
قوتابخانەی خەونەکان
نووسینى: تۆتسۆكۆ كۆرۆياناگی
وەرگێڕانى: یاسین حەمەسەعید
پێشەکى و ڕۆنانى مامۆستا تەحسین حەمەغەریب بۆ کتێبەکە
(منیش توتوچانى سەردەمى خۆم بووم)
منیش هەر لە مناڵییەوە شێوازى مامەڵەم هەمان مامەڵەی تۆتۆچان بوو، بە جیاوازى ئەوەى لە قۆناغە جیاوازەکانى مناڵیم مامۆستایەکى دیاریکراو نەبوو (وەک مامۆستا سۆساکۆ کۆبایاشی)، بەڵکو گەلێ مامۆستا بوون کە تواناکانى منیان دەرخست. هەروەک قوتابخانەکانى کە من ئازادانە تێیاندا بیرمکردەوە و ئازادانە رەفتارم تێدا دەکردن تەنها یەک قوتابخانە وەک قوتابخانەی (تۆماۆو) نەبوو!. مامۆستاکانم زێتر لەیەک مامۆستا (مامۆستا کۆبایاشی) و قوتابخانەکانیشم زیاد لە قوتابخانەیەک (قوتابخانەی تومۆوا) بوون. بەڵکو هەندێکیان هەر قوتابخانە نەبوون بە مانای نەریتى قوتابخانە!.
من لێرە نامەوێت مێژووی ژیانى مناڵی و گەورەبوونى خۆم باس بکەم، بەڵکو دەمەوێت بڵێم: زۆربەی ئەو بنەڕەتە پەروەردەییانەی مامۆستا (کۆبایاشی) لە قوتابخانەی (تومۆوا) جێبەجێی دەکردن و بوونە مایەی سەرکەوتنى قوتابییەکانى، مامۆستاکانم لە مناڵی و لە پەروەردەکردنى مندا جێبەجێیان دەکردن. بەڵکو هەندێک بنەماى دیکەش هەبوون کە لە ناو کتێبەکەدا باسییان نییە و نووسەر ئاماژەی پێنەداون، بەو پێیە دەبێت لە ناو قوتابخانەی (تومۆوا)ش نەخرابنە کار!. هەر چەند من نە وەک تۆتۆجان بوومە مرۆڤێکى دیاری جیهانى و نە بەهۆی نائاسایی بوونى ئاکارم لە قوتابخانەی ئاسایی نەگوازرامەوە بۆ قوتابخانەیەکى سادەى هەژارانە!. ئەو قوتابخانانەی من تێیاندا خوێندم هەمان قوتابخانەی دەستێوەردەری (میری) بوون کە بەرنامە و کتێبی ئامادەیان بەسەر قوتابییاندا جێبەجێ دەکرد!. بەڵام هەندێک مامۆستای کۆبایاشی ئاسا هەبوون هەر لەو قوتابخانانەدا توانیان لە چوارچێوەى بەرنامەی وانەکانى میری فێرە ئازادیمان بکەن کە پەروەردەمان بکەن و ئەمە نوورەکەیەتى و ئاساییشمان بۆ دابین بکەن کە خاکەکەیەتى و ئاوەکەشی کە خۆشەویستییە وەک ئەوەی دوکتۆر (موحسین رەنانى) لە پێشەکى وەرگێردرانە فارسییەکەى کتێبەکەدا دەڵێت کاتێک نەمامى مناڵ دەکرێتە درەخت، بۆیان دابین دەکردین!.
