ئەم بابەتە بڵاوبکەوە لە ڕێگەی

گۆڤاری هەژان ٣١

چاوی هەژان: سیستەم و بێسەروبەری

ئەم ژمارەیەی هەژان لەسەردەمێکدا دەردەچێت کە ئەژدیهای بێسەروبەری بە باڵای بەرز و کلکی درێژ و باڵی پان و زمانی تیژ و دەمی پڕ لە ئاگری خۆیەوە لەسەر سەری هەمووان وەستاوە و هەموو گیانی لە یەک کاتدا دەبزوێنێت، ئیدی بە جووڵاندنی کلکی نیوەی ئاوەدانی و کۆشک و تەلار و شارمان لە بنەوە هەڵدەگرێت، بە راوەشاندنی باڵەکانی بای بەهێزی سەمووم دەگەیەنێتە کووچە و کۆڵانان و هەرچی پێهەڵبگیرێت هەڵیدەگرێت و لە تەک خۆی دەیبات، هەر بۆ نموونە؛ منداڵ بە باوەشی دایکییەوە هەڵدەگرێت و دار و درەخت لە ریشەوە هەڵدەکەنێت و بە گڕی دەڕچوو لەناو دەمی و سەر چەناگەی درێژ و چاوانی ئاگرینییەوە هەموو شتێک دەسووتێنێت، هیچ شتێک کە نیشانەی ژیان بێت ناهێڵێتەوە، هەمووی دەکاتە سووتماک، شار و لادێی هەموو گۆی زەوی دووکەڵی دوای روودانی سووتانیان لێ بەرز دەبێتەوە. دەریا و سارای ئەم ئەستێرەیە بۆنی سووتماکیان لێدێت. ئێمەی مرۆڤیش دەمرین، کە لە ئانی سەرەمەرگەدا هەموو رابردووی خۆمان دێتە بەرچاو، ئەوانەمان کە ماوین هەتیوی دایک و باوکمردووی بێکەسوکارین، کەسمان لە هەتیوبوون قوتار نەبووین. ئەژدیهای بێسەروبەری بەسەر سەری هەمووانەوە راوەستاوە و هیچ باوکێکمان نییە لە دەستی رزگارمان بکات!

بێسەروبەریی ئەم رۆژگارە هەر ئەوە نییە کە نەخۆشییەکی بێچارەسەر ماڵەوماڵ دەگەڕێت و بە هاوڕێیەتی مەرگ، ئازیزان لە باوەشی کەسوکاریان دەردەهێنن و بۆ جیهانی خامۆشی دەبەن، گرفتەکەش هەر هێندە نییە کە کەمینەیەک لە مرۆڤی چڵێس دەستیان بەسەر هەموو شتێکی ئەم نیشتمانەی هەمووماندا گرتووە کە گۆی زەوییە و هەموو ئیمکانیاتی بۆ خۆیان دەبەن و نادادی و نەخۆشی و هەژاری بڵاودەکەنەوە و ژینگە دەشێوێنن.

نالەبارییەکە لەوەیشدا نییە کە سیستەمەکە گرفتێکی تێدایە و دەبێت چارەسەر بکرێت_ سیستەمەکە کێشەی تێدایە_ بەڵکو لەوەدایە کە لە بنەڕەتدا سیستەم (Order) بوونی نییە، هەمووی بێسەروبەرییە (chaos). ئێمە لەناو سیستەم و کەمهێنانی سیستەمدا ناسوڕێینەوە، بەڵکو لە سیستەمەوە بۆ بێسەروبەریی بزواوین، بێسەروبەرییەک کە هیچ ئاڕاستەیەکیان لا روون نییە، بەرەهوتێکی بێ هیچ ناونیشانێک (هەموو شتێک پووچ و بێمانایە).

وریابە! ئەم بێسەروبەرییە پەیوەندیی تەواوی بە ژمارە و قەبارەی شت و رووداوە دەرەکییەکانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندییان بە جۆری رووداوەکانەوە هەیه کە مرۆڤ دەخەنە ناو بێسەروبەرییەوە، ئەگەرچی لە دەرەوەش بچووک و بێقیمەت بێنە بەرچاو. ئەو رووداوانەی هیچ ئامانێک بۆ ئێمە ناهێڵنەوە و هەتیومان دەخەن و سێبەری دایک وباوک بەسەر سەرمانەوە ناهێڵن. ئەو دەمەی هەموو شتێک لە دۆخی ئاسایی خویدا بوو، لەپڕ هەموو شتێک تێکچوو، وێنەی ئەوەی کچێکی گەنج، لەپڕ مێردە گەنجەکەی بەهۆی کۆرۆناوە دەمرێت، خێزانێک کاریان لە دەستدەدەن، پیرەژن و پیرە پیاوێک منداڵەکانیان نایەن بەلایانەوە لە ماڵی تەنهایی خۆیاندا دەژین و ناژین. گەنجێک بە گوتەی (ڤێرجینیا ۆڵف) ژوورێکی تایبەت بەخۆی نابێت، مزگەوت و کڵێسایەک دەنگی نزایەکی لێبەرز نابێتەوە. منداڵێکی بێچارەسەر لە بەرچاوی دایکی دەمرێت، درەختێکی پیری پێنج سەد ساڵە دەبڕدرێتەوە، مەیموونێک لە لایەن دراوسێکەیەوە (کە مرۆڤە) لە جەنگەڵ دیل دەکرێت و لە ناوشار لە قەفەسێکدا پیشان دەدرێت. لەسەردەمێکی ئاوادا ئێمە تەنها زیرەکەکانمان پێویست نین کە گرفتەکانمان چارەسەر بکەن، بەڵکو جوامێرەکانمان پێویستن، وەک پاڵەوانی داستانە کۆنەکان شەڕی ئەژدیهای بێسەروبەریی بکەن و بە گیانی خۆیان ئێمە قوتار بکەن. پێشەنگە کۆنەکانی ژیانی مرۆڤایەتی کە لەناو ڕۆحی هەرکامماندا دەژین (یۆنگ گوتەنی لە نەستی گشتی ئێمەدا دەژین).

بەڵی دەبێت بکرێنە پێشەنگ و لەڕێگەی ئەوانەوە بگەینە رزگاری، ئیدی مەرج نییە لە دەرەوە هەموو گرفتەکانمان چارەسەر بووبن، بەڵام لە هەتیوێکی سەر لێشێواوە وەردەچەرخێین بۆ منداڵێکی مەعسوومی ئاسمانی. (ألم يجدك يتیما فآوى، و وجدك ضالا فهدى).

زۆربەی بابەتەکانی ئەم ژمارەیە لە بارەی سیماکانی بێ سیستەمی و بێسەروبەریی وەک بێباکی ئێمەی مرۆڤ لەمەڕ (باسەکانی خودا و مەرگ و شەڕ و نەبوونی ئازادی و تێکچوونی فەزای گشتی و نەبوونی پەروەردەی رەسەن و تێکچوونی زەوقی هونەری و…هتد)ـەوەن، هیوادارم بەرچاوڕوونی بن بۆ کەشفی رێکۆپێکیی سیستەم، تا ئێمەی هەتیو پەناگەیەكمان دەست بکەوێت کە تێیدا هەست به ئارامی بکەین.

سەرنووسەر
مانگی ١٢ی ٢٠٢٠