
پێغەمبەرناسی
لە دوای ئەوەى بەرگى یەکەمى کتێبەکە سوپاس بۆ خوا لە لایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکى باشی لێکرا. دواى ئەوەش لە مانگى مەولەودى هەموو ساڵێک بە درێژایی دە ساڵى رابردوو لە هەموو ساڵێکدا خوێندنەوەیەکمان هەبوو بۆ ژیانى ئەو رۆحی گیان و نووری چاوانمە پێغەمبەری ئازیز بڕیاڕمان دا زۆرێک لەو خوێندنەوانە وەک بەرگى دواتری ( پێغەمبەرناسی) کۆبکەینەوە و بابەتییانە لە چاپییان بدەین. دەکارێ مرۆڤ بگۆڕێت، ئەگەر مرۆڤ توانای گۆرانکاری لە خۆیدا نەبووایە پێویستى بە پێغەمبەران نەبوو بۆیە ئەم بەرگە تایبەتە بە پێویستبوونى پێغەمبەرایەتى بۆ مرۆڤ و پەروەردەی پێغەمبەرانەى مرۆڤ ئەویش لە دوو بەشدا بەشێکان تایبەتە بە (پێویستى مرۆڤ بە پێغەمبەران) و بەشی دووەمیش لە پێناو گۆرانکاری مرۆڤ تایبەتە بە ( پرۆژەی پەروەردەى پێغەمبەرانە).
هاوشێوەی زۆرێک لە کارەکانى دیکەمان، ئەم کارەشمان لە پێشان کارێکى گوتار بووە و دواتر بۆ نووسین وەرگێردراوە بێگومان ئەمەش هەندیکى کێشەی تەکنیکى بگرە ئیستاتیکى و جوانیناسی باویش دروست دەکات بەڵام لە راستیدا لەم شێوازە لە کاریش جۆرێک لە تام و بەخوێ بوون( بە زاراوەى مەحوی شاعیر مەلاحەت) بوونى هەیە کە لە نووسینى پوختدا بوونى نییە ئەمەش لە نوسینی ئەو فەیلەسوف و نووسەرە گەورانەدا دیارە کە کاری لەوشێوەیان بۆ ئەنجام دراوە وێنەی مامۆستا نوورسی و ڤیدگنیشتاین و موستەفا مەلەکیان و ئۆستینى فەیلەسوفى زمان. کە ئەمەش مەلاحەتێکى سەیر بەم جۆرە نووسینانە دەدات.
هەروەک زۆرجار لە کارەکانى دیکەمان، ئەم کارەش کارێکى گروپی بووە و تەنها من پێێ هەڵنەساوم، هەر لەم رووەوە زۆر سوپاس بۆ دادە کەژان عوسمان، زۆربەی بابەتەکان بە هێزى بازوو و پەنجەکانى ئەو تایپ کراون و زۆر سوپاس بۆ مامۆستا یاسین و پارێزەر جەمال هەڵەبجەیی بۆ پێداچوونەوەى. ناوەندى ئازیزى ساراش بۆ لە چاپدانى. لە سەرووى هەموو ئهوانهشەوە سوپاس بۆ خواوەندى جیهانیان، ئامادەبوونى ئەم چەند بەرگەی کتێبی (پێغەمبەرناسی) فەزڵی نیعمەتى ئەوە بەسەرمەوە، لە راستیدا شەرم دەکەم چاوەکانم بۆ ئاسمان هەڵبڕم بۆیە بە سەرخستنە سەر ئەرز و سوژدەبردن بە فرمێسکى گەرم شوکرانە بژێری ویم.
سوپاس خوایە!
تەحسین حەمە غەریب
١٣/ ٩/ ٢٠٢٤