وەک وتم نە مامۆستا پەروەرشیارەکان یەک مامۆستا و نە قوتابخانەکەش یەک قوتابخانە بوو. نە رێگەى پێگەیاندنیش هەر ئەو رێگەیە بوو کە لە کتێبەکەدا هاتووە. با لەمەى دواییان کە قوتابخانەکەیە دەست پێ بکەم:
سەیرکە قوتابخەی سەرەتاییم هەر هەمان قوتابخانەی نەریتى میری لە هەڵەبجە بوو، ئەویش هەر لە ئانى شەڕی عێراق و ئێران و ترسناکى دیکتاتۆریەتى بەعس، لەگەڵ هەبوونى مامۆستایانێکى وەک مامۆستا (فەخرەدین سەلیم) فێری کردین دەتوانین لەتەک ئەژدیهایەکى وەک بەعسیش ژیانى داهێنەرانەمان هەبێت و پێکەوە بە ئاساییش و موحیببەتەوە بژین؛ هەر لەو مناڵییەوە فێری بووین کە نەبوونى ئامرازى پەروەردەیی و تەنانەت هەژاریش رێگر نین لەبەردەم پێگەیشتنى مرۆڤدا. لە بیرم دێت جارێک هاتە ژوورەوە و لە دارێک کارێکى هونەری داهێنەرانەی دروست کردبوو هێنایی و بە یەکەیەکەمانى پیشاندا و گوتى: دەزانن ئەمە لە چی دروستکراوە؟ وتمان نەخێر. وتى: ئەمە لە هەلوکى مناڵان کە کەوتووەتە حەوشەکەمان دروستم کرد.
بەڵام لە هەمان کاتدا مامۆستایەکى دیکە و قوتابخانەیەکى دیکە هەبوو کە ئەویش لەسەر ئازادى و موحیببەت، راستتر بڵێم لە رێگەی ئازادى و موحیببەتەوە رایدەهێناین کە ئەویش مامۆستا (نەجمەدین تەها) گوتاربێژى مزگەوت بوو کە تەمەنى باوکمانى هەبوو، بەڵام دەهات لەگەڵمان هەڵسوکەوتى دەکرد وەک ئێمەی مناڵ؛ تەنانەت جارێک هات منى بینى بە دەمدا راکشابووم و قاچم لە پشتەوە بە حەواوە دەجوڵان، ئەویش هات لە پەنا مندا راکشا و هەمان کاری ئەنجامدا.
پاشان کاتى ئاوارەبوونمان لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و گیرسانەوەمان لە ئوردوگاکانى ئێران لەو بارودۆخە و لە ژێر چادردا کە بارودۆخی هەردوو قوتابخانە و مزگەوتى لە چادر دروستکراو زۆر لە قوتابخانەی (تومۆوا) خراپتر بوو، بەڵام هەر بەو ئامرازە سادانە و لە بارودۆخێکى زۆر خراپی ژیانیى کە کاری جەستەیی زۆرقورسمان ئەنجام دەدا؛ لە زۆر شوێنى دیکە باسم لێوەکردووە کە تەنانەت لەکاتى ئیشدا خوێنى دەستم بە کڵۆ خاکەکانەوە بەجێ دەما!.
مۆڵەت بدەن با هەندێک لە کردەی پەروەردەیی و فێرکاری خۆم لەو قۆناغەدا لە خزمەتتاندا باس بکەم؛ لە قوتابخانە تومۆوا کوردییەکانى ئەو بارودۆخەى ئاوارەیی کە قارەمانەکانیشی چەندین مامۆستا (کۆبایاشی) کورد بوون، کە سەدان تۆۆچانیان پێگەیاندن یەکێک لەوانە من بووم.
سەرەتای چیرۆکەکە دوای ئاوارەبوون و ئەزمونى تاڵی لە دەستدان، ئیدى هەر لە دەستدانى کەسوکار و هاورێ و حاڵوماڵ و خوێندن کە چووینە ئوردوگا و دەستپێکردنى ژیانى ناو قوڕ و چڵپاو و چادرنشینی!.
