ئەم بابەتە بڵاوبکەوە لە ڕێگەی

بینینی گشتی: 6ئەمڕۆ: 1

کتێبی ئەخلاقناسی

ناوی کتێب: ئەخلاقناسی
نووسەر:تەحسین حەمەغەریب
.
ئەم کتێبە بە شێوەیەکی ورد و چڕ، و بە زمانێکی ئاسان باسی فەلسەفەی ئەخلاق دەکات، بە ڕوونی بنەماکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەناسێنێت و پرسیارەکانی ئەخلاق چییە و کێ دەریدەکات و چۆنە و چ شتێک ئەخلاقییە، دەوروژێنێت.
پرسیاری ئەوەی ئایا بابەتە ئەخلاقییەکان وجوودیان هەیە یان تەنها بەرهەمی هزری خۆمانن، ئایا ئێمەوە وەکو مرۆڤ توانای ئەوەمان هەیە کە لە بابەتە ئەخلاقییەکان تێبگەین، ئایا بۆ دەبێت من بە ئەخلاق بم، چ شتێک وا دەکات مرۆڤ بە ئەخلاق بێت، تیۆرییاکانی ئەخلاق چۆنن و کامە شت ئەخلاقییە و کامەیان نائەخلاقییە، کامەیان دەبێ ئەنجامبدرێت و کامەیان نابێت ئەنجام بدرێت.
بە وردی و کورتی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی تیۆرییاکانی ئەخلاق ڕووندەکاتەوە و دەگاتە ئەنجامی ئەوەی کە گفتوگۆ بوونی هەبێت لەنێوان تیۆرییا و رێسا ئەخلاقییەکاندا، وە پشتبەستن بە شهود و بارۆدۆخ ڕەچاوبکرێت نەک یاسایەکی کۆنکریتی، چونکە ڕێسا ئەخلاقییەکان هێندە ئاسان نین کە بڕیاربدرێت بە کردن و نەکردنیان.
.
کتێبەکە چۆن دارێژراوە؟
.
کتێبەکە پێک دێت لە چوار وانە لەسەر ئەخلاق لەگەڵ سێ پاشکۆ.
لە چوار وانەی سەرەتادا، بە وردی باسی وجوودناسی و مەعریفەتناسی و دیلالەتناسی دەکات، بۆ ئەمەش لا دەکاتەوە لە سێ گەورەترین فەیلەسوفەکانی ئەم بوارانە، کە ئەوانیش کانت و ڕاسڵ و ڤینگشتاینن.
دواتر لە تیۆرییاکانی ئەخلاقدا، وردەبێتەوە لەسەر جیاکردنەوەی تیۆرییاکانی ئەخلاق و باسی بنەما ئەخلاقییەکان دەکات بە پشت بەستن بە تیۆرییاکان، کە ئایا بنەماکان لەسەر چ شتێک دادەنێرن، سێ تیۆریا سەرەکییەکە باس دەکات کە بریتین لە وەزیفەت و فەزیڵەت و سوودگەرا.
.
وانەی یەکەمی بە چڕی باسی ناساندنی فەلسەفەی ئەخلاق دەکات کە چییە و لە چی پێکهاتووە.
وانەی دووەم باسی ئەوە دەکات کە تیۆرییاکانی فەلسەفەی ئەخلاق چین، (ئەمە بکە باشە و ئەمە مەکە خراپە) لە فەلسەفەی ئەخلاقدا ڕووندەکاتەوە و تیۆرییاکانی پێناسەدەکات.
وانەی سێیەم باسی زمانی ئەخلاق دەکات، چۆن لە ڕووی زمانەوە بزانین کە ئەخلاق چییە.
وانەی سێیەم باسی ئەخلاقی کرداری دەکات، واتە هێنانی تیۆرییاکانی ئەخلاق بۆ ناو کایەکانی ژیان و جێبەجێکردنیان لە کایەکانی ڕۆژانەدا.
.
لە سێ پاشکۆی کۆتایی کتێبەکەدا، نووسەر هەوڵیداوە کە بابەتی ئەخلاق تێکەڵبکات و بیباتە ناو کایەیەکانی تری ژیان، وەک عەدالەت و شەریعەت و پرسی هەڵبژاردن.
.
پاشکۆی یەکەم باسی پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت دەکات و تەنانەت بەیەکیانەوە گرێدەدات بە یارمەتی چەمکی عەدالەت، ئەمە بە پشت بەستن بە فەلسەفەی جۆن ڕاوڵز، کە شۆڕشێکی کرد لە بەرامبەر بە فەلسەفەکەی ماکیاڤیلیدا کە ئەخلاق و سیاسەتی جیاکردبوویەوە.
