“من بۆچی بە ئەخلاق بم” ئەو دێڕەی فەلسەفەی ئەخلاقی نوێی هێنایە ئاراوە، ئەو پرسیارەی هەموو عەوداڵی بوین..
لە بابەتی پێشودا باسێكی گشتیمان لە بارەی ئەخلاقەوە وت، هەوڵەدەین لەم بەشەدا درێژەی پێ دەدەین و زیاتر لەبارەی سیفاتە ئەخلاقدارییەكان بدوێن، ئەخلاق لەگەڵ ئەوەی بابەتێكی تەواو خودی و ناوەكی مرۆڤە، بەڵام ئەم جەوهەرە پڕمانایا بەدەرناكەوێت تا لە فەزا پڕ چەنجاڵەكاندا بەرجەستە نەبێت، ئەوكاتەی ناچێتە دەرەوەی مرۆڤ ئیدی نرخێكی ئەوتۆی نامێتێت، دیارترین سیفاتی كەسی ئەخلاقدار ئەوەیە ناكرێت بیباك بێت بەرامبەر ئەخلاقەكەی، ئەم نوورە وجودیە ئەبێت تەنها لای خۆی نەمێنێتەوە، بەڵكو بچێتەدەرەوەی خۆی.
ئەخلاق سنوری دونیای فانی تێدەپەڕێنێت، ئەوەی ئەخلاقدارە ئەوە گەشتۆتە پلەی (خِيَارِكُمْ أَحَاسِنَكُمْ أَخْلاقًا )، كەباشترین نەك هەر بۆ ئەم جیهانە، بەڵكو بۆ ئەوی دونیاش هەر ئەوانەن كە هەڵگری باشترینی ڕەوشتەكانن، هەر ئەم پێوەرەیە بەندە دەگەیەنێتە پلە بەرزەكانی بەهەشت ( (إِنَّ الْعَبْدَ لَيَبْلُغُ بِحُسْنِ خُلُقِهِ عَظِيمَ دَرَجَاتِ الَاخِرَةِ) تەرازووی ئەو دونیاشمان هەر بەم كەنزە قورس دەكەین (
(إن أثقل شيو يوضع في ميزان العبد يوم القيامة خلق حسن)
كەسانی بەئەخلاق هەمیشە كەسانی كامڵن، مەرجیش بۆ ئەم كامڵیە ڕەنگدانەی بە گفتارو كردارە، لە یادكردنی هەر كاردانەوەیەكی خراپە بە خراپەیە لایان، لە باتی ئەوە كاردانەوەیان بە چاكەدەبێت، باشترین نمونەكانیش خاوەن ئەخلاقی كەماڵی حەزرەتە(وإِنَّكَ لَعَلي خُلُقٍ عَظِيمٍ)ە، ملیان ڕادەكێشا خۆڵ و پیساییان بەسەردا دەكرت، قسەی ناخۆش و بوختان بۆ خۆی و خێزانی دەكرد، ئەمانە نەبوونە مایەی زەڕەیەك لەكەم بونەوەی بەها ئەخلاقیەكەی كە لەناخیدا چەكەرەی كردبوو وشك بوونی ئەم كانیاوە سازگارە زۆر زەحمەت بوو.
لەفەلسەفەی ئەخلاقی كۆندا یاخود كلاسیكدا وەك مامۆستا (تەحسین حەمە غەریب) لە كتێبی (رۆحناسی)دا باسی كرددووە ڕێسا ئەخلاقیەكان ئەمانەن: (ڕاستگۆیی، خۆبەكەم زانین، چاكە كردن).. ئەمانە لەهەر كەسێكدا كۆبۆیەوە حەق وایە ناوی بنین ئەخلاقدارو هەڵگری سیفاتە مەزنەكانی ئەخلاقن، ئەو لای وایە ڕێسایەكی گرنگتر ئەوەیە ئەخلاقدارەكان هەمیشە عاشقن لە ڕیزی عاشقاندان، لەبەرئەوە هەوەس پەرست نیین. مرۆڤی عاشقی راستەقینە و خاوەن ئەخلاق هەمیشە ئەوانەن كە ڕۆحیان مەزنە و ڕۆح مەزنەكانیش ئەوانەن كەبە ئەخلاقن و خاكی و چاكەكارو ڕاستگۆن. ئەوەی بەئەخلاقە ڕۆحی خۆی گەورە كردوە. چاكەكردن ڕاستەوانەیە لەگەڵ ڕێسا ئەخلاقیەكان وەك (مامۆستا ناصر) دەفەرموێت :”هەربابەتێكی ئەخلاقی پێچەوانەی بابەتە ڕۆحیەكان بوو ئەوە ئەخلاق نیە”.
ئینسانی بە ئەخلاق خاوەن ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەتی وەك (بەرادیۆف)ی فەیلەسوفی روسی دەڵێت:” تەواوی ڕێسا ئەخلاقیەكان ئەگەر ئیختیاریان تێدانەما ئەوا مەعنەویتیان تێدا نامێنێت، كە ئەوەش نەما ئەوا دەبنە یاسایەكی وشك و ئەرك بەسەر مرۆڤەكانەوە”.
كەسانی بەئەخلاق هەمیشە لەژێر سایەی ڕێسا ئیلاهیەكەدا (چاكە بكەو خراپە مەكە) ( تَنْهَي عَنِ الْفَحْشَاوِ ؤالْمُنْكَرِ) العنكبوت 45، مامەڵە دەكات، هیچ كات ئەخلاق بە مرۆڤەكان ناڵێت خراپە بكە، هەمیشە بەرەو كەناری ئارامی و خۆشبەتی و پێكەوە ژیانمان دەبات، ئەم ژیانە جوانترو گونجاوتر دەكات بۆ ژین، كاتێك نوری ئەخلاق شۆڕبۆیەوە بۆ نێو كۆمەڵگە ئیدی قەیرانەكانی نێو كۆمەڵگە كەم دەبنەوەو بەرەو نەمان دەچێت، كەس گەندەڵ نابێت كەس كەس ناكوژێت درۆ ناكرێت روكارە شاراوە درۆینەكان بونی نابێت، سوهراب ئاسا نیگەرانی پیس بوونی ئاوەكان ئەبین نەبا كۆتری لەو خوارە ئاو بخواتەوە.
سەرمەشقانی (ئەخلاق) بەدەلیلەوە ڕابەرایەتیمان دەكەن دەیكەنە دەست كەلای بون و وجودی پێشەنگ بونیان، وەك سەروەر دەفەرموێت( إنما بعثت لَاتمم مكارم الَاخلاق)
شادان تالب







