
گۆڤاری هەژان ٣٤
پێشەکی: گەڕانەوە بۆ سەردەمى کتێب
(بە بۆنەی خەڵاتى ساڵانەى هەژانەوە بۆ کتێب)
کتێب گەورەترین داهێنراوى دەستی مرۆڤە کە لە مێژووى دوور و درێژى خۆیدا لە سەر گۆی زەوی دایهێنابێت، هەروەک جاک درێدا فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسایی دەڵێت: ”بنەڕەت لە جیهانى مرۆڤدا نووسین بووە نەک گوتن.” کتێب تەنها زانیارییەکانى ناو زەینى نووسەر نییە، ئەزموونى نووسەریش نییە، تەنانەت خودی نووسەریش نییە، کتێب نووسەرە لە دۆخێکى تایبەتدا. هەر لەبەرئەو دۆخە تایبەتەیشە کاتێک نووسەر کتێبەکەی خۆی دەخوێنێتەوە سەری سووڕدەمێنێت کە ئەوەی نووسیوە، بۆیە زۆرێک لە نووسەرە مەزنەکان چێژیان لە خوێندنەوەی کتێبەکانى خۆیان بردووە؛ وێنەی ئیقباڵ لاهوری و مامۆستا نوورسی کە لە کۆتایی تەمەنیاندا زۆرتر حەزیان لێ بوو لە خزمەت بەرهەمەکانیاند بن، تا ئەوەى تێکەڵی خەڵک ببن.
ئەوەى ئێمە کردمان (لەناو دەوڵەت و نەتەوەکانى دیکەدا هەیە، بەڵام لەناو کورددا ئەمە یەکەم جار بوو)، لە راگەیاندنى خەڵاتى ساڵانەی هەژان بۆ کتێب پەیوەندیی بە نووسەرەوە نەبوو؛ ئەوەى کە (ماریوس فارگاس یۆسا)ى رەخنەگر و رۆمانووسی بەناوبانگ دەڵێت: ”نووسەرەکان جوامێرترین و عاشقترین مرۆڤەکانن، کەچی لە کاتى دابەشکردنى پشکەکانى ناو کۆمەڵگەدا بێبەشترینن.” ئێمە بێبەریکردنی ئەو مرۆڤە بوێر و بێبەشانەمان لەبەرچاو بوو، بەڵام بابەتەکە لەپێناو گۆڕانکاری و ئامڕازەکانى گۆڕانکاری و ئاشتى کۆمەڵایەتیدا بوو.
ئێمە وەک هەژان پێمان وایە لەناو کۆمەڵگەدا دەبێت لە گۆڕانکارییە وردەکانەوە دەست پێبکات، لانیکەم ئێمە لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە ئەو ئەزموونەمان هەیە کە گۆڕانکارییە گەورەکان (وێنەی گۆڕانکاریی سیاسی یاخود ئابووری) وەڵام نادەنەوە، بۆیە پێمان وایە دەبێت لە گۆڕانکارییە وردەکانەوە دەست پێبکەین، ئەوانە پێیان دەگوترێت گۆڕانکاری کولتووری) بابەتە وردەکان نەوەک بابەتە بچووکەکان. ئەوەى نووسەر و فەیلەسوفی ئەڵمانى بەناوبانگ (هێرمان هیسە) دەڵێت: ”نابێت لە گۆڕانکارییە گەورەکانەوە دەست پێبکەیت.”
یەکەم: هەموو گۆڕانکارییە گەورەکان لە گۆڕانکارییە بچووکەکانەوە دەست پێدەکەن، چونکە گۆڕانکارییە گەورەکان دەرەنجامى گۆڕانکارییە بچووکەکانن.
دووەم: ئەگەر گۆڕانکارییە گەورەکان نەهاتنە دی، ئەوە لانیکەم گۆڕانکارییە بچووکەکانمان دەستکەوتوون.
ئێمە دەبێت لەپێناو گۆڕانکارییدا لە کتێبەوە دەست پێبکەین؛ هەر ئەوەى لە سەردەمى ئەفڵاتونەوە دەوترێت مرۆڤ لە پێنج پێکهاتە پێکهاتووە، کە سیانیان لە ناوەوەى مرۆڤ و دوانیان لە دەرەوەى ئەون، سیانەکەی ناوەوە بریتین لە (باوەڕ، هەست وسۆز، ویست)، دوانەکەى دەرەوەیش (گوفتار و کردار)، دوو بابەتە دەرەکییەکە واتە گوتن و کردنەکان لەژێر کاریگەریی بابەتە ناوەکییەکاندان. هەر لێرەوە کتێب وەک ئامڕازى گۆڕانکاری دێتە پێشەوە، چونکە کتێب گۆڕان بەسەر باوەڕەکانى مرۆڤدا دەهێنێت. بۆیە لێرەوە بەم ناونیشانە چەند کتێبێک هاتوون؛ (ئەو کتێبانەی مێژوویان گۆڕی)، بە جۆرێک هەر گۆڕانکارییەک لە کایەکانى دیکەدا روویان داوە سەرەتا لە کتێبەوە دەستى پێکردووە.
بەڵام دەستەواژەی ‘کتێب وەک ئاشتى’ لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە ئەم سەردەمە سەردەمى توندوتیژییە، لێکۆڵینەوەکانى مێشکناسی دەڵێن ژیریى مرۆڤ لە دوو بەشی سەرەکى پێکدێت، بەشێکیان چێژسەنتەرە و ئەوی دیکەیان تێرامان و چەمکسەنتەرە. گەلەکان بگرە سەردەمەکان لەنێوان ئەم دوو سەنتەرەدا دێن و دەڕۆن. ئیدى لەم سەردەمەدا کە ئێمەی تێدا دەژیین وەرچەرخانێکى سەیر لە رامانسەنتەرییەوە بۆ چێژسەنتەری هەیە، چێژسەنتەری توندوتیژى دەخولقێنێت، لەپێناوی هەرچی چێژى زیاتر توندوتیژى زیاتر، هەندێک لە لێکۆڵینەوەى زانستى ژیانى مرۆیی دەڵێن ئەم پێواژۆیەش لە شاشە-وە دەستی پێکرد، هەر ئەو دەمەی کە شاشە بووە سەنتەر. بۆیە بەشی تێڕامان و چەمک وکتێب کەوتووەتە کەنارەوە. بڕوانە چۆن گەنجەکان گیرۆدەی شاشە و مۆبایلەکانیان بوون، هەروەها دەبینین ئەمە چ توندوتیژییەکى لێکەوتووەتەوە.
هەر بۆیە لەپێناو ئاشتی و ناتوندوتیژى، ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ کتێب. لێرەوە کتێب ئامڕازى گۆڕانکاریمان پێدەبەخشێت. لەپێناو ئەوانەی سەرەوەدا ئێمە پڕۆژەی خەڵاتى کتێبمان راگەیاند. هیوادارین بتوانین لە ساڵانى داهاتوویشدا لەسەری بەردەوام بین.
سەرنووسەر

