هەژان – تایبەت

لە بەردەوامی پڕۆژە مەعریفی و فەلسەفییەکانی خۆیدا، ناوەندی هەژان بۆ فکر و مەعریفە، نوێترین بەرهەمەکانی نووسەر و بیرمەند “دکتۆر تەحسین حەمەغەریب” سەرۆکی ناوەندی هەژانی بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە نوێیانە کە سێ ناونیشانی جیاواز و پڕ بایەخی فکرین، لە دوتوێی سێ کتێبی قەبارە جیاوازدا و بە بەرگێکی زۆر جوان و ڕازاوە، لە لایەن “ناوەندی سارا بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە” چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

ئەم بڵاوکراوە نوێیانە لە کاتێکدایە کە ناوەندی هەژان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ قووڵکردنەوەی تێڕوانینە فکرییەکان و ناساندنی قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفە و نەتەوەناسی بە خوێنەری کورد. کتێبەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

١. تیوۆریای نەتەوایەتیی نەوەڕۆکدار:
ئەم کتێبە وەک هەنگاوێکی “پڕۆژەی نەتەوەناسی” دێت و ژمارە (٢٦)ی زنجیرە بڵاوکراوە و کتێبی ناوەندی هەژانە. دکتۆر تەحسین لەم بەرهەمەدا هەوڵ دەدات تێڕوانینێکی نوێ و نەوەڕۆکدار بۆ چەمکی نەتەوە و نەتەوایەتی بخاتە ڕوو، کە جیاواز بێت لەو خوێندنەوە باوانەی تەنها لە ڕووکەشدا دەمێننەوە.

٢. کتێبی حەلاق (زنجیرەی کەسایەتییە تایبەتەکان – ١):
ئەم کتێبە وەک دەسپێکی پڕۆژەیەکی نوێ و گرنگی ناوەندی هەژان دێت کە بریتییە لە “زنجیرەی کەسایەتییە تایبەتەکان”. ئەم زنجیرەیە تەرخان دەکرێت بۆ خوێندنەوەی ورد و شیکاریی بۆ فکر و تێڕوانینی ئەو بیرمەندانەی کاریگەری گەورەیان لەسەر جیهانی هاوچەرخ هەبووە. یەکەمین کتێبی ئەم زنجیرەیە تەرخانکراوە بۆ بیرمەندی ناودار “وائیل حەلاق”، کە تێیدا دکتۆر تەحسین بە دیدێکی ڕەخنەیی و شیکارانە تیشک دەخاتە سەر پڕۆژە فکرییەکەی حەلاق و تێڕوانینەکانی بۆ مۆدێرنە و شەریعەت و دەوڵەت.

٣. فەلسەفەی ڕۆشنبیر (بوون):
لەم کتێبەدا کە بە ناونیشانی لاوەکی (ڕۆشنبیری چییە و ڕۆشنبیر کێیە؟) چاپ کراوە، نووسەر دەچێتە ناو قووڵایی مانا فەلسەفییەکانی بوونی ڕۆشنبیر. کتێبەکە وەڵامی پرسیارە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە شوناسی ڕۆشنبیر و ئەرکی مەعریفی ئەو لە ناو کۆمەڵگەدا دەداتەوە و هەوڵ دەدات سنوورێکی ڕوون لە نێوان ڕۆشنبیری ڕاستەقینە و چەمکە تێکەڵەکانی تردا بکێشێت.

شایەنی باسە ئەم سێ بەرهەمە بە کوالێتییەکی بەرزی چاپ و دیزاین لە لایەن ناوەندی ساراوە ئامادە کراون، کە جوانییەکی تایبەتی بە ناوەڕۆکە دەوڵەمەندەکەی کتێبەکان بەخشیوە. لە ئێستادا خوێنەرانی فیکر و مەعریفە دەتوانن لە کتێبخانەکاندا ئەم بەرهەمە نوێیانە بەدەست بهێنن.

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ژمارەی خوێندنەوە: 5ئەمڕۆ: 5

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە