
گۆڤاری هەژان ٢٨
پێشەکی
له بیرم دێت که مناڵ بووم، شێوەی دروستبوونی چاو بەلامەوە شتێکی زۆر سەیر بوو، بە تایبەت که چاو دادەخرێت، هێندە بچووکە که بەسەر پێڵوەکاندا دەستی پێدا دەهێنیت خڕێکی وە ک هەڵماتە، بەڵام هەر که ئەو شتە داخراوە کرایەوە ئیتر دەبێتە جیهانێک و پڕی دنیایەک شتی پێ دەبینیت. هەر لەو کاتەوە ئەو شتانەی که بۆ خۆیان بچووکن و لێیانەوە سەیری پانتاییەکی فراوان دەکەیت بەلامەوە جێگەی سەرنج بوون، وە ک پەنجەرەیەک که لێیەوە سەیری شەقام و باخ و شار دەکەیت، یاخود دەلاقەیەکی بچووک که ژوورەکەت پڕ له نوور دەکات. ئەی تۆ سەرنجی کانیاوێکت داوە که شوێنی دەرچوونی ئاوەکه چەندە بچووکە، بەڵام هێندە ئاوت بۆ فڕێدەدات که بە ماوەیەکی کەم ئەستێرگێکت بۆ پڕ دەکات، یاخود شتێکت بۆ ئاو دەدات، ئەی سەرنجی دەمت داوە ئەو هەموو وشە و رستە مانادارەت به شوێن یەکدا بۆ ریزدەکات، ئەی گوێ بۆ ناڵێیت، چۆن ئەو هەمووە له دەنگه مانادارەکانی جیهانی زمان بۆ کەللەی سەر دەگوازێتەوە.
ئیدی من هەمیشە بەو شێوەیە سەیری گۆڤاری هەژانیشم کردووە، که وە ک چاو له قەبارەدا بچووک، بەڵام بۆ ئەو کەسەی دەیکاتەوە گەوره و فراوانە، هەر بۆیەش دواتر گۆڤاری چاوی هەژانمان دەرکرد، که دەتوانرێت بووترێت یەکێک له گۆڤارە باشەکانی کاتی دەرچوونی بوو، بێجگه له وەی هەر ئەو کاتە و پێشتر پێشەکیی هەموو ژمارەکانی هەژانم لەژێر ناونیشانی (چاوی هەژان)دا دەنووسی، که وەک چاو دەمویست هەموو ئەوەی لەو ژمارەیەدا هەبوو به جۆرێک لە جۆرەکان لەو پێشەکییەدا پیشانی بدەم.
هەنووکەش که ئەمە دووەم ژمارەی خولی نوێی هەژانە، به حوکمی ئەوەی ئێستا شوێنی نووسین و گەیاندنی رای خۆ، به ئەوانی دیکە فراوان بووە، به تایبەت له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان (هەندێک به لوتکەی تاکگەرایی ناوی دەبەن) ئیتر کاری ئێمه لەوە دەرچووە که زێترکردنی زانیاریی خوێنەر بێت. ئیدی هەر کام لەو بابەتانەی که لەم ژمارە و ژمارەکانی داهاتوودا بڵاویان دەکەینەوە، هەوڵ دەدەین بابەت ی چاوی بن (وە ک چاو بن بۆ بابەتە گرنگەکان)، چاوی بابەتە فیکری و مە عریفە کێشەییەکانی کۆمەڵگه و مرۆڤایەتی بن، بەڵام هەروەک چاویش ئەگەر بکرێنەوە، ئیدی ببنە جیهانێک. هەر بۆیەش به پێویستمان نەزانی ئیتر قەبارەی گۆڤارەکە وە ک جاران به گەورەیی بمێنێتەوە، رەنگه هەر ئەمەش بۆ ئەم قۆناغه باشتر بێت، تۆ و ئەم ژمارەیەی هەژان که هەموو ژمارەکە و بابەتەکانی وە ک چاون، چاوێک که داخرا به قەد هەڵماتێکە و که کرایەوە دنیایەکه، بێگومان بۆ کەسێک به چاوی ئەندێشە و هزر بۆی بڕوانێت. ئەو چاوەی هێندەی هەزار چاو دەبینێت.
تەحسین حەمەغەریب