.
پاشکۆی دووەم باسی پەیوەندی نێوان ئەخلاق و شەریعەت دەکات، وە ورددەبێتەوە لەوەی کە ئایا حوکمەکانی شەریعەت کە هەزاروچوارسەت ساڵ پێش ئێستا دانراون لەگەڵ سەردەمی نوێدا دەگونجێن کە سەردەمێکە پڕ لە ئاڵۆزی و گۆڕان؟
.
پاشکۆی سێیەم باسی ئەخلاق و هەڵبژاردن دەکات لە کوردستان. لەم پاشکۆیەدا بابەتی هەڵبژاردن لە ژێر ڕۆشنایی فەلسەفەی ئەخلاقدا دەخوێنێتەوە و کێشەی سەرەکی ڕووندەکاتەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا، کە نەبوونی مامەڵەیەکی ئەخلاقییە نەک نەبوونی شارەزایی و لێزانین کە بووەتە هۆی بوونی بێ متمانەیی و گەندەڵی.
.
چەند کورتە خاڵێکی کتێبەکە:
.
مرۆڤی بە ئەخلاق دوو بنەمای فیکری هەیە، یەکەم بریتیە لە باوەڕبوون بە ئازادی مرۆڤ، چونکە یەکەی سەرەکی ئەخلاق بریتیە لە بوونی ئیرادەی بڕیاردان و هەڵبژاردن.
بنەمای دووەم بریتیە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی، ئەمەش بەو مانەیەی کە مرۆڤی بە ئەخلاق دەزانێت کە ئەم کارەی دەیکات ئەنجامی هەیە و بەرپرسیارە لە ئەنجامەکەی.
.
بۆچی ئەخلاق گرنگە لە کۆمەڵگا؟ چونکە ئەخلاق ژیان مومکین دەکات، رۆحی مرۆڤ دەگۆڕێت وە مانا بە ژیان دەبەخشێت.
.
بە بڕوای ڕاوڵز، بە تێفکرین لە کۆمەڵگا و مرۆڤەکان لە سەردەمی نوێدا، دەردەکەوێت کە ناتوانرێت ئەخلاقێکی جیهانی بۆ هەموو کۆمەڵگاکان دابنرێت، بۆیە تەنها ڕێگە بریتیە لەوەی کە مرۆڤەکان لەسەر جۆرێک لە ئەخلاقیاتی هاوبەش ڕێکبکەون، واتە ڕێککەوتن دۆخی سەرەتاییدا و دواتر لە ئەخلاقیاتی تایبەت بە تاکدا مرۆڤەکان خۆیان ئازادن چ ئەخلاقێکی تایبەت بە خۆیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش واتە لیبڕاڵیزم. بەڵام مەکئەنتایر لەو بڕوایەیە کە فەزیلەتی ئەخلاق تەنها رێسایەکی دەستووری وشکی دەرەکی نییە کە نەتوانرێت گشتگیر بکرێت بۆ هەموو کۆمەڵگا و مرۆڤێک، بەڵکو فەزیلەت دیوێکی ناوەکی و دەروونی هەیە کە ئەویش پەرەپێدانی مەلەکەی چاکبوونە لە ناوەوەی مرۆڤدا. وە مەکئەنتایر لەو باوەڕەیە ئەخلاق کاتێک مانا پەیدا دەکات کە مەرامێک بۆ ژیانی مرۆڤ دابنرێت، کە ئەمەش شارستانییەتی یۆنانی کۆن و شارستانییەتی ئایینیی سەدەکانی ناوەڕاست سەرکەوتووبوون لەمەدا، بەڵام ڕۆشنگەری ڕۆژئاوا نەیتوانی بەمە هەڵسێت چونکە ڕۆشنگەری ژیانی خاڵیکردۆتەوە لە مانا و مەرام.
.
هەموو پیشە و زانستێک، دوو بنەمای سەرەکی هەیە کە دەبێت کەسەکە تێیدا مەوجود بێت، یەکەم بوونی شارەزاییە لەو کارەیدا، دووەم بوونی مامەڵەی ئەخلاقییە لە ساتی ئەنجامدانی ئەم کارەیدا. ئێمە کێشەی زانست و شارەزاییمان نییە، بەتەواوی مێژوو هێندەی ئەم چەند ساڵە لە ناوکورددا ئەندازییار و دوکتۆر و خوێندەوار بوونی نەبووە، کەسی زۆر شارەزامان هەیە، کەچی گەندەڵی هەر بڵاوە، ئەمەش هۆکەی ئەوەیە کێشەکە لە نەبوونی مامەڵەی ئەخلاقییە لەگەڵ پیشەکانماندا نەک نەبوونی شارەزایی و لێزانین.