ئەم بابەتە بڵاوبکەوە لە ڕێگەی

گۆڤاری هەژان ٣٥

پێشەکی: کوردبوون و لەکوردکەوتن

ئەوەی جێی سەرنجە لەنێو گەلی ئێمەدا، زوو چوونەژێر رکێفی کولتووری دیکەیە. هەرچەندە ئەوە راستە کە بەهۆی هەژموونی فراوانی کولتووری بیانی و ئامێر و ئامڕازە نوێ و برەوپێدەرەکانییەوە، کاریگەریی لەم سەردەمەدا زیاترە تا سەردەمەکانی پێشتر. ئەوەش راستە کە کولتووری ئێمە، وەک کولتووری هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بابەتەکانی سەردەمی نوێ بوونەتە بەشێک لێی. بەڵام ترسناکیی بابەتەکە پەیوەندیی بەو بەشەی کولتوورەوە هەیە کە کرۆکی کولتووریی دەگرێتەوە؛ بۆ نموونە: گۆڕانکاری و شێواندنی زمانی کوردی بە جێگەدانانی زمانی بیانی و فێرکردنی وەک زمانی یەکەم لەبری زمانی خۆمان.

هەر لێرەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر وێنا دەکرا، جودابوونەوە لەنێوان دەسەڵاتی کوردی و زمان و کولتووری کوردی روویدا. واتە، وا دەرنەچوو کە هەرچی بەهێزتربوونی دەسەڵاتی کوردی بێت، بە مانای بەهێزتربوونی کولتوور و زمانی کوردییش بێت. بۆیە بوونی ئێمە لەم سەردەمەدا پەیوەستە بە لەکوردکەوتنی ئێمەوە؛ چ ئەو بەشەی کە داگیرکەران لە دەوڵەتە نەتەوەییە مۆدێرنەکانی نەتەوەکانی دەوروبەرمان، کە هەرکامیان پارچەیەکیان لەم نیشتمانە خستووەتە سەر خۆیان، چ ئەو بەشەیش کە ئێمە خۆمان ماڵی خۆمان وێران دەکەین. هەر بۆیە، پشکمان لە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە و گرێبەستی کۆمەڵایەتی (نەتەوەسازیی مۆدێرن) یان نەبوو، یان ئەوەیشی کە هەبوو، ئەو شتە نەبوو کە چاوەڕێمان دەکرد.

بە پێچەوانەوە، لە سەردەمەکانی پێشتردا، بەتایبەت لە قۆناغی هاتنی ئیسلام و مسوڵمانبوونی ئێمەی کورد، هەرچەندە ئێمەی کورد مسوڵمانتر دەبووین، ئەوەندەش کوردتر دەبووین. هەر بۆیەش ئێمەی کورد نەبووینە عەرەب، بەڵکو مسوڵمان بووین و توانیمان ئیسلام و عەرەب لێک جیا بکەینەوە، وەک ئەوەی هەندێک لە رۆشنبیرانی هەندێ لە نەتەوەکانی دەوروبەرمان بۆی دەچن. بەلای ئێمەوە وا نەبوو کە خۆمان مەعنەوییەت و رۆحانییەتی تایبەت بە خۆمان هەبووبێت و دوای ئەوەی ئایینی عەرەبی بیاباننشین هات، کە گوایە ئایینێکی بێڕۆح بوو، رۆحی خۆمان بۆ زیاد کردبێت و ئایینێکی نەرمی گونجاوی خۆماڵیمان لە ئیسلام دروست کردبێت. بەڵکو ئێمە هاتین رۆح و مەعنەوییەتی ئیسلاممان وەرگرت (ئیسلام، مەعشووق و دڵبەرێکی تازەی پێ ناساندین). ئیدی ئیسلام بووە بەشێکی زیندوو و بزوێنەری کولتوورمان. هەتا مسوڵمانتر و رۆحانیتر دەبووین، کولتوور و زمانمان باشتر دەخەمڵا و زمانمان دەپژا. ئیدی ئەدەبیاتی ئێمە دروست بوو، بە گوتەی زۆرێک لە شاعیرانمان، بۆ نموونە نالی، بووینە خاوەنی «دیوان» و مانا، بە مانای خودا، بووە قیبلەی دڵمان. نالی گوتەنی: “هەرکەسێ نادان نەبێت، خۆی تاڵبی مانا دەکات”.

بۆیە پشکی کوردبوونی ئێمە لە قۆناغی پێشووتردا گەلێک زیاتر بووە (ئەو قۆناغەی کە هەندێک لە نەتەوەناسان بە قۆناغی رەگەزە سروشتییەکانی نەتەوە ناوی دەبەن، وەک: کولتوور، مێژوو، زمان، یادەوەریی و رۆحی هاوبەش). پێمان وایە نەتەوەبوونی ئێمەی کورد لە قۆناغی پێشتردا (سەردەمی سەنتەربوونی ئایینەکان) باشتر دەردەکەوێت و رەوتی پێگەیشتنی خۆی لەناوەوە، هەروەها بەشداریی لە مێژووی ئەو قۆناغەدا لە دەرەوە بینیوە (بۆ نموونە، دەسەڵاتداریی کوردان وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی). هەر بۆیە پێویستە بۆ ناسینی هەرچی زیاتری خۆمان، بۆ ئەو قۆناغە و لێکۆڵینەوە لێی بگەڕێینەوە. بۆیە زۆربەی بابەتەکانی ئەم ژمارەیە توێژینەوەن لەسەر پەیوەندیی کوردبوون و ئایین. هیوام وایە خزمەتێکمان بە نەتەوە و ئاو و خاک و نیشتمان و رۆحی خۆمان کردبێت.

سوپاس بۆ هەموو ئەو توێژەرە بەڕێزانەی لەم ژمارەیەدا لەگەڵمان بەشدار بوون.

سەرنووسەر