کارەکە هەر لە چادرەوە دەستى پێکرد کاتێک کۆمەڵێک خەڵکى جوامێر هەندێک چادریان پێکەوە نووسان و بە سەر هەندێک کۆڵەکەی داریاندا دان و شتێکى وێنەی مزگەوتى ئەقسایان، بەڵام بێ قوبەکەی دروستکرد و ناویان نا (مزگەوت). ئێدى ئەو مزگەوتە کە لە ناوەڕاستى هەموو خێمەکانى دیکەدا بوو، بێجگە لەوەى بۆ کاری پەرستن بەکار دەهات لەوێ پرۆسەی فێرکردنیش دەستی پێکرد؛ یەکەم جار بە خوێندەوارکردنى ئەو پیاو و ژنانەی لە ژێر دەسەڵاتى شۆڕشدا بووبوون و بە هۆی شەڕەوە خوێندنیان لە دەستدا بوو، ئەمانە هەر بە سادەیی و بێ دانانى بەرنامەی پەروەردەیی خەیاڵی بوونە خوێندەوار، ئامرازى مامۆستاکانیش هەر هیچ نەبوو تەنها خودى خۆیان و دەم و دەست و پەنجە و هاورێیەتى ئەوان نەبێت لەگەڵ ئەو مرۆڤە نەخوێندەوارە سادە، بەڵام زیرەکانەی هەر زوو فێری پیت و وشە و رستە دەبوون. ئیدى ئەڵقەی خوێندەوارکردنى گەورەکان لە پەنا ئەڵقەی فێرکردنى مناڵان لە یەک کات بەڕێوە دەچوو. ئەمە قوتابخانەیەکى (تومۆوا)ی نەک لە ڤارگۆنى شەمەندەفەر، بەڵکو لە چادر و پەڕۆ دروستکراو بوو.
سەیرکەن هەر لە ناو ئەو چادرە مزگەوتەدا شتێکى سەیرتر روویدا ئەویش بریتى بوو لەوەی هەرە لەو جیهانە بێ قەڵەم و نووسینەدا کتێبخانەیەکى چەند هەزار کتێبی راست بوویەوە؛ بابەتەکەش بریتى لەوەى هەر کام لەو مامۆستایانەى مزگەوت پاش تەگبیر چەند کتێبییان هەبوو و لەگەڵ کۆڵەکانیان کە پاشتر لە هەڵەبجەوە بۆ ئوردوگایان گواستبووەوە هەموویان لە مزگەوت دانا بە کارتۆن و دار کتێبخانەیان پێکەوە نا، ئەویش چ کتێبخانەیەک باخێکى هەمە جۆر، ئاخر باخ کاتێک باخە کە هەموو جۆرە دارێکى تێدا بێت، من هەر لەو کتێبخانەیە بە باخى کتێب و خوێندنەوە ئاشنا بووم!.
دوای ئەوەى لە جێی چادر و پەڕۆ و کۆڵەکەی دار هەیکەلێک لە خشت بەرز بوویەوە هەر ئەو هەیکەلە بێ ئەوەی گەچکاری بکرێت بووە شوێنى پێگەیاندنى سەدان (تۆتۆچان).
