
گۆڤاری هەژان ٢٩
چاوی هەژان
خەریكی ئامادەکردنی ئەم ژمارەی هەژان بووین که زۆربەی بابەتەکانی دیویكی ئاسمانییان هەیه و باسی بابەتە مەزن و وجودییەکانی مرۆڤن، وەك بابەتی مانای ژیان و و بابەتی شەڕ و دیوی نەبینراوی سرووته ئاینییەکان و هونەری پیرۆز و ئەخلاق و مەعنەوییەت و گوناهناسی و زمان، خەریكی وەرگەڕانی گەورە بووین لە روانینه ئاسمانییەکانمان، لە پڕ وەرگەڕانێکی گەورە لە بابەتە زەمینییەکانی نیشتمانماندا روویدا، زۆر بەداخەوە، ئەوهی بە ماندووبوون و شەونخونی و خوێنی شەهیدانی ئەم نیشتمانه و ئاخ و فوغانی دایکانی جەرگ سووتاو، لە ماوەی دەیان ساڵدا بۆ بەدەستهێنانەوەی خاكی نیشتمان و رەنج و ئازار و نەبوونی و هەژاری ئەم نەتەوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئاواتە دێرینەکانی پێکەوەی نابوو لە دەستیدا. ئەوەی روویدا تەنها لە دەستدانی خاك و داهات و نەوت نەبوون، بەڵكو له دەستدانی بەشێک له وجود و شۆكێک بوو لە رۆحیدا دروست بوو.
ئەمە دەرەنجامی ئەو سیاسەتسەنتەرییە بوو که حیزبەکان و سیاسییەکان لە رابردوودا گرتبوویانەبەر، سەلماندنی بۆچوونی ئەو کەسانەشە باوەڕیان وایه دەبێت لە سیاسەتسەنتەرییەوه بگوازینەوە بۆ فەرهەنگسەنتەری، دەبێت جەخت لە گۆڕانکاری ناوەکی و فەرهەنگی بكەین، هەر بەمەش گۆڕانکاری لە هەموو کایەکانی ژیاندا دەست پێدەكات.
هەنووكەش كه نەتەوە و نیشتمانمان بەو دۆخەی ئێستا گەیشتووە پێویست بە هەڵسانەوە دەكات، ئەویش نەوهك به بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی ناوخۆیی و بێدادی و تێکچوونی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، بێجگه له تووندوتیژی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی شەڕ که كێشەی شەڕ تەنها هەر ئەوەنده نییه که وێرانی و لەناوچوون دەخوڵقێنێت، بەڵكو خراپیی گەورەی شەڕ لەوەدایه که مرۆڤی خراپ پەروەردە دەكات و هەر ئەو مرۆڤە خراپانەش كۆمەڵگە وێران دەكەن و كێشە بۆ مرۆڤایەتی دەخوڵقێنن، بۆیە ئێمه پێویستمان بە پڕۆژەی ئاشتیخوازانه و فرهخوازی و لێبووردەیی و تیۆریخولقێن هەیه، که ئومێد و شادی و ئارامی بۆ کۆمەڵگه بگێڕنەوە، دەبێت مانای قووڵی نەتەوە کەشف بكهەنەوە و تەنها لە بابەتە مێژوویی و جوگرافییه رووكەشەكاندا كورتی نەکەینەوە.
لێرەوە مانا قووڵ و بابەتە فەرهەنگی و ئومێدەکانی کاتی هەڵسانەوە و چۆنێتی و چییەتی ئەو هەڵسانەوەیه بابەتی سەرەکی ژمارەی داهاتووی هەژانن. بە ئومێدی بەشداری شێلگیرانه و پشتیوانی هەموو لایەك و رێنموونییەکانی خودای باڵادەست .
تەحسین حەمەغەریب

