌بێت هه‌مووان هه‌وڵى ناسینى بده‌ن. مرۆڤ له قورئاندا كه هه‌ڵگرى جه‌وهه‌رى سه‌ره‌كى مرۆڤایه‌تیه و نموونه‌ى باڵاى مرۆڤه. بیروڕاى هه‌ردووكیان له‌باره‌ى “قه‌ده‌ر”ه‌وه وه‌ك یه‌كه. پێیان وایه “ته‌قدیر” به‌و واتایه نیه كه كرداره‌كانى مرۆڤ له پێشدا ده‌ست نیشان كراون، به‌ڵكو یاساى ژیانن. هه‌ردووكیان بیریارانێكى نه‌فه‌س درێژ و گه‌شه‌خواز بوون. هه‌ردووكیان رایان وابوو نه ته‌نها مرۆڤ به‌ڵكو هه‌موو جیهان له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه ده‌ڕوات و هیچ به‌ربه‌ست و سنوورێكیش بۆ پێشكه‌وتنى مرۆڤ نیه. مرۆڤ به‌هێزى ویست و پاكى له كرداردا نه ته‌نیا چه‌ندین دونیاى نوێ ده‌دۆزێته‌وه به‌ڵكو خودى ئه‌وانه‌ش فراوانتر ده‌كات. هه‌ردووكیان هه‌وڵ تێكۆشان به ژیان و سستیش به مه‌رگ و له‌ناوچوون ده‌زانن. هه‌ردووكیان پێیان وایه كه بۆ گه‌یشتن نه‌مرى په‌یوه‌سته به راده‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ى كه له‌و پێناوه‌دا ده‌درێت. هه‌ردووكیان له‌گه‌ڵ بوار و كایه فیكریانه‌ى كه به‌ر له‌وان هاتبوونه كایه‌وه به‌ته‌واوه‌تى ئاشنا بوون و له هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بوون ئه‌و دژبه‌یه‌كدا هاتنه‌وه‌ى كه له نێوان ئه‌و بوارانه‌دا هه‌بوو بدۆزنه‌وه و هه‌ماهه‌نگیه‌ك له‌نێواندا بدۆزنه‌وه و په‌ره‌ى پێبده‌ن. هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیان له قه‌ڵه‌مڕه‌وى عه‌قڵدان، به‌ڵام وا به‌باش ده‌زانن سنووره‌كانى پشت عه‌قڵیش ببڕن و ئه‌زموونی بكه‌ن، هه‌ردووكیان شاعیرى جیهانین و شیعره‌كانیشیان فه‌لسه‌فى و مه‌عریفین، هه‌ر دووكیان له‌برى ئه‌وه‌ى “خود” ره‌ت بكه‌نه‌وه له دووى بوژانه‌ى ئه‌ودان. هه‌ر به‌هۆى ئه‌م لێكچوونانه‌شه كه ئیقباڵ خۆى به موریدى مه‌ولانا ده‌زانێت، به‌ڵام په‌یڕه‌وى لێكردنیشى له جۆره ئاسایی و ته‌قلیدیه‌كان نیه به‌ڵكو موریدێكه كه له ده‌ریاى هزرى مورشیده‌كه‌یدا بگره له قووڵاییشیدا هاتووچۆ ده‌كات.