سەیرکەن هەر لە حەوشەی ئەو هەیکەلە مزگەوتەدا هەموو خەڵکى ئوردوگا لە پێش هەمووانەوە گوتاربێژ و نوێنەری ئوردوگا بەخشتى قوڕین بە باوەش و دەستى قووڕاوییەوە دیواری چەند ژووری گڵینیان بەرز کردەوە. ئێمە لە وڵاتێک بووین کە بە زمانى کوردى خوێندن بوونى نەبوو؛ بەڵام هەر لەو قوتابخانەیەدا کە لە ناو خشتى گڵینی و بە چادر داپۆشراو وانەى کوردیش دەخوێندرا و خوێندکاران پێدەگەیەنران (بەڵکو پێدەگەیشتن) ئامراز و بەرنامەی دەرسی و میتۆد تەنیا خودى مامۆستاکان بوون. منیش لەو قوتابخانەیە بوومە مامۆستا؛ دروشمەکە خوێندنى (ئایدیاڵ) نەبوو، بەڵکو خوێندنى ئاسایی بوو، من بۆ خۆم هەر ئەو کاتە ناوم نابوو (ناسین) نەوەک (زانین)، (ئایدیاڵ) نەبوو، بەو مانایەی پۆینتێک لە دوورەوە دانرابێت و هەموو خوێندکارەکان قاڵبێکیان بۆ دابنرێت و وەک یەکیان لێبکرێت بۆ ئەوەى بگەنە ئەو پۆینتە دیاری کراوە. خوێندنى ئاسایی بوو بۆ هەر خوێندکارێک هەر وەک خۆی چ توانایەکى هەبوو بەو شێوەیە پێدەگەیشت، بۆ یەکەم جار لەو قوتابخانەیە لێهاتووییەکانى ژیان و پەیوەندییە مرۆییەکان بوونە سەنتەر، تەنها گەیاندنى زانین نەبوو، بەڵکو ناسینى مرۆڤ بوو وەک خۆی. ئێستا سەدان تۆتۆچان دەبینم لەم کوردستانە خزمەت دەکەن و لەو قوتابخانە گڵینە پێگەیشتوون.
لەو هەیکەلەدا خوێندگەیەکى دیکە کە ئەمە بۆ من ترۆپکى قوتابخانەی تومۆوای ژیانم بوو دروست بوو کە لەوێ شەرع و قورئان دەخوێنرا و ئەدەب دەخوێنرا و فەلسەفە دەخوێنرا و شانۆ پێشکەش دەکرا و لە لایەن فێرخوازانەوە نەک بۆ تاقیکردنەوە، بەڵکو بە راستى گوتار بە هەموان پێشکەش دەکرا. چ قوتابخانەیەک خودایە!، بۆ یەکەم جار خوێندن تەنها بەشێک لە ژیان نەبوو، بەڵکو شیوازێک لە ژیان بوو. هەموو خوێندکاران و مامۆستاش پێکەوە دەژیاین. من لەوێ لە تەمەنى پانزە ساڵیدا وەک هەموو هاورێکانم جامانەیەکى کوردییانەم کردە سەر، ئەوەش مانای گۆرینى شێوازى ژینم بوو، پێکەوە کێڵگەیەکمان بۆ کارکردن دەگرت و هەر لەو کێڵگەیە کردەیی فێردەبووین زۆربەی بابەتى گەپ و شۆخییەکانیشمان بابەتى دەرسەکانمان بوون. شێوازى خوێندن میتۆدى رۆژهەڵاتییانە، بەڵکو کوردییانە، ئەوەى لە یۆنسکۆ بە خوێندنى ئێرانى تۆمارکراوە. واتە کەمترین کات بۆ خوێندن و زۆرترین کات بۆ کردە (لە کاتى کاردا فێربوون)؛ ئەو شێوازەى هەزاران مەلای خوێندەوار و حەکیم شاعیری گەورەی وەک نالی و مەحوی پێگەیاندووە، ئەوانەش کە نەبوونە مەلا تەنها بە خوێندنێکى کەم دەچوونە ناو کۆمەڵگە و کاروبارى هەمەجۆری خەڵکیان دەگرتە ئەستۆ (وەک بەڕیوەبردنى کارەکانى بازار و حسابداری و نووسینى قەواڵەکان و چارەسەرکردنى کێشەکان) مەبەستم ئەو مرۆڤە سەرکەوتوانە بوو کە پێیان دەوتن (میرزا).
