پەروەردە و گۆڕانی کۆمەڵایەتی دوو چەمکی گرێدراون، کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندییان پێکەوە هەیە. سەبارەت بەم پەیوەندییە، دوو ڕوانگەی سەرەکی بوونیان هەیە. ڕوانگەی یەکەم، پەروەردە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی تەماشا دەکات کە ئامانجی پاراستنی دۆخی ئێستا و گواستنەوەی میراتی ڕابردووە بۆ نەوەکانی داهاتوو. لەم ڕوانگەیەوە، پەروەردە ڕۆڵێکی پارێزگارانە دەگێڕێت و هەوڵدەدات داب و نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان وەک خۆیان بهێڵێتەوە. بەڵام ڕوانگەی دووەم، پێی وایە پەروەردە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی کۆمەڵایەتی، هەروەها جووڵەی کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن. لەم دیدگایەوە، پەروەردە یارمەتیدەرێکی بەهێزە بۆ گۆڕانکارییە ئەرێنییەکان لە کۆمەڵگەدا، و تاکەکان هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی فەرهەنگ، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، و ئازادیخوازی. لەم نێوەندەدا، پەروەردە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگەدا، و لەم کێشمەکێشە دوولایەنەیەدا، خۆی تووشی گۆڕان دەبێت و هەروەها گۆڕانکاری لە دامەزراوەکانی تریشدا بەدیدەهێنێت. هەرچەندە ڕوانگەکان جیاواز بن، بەڵام ئەوە ڕوونە کە پەروەردە بەهۆی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی تر و کاریگەرییە گشتییەکەی، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەدوادا دێت.
بە باوەڕی “ڕیس مەگ گی”، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان پەروەردە و گۆڕانی کۆمەڵایەتی چەند تێبینییەکی گرنگی تێدایە. دەکرێت پەروەردە خۆی کارگێڕ یان هۆکاری گۆڕان بێت، یان مەرج و پێویستی گۆڕان لە کۆمەڵگەدا، یان تەنانەت ئەنجام و هۆکاری گۆڕان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی تر کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ پەروەردەدا هەیە. بۆ ئەوەی پەروەردە ڕۆڵی هۆکاری گۆڕان بگێڕێت، پێویستە بە ڕوونی و بە شێوەیەکی ئامانجدار لە ئاراستەکردنی بەرنامەکان و ڕەوتە پەروەردەیی و فێرکارییەکاندا ڕەنگ بداتەوە. لەو حاڵەتەدا کە گۆڕان لە بەشێک لە کۆمەڵگەدا بە ناچاری یان بە تەواوی پەروەردە دەگرێتەوە و کاریگەریی لەسەر دادەنێت، و پەروەردەش یارمەتیی گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەدات، ئەوا وەک مەرج و پێویستی گۆڕان هەژمار دەکرێت. لە کۆتاییدا، پەروەردە زۆرجار دەکرێت وەک کاریگەری، ئەنجام یان هۆکاری گۆڕانی کۆمەڵایەتی هەژمار بکرێت. گۆڕانکاری و شۆڕشی بنەڕەتی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی کاریگەری لەسەر هەموو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە کۆمەڵگە ئارەزووی یەکگرتن و پتەوبوونی هەیە، بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکان، فشارەکان و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو دامەزراوەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
گەیشتن بە ئاستی گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پێویستی بە پلاندانانێکی پەروەردەیی ورد و هەژمارکراو و هەمه‌لایەنە هەیە. ئەو کۆمەڵگەیەی کە نیازی گەیشتن بە پێشکەوتن و گەشەی هەیە، پێویستە بۆ پەروەردەی خۆی پلاندانان بکات. پلاندانان بەپێی بنەما و یاساکانی تایبەت بە خۆی کە هەموو دەرفەتەکان، دۆخەکان، هەل و مەرجەکان و خاڵە لاوازەکان بناسێت و لەسەر بنەمای ئەو ناسینە وردە هەنگاو بنێت. بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پلاندانانە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانرێت ئامانجی سەرەکیی پلاندانانی پەروەردەیی بریتی بێت لە گەشەپێدان و تەواوکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی گەشەی پیشەسازی و ئابووری و هەروەها پەروەردەکردنی هێزی مرۆیی لە ڕێگەی دروستدا کە پێویستیی کۆمەڵگەیە. هەر وڵاتێک بیەوێت بگات بە گەشەی ئابووری، پێویستی بە هێزی مرۆیی شارەزا هەیە و دابینکردنی ئەو هێزە مرۆییە شارەزایەش تەنیا لە ڕێگەی پلاندانانی پەروەردەییەوە دەکرێت، کەواتە دەبێت ئامانجی سەرەکیی پلاندانانی پەروەردەیی بە پەروەردەکردنی هێزی مرۆیی لە ڕووی چۆنێتی و بڕەوە بزانین. هەر کۆمەڵگەیەک بۆ گەیشتن بەم ئامانجە سەرەتا دەبێت دۆخی پەروەردەیی خۆی لە ڕابردووەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ داهاتووی خۆی پلانێک دابڕێژێت و جێبەجێی بکات. ئێستا لە نموونەیەکدا، بیر لە بەرنامەی پەروەردەیی ژان ئامۆس کۆمینیۆس دەکەینەوە، کە نزیکەی چوار سەدە لەمەوبەر داڕێژراوە. کۆمینیۆس بە لەبەرچاوگرتنی قۆناغەکانی گەشە، بەرنامەی پەروەردەیی دەکات بە چوار قۆناغی شەش ساڵە: قۆناغی یەکەم لە ماڵەوەیە، کە گرنگی بە فێربوونی زمانی دایکی و پەرەپێدانی هەستەکان دەدات. قۆناغی دووەم قوتابخانەی زمانی دایکییە، کە هەموو منداڵان دەتوانن لێی سوودمەند بن. قۆناغی سێیەم قوتابخانەی لاتینییە، کە فێرکردنی زانستە سروشتییەکان و هونەرە بەسوودەکانیش دەگرێتەوە. قۆناغی چوارەم زانکۆیە، کە بۆ خوێندکارە شایستەکانە و ڕێگە خۆش دەکات بۆ توێژینەوە

یاسین حەمەسەعید

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

ئەم وتارە شەیەر کە لە ڕێگەی

وتاری هاوشێوە