قوتابخانەی تۆمۆواى کوردى ئاوارە؛ من لەو قوتابخانەیە کە لە دوو گروپ پێکهاتبوون، گروپێکى بە تەمەن و گروپێکى گەنجتر، لە گروپە گەنجترەکە ساڵێک خوێندم؛ کاتى خوێندنەکان دەگۆڕا؛ جار بوو بە رۆژ و جاریش بوو دوای نوێژی بەیانى و جاریش بوو لە نێوان نوێژی شێوان و خەوتنان، بە تایبەت ئەو کاتەی بە رۆژ کارمان دەکرد. بۆ ساڵی دووەم هەر لەو قوتابخانەیە بوومە مامۆستا و دەرسم بە هاورێکانم دەگوتەوە. بابەتەکانیش بێجگە لە دەرسەکانى شەرع ناسی هاوشێوەی ئەوەى لە ناو مەلایەتى کوردیەتیدا پێشتر هەبوو، ئێمە ئەدەب و فەلسەفە و فیکر و بانگەواز و خەتخۆشیشمان دەخوێند، خوێندکاربوون بەسەرە گوتاری هەینیمان دەدا و هەموو شەوێکى هەینیش بەرنامەی تایبەتمان کە بڕگەی جیاوازى هەبوو (فیکر و شیعر و کێبڕکێ) لە مزگەوت پێشکەش دەکرد و لەوێ شانۆش نمایش دەکرا و من بۆخۆم چەندین دەقی شانۆییم لە وێ پێشکەشکران و هەرچەند دواتر هەندێک لەو دەقانە برانە دەرەوەى مزگەوت و چەند دەقێکم کە سەدان کەس هاتنە تەماشایان لەسەر سەکۆیەک کە تایبەتکرا بەوە نمایشکران، کە هێشتا تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو. خوێندن ژیان بوو پێکەوە دەچووینە کار پێکەوە دەقەکانمان لەبەر دەکرد و پێکەوە دەماننووسی، بۆ ئەوانەش کە توانای نووسین و ئەدەبیان هەبوو لەگەڵ شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان مامۆستا بێدار دانیشتنى حەفتانەمان هەبوو. ئیدى نەک هەر تایبەتمەندى هەرکاممان رەچاو دەکرا بگرە هەوڵ دەدرا لە دەرەوەى ئەو ئوردوگایەدا کە بۆ بازاریش بێ مۆڵەت نەتدەتوانى بڕۆیت پێویستى ئامادە بکرێت ئەویش بێ پارە و کڕین، بەڵکو بەپشتیوانى کوردان ئەوانەی لە ناو شارەکان یاخود لە ئوردوگاکانى دیکە دەژیان، هەر لەوێ بوو سەدان رۆمانى جیهانیم خوێندەوە و گۆڤارێکى کوردیمان دەردەکرد کە بچووکترین ئەندامى دەستەی نووسەرانی بووم. من لەوێ سادە و ساکار، بەڵام بە چێژ و شێلگیرانە پێگەیشتم. دوای ئەوەیش گەڕاینەوە نیشتمان چەندین بڕوانامەی ئەکادیمیم بە دەستهێنا، بەڵام ئەوەى ئەوێ (شتیکى تر) بوو و هیچی ئەوانەی دواتر وەک ئەوەى ئەوێ نەبوون، وا دەبینم ئەو (شتەی تر)ەیە کە دەبێت بببیتە بنەمای پەروەوەردە و فێرکردن. وادەبینم ئەم کتێبەش پەروەردەی ئەو (شتەی تر)ەیە پەیامەکەی؛ بۆیە من داوا لە هەموان دەکەم لایەنى رەسمى (پەیوەندى بە پەروەردوە ببێت یاخود نا) و لایەنى نا رەسمى دایکان و باوکان بیخوێننەوە، تەنانەت زیاتر لە جارێک بیخوێننەوە، چونکە هەر جار خوێندنەوەى ئەزمونى نوێیە، بە تەواوەتى گونجاو و سوودبەخش بۆ قۆناغی گەل و وڵات سوپاس بۆ مامۆستای ئازیز “مامۆستا یاسین” کە بە کورداندنێکى جوانەوە کتێبەکەی بە کوردى کردووە و بە ویستى خودا کارێکى (چۆنێتى) جوانى ناو فەرهەنگى پەروەردەیی نەتەوە و نیشتمان دەبێت!.

