
گۆڤاری هەژان ٣٦
چاوی هەژان: سێکوچکەی پەروەردە و هونەر و زانستە مرۆییەکان
ئێمەی کورد عەیامێکە دەست و پەنجەمان لەتەک زاراوەی سێکوچکەدا نەرمە؛ بۆ ئەمەش ناوبانگی سێکوچکەی بابان کە مەبەست لێی هەر سێ شاعیری قەڵەمڕەوی میرنشینی بابان (نالی و سالم و کوردی)یە، بۆ ئەم بابەتە بەسە. ئێمە دوای ئاشنابوونمان بە زانستی نوێ، سێکوچکەمان گواستەوە بۆ سێگۆشە، کە خۆی ئەم گواستنەوەیەش لە مەعریفەی نەریتییەوە بۆ زانستی مۆدێرن چیرۆکێکی تایبەتە، لە شوێنی دیکە دەربارەی نووسیومانە و خودا یار بێت لە داهاتووشدا لەسەری دەنووسین. ئەوەی لێرەدا مەبەستە، بریتییە لەو سێکوچکەیە کە مژاری سەرەکیی زۆربەی بابەتەکانی ئەم ژمارەیەن، ئەوانیش کوچکەکانی (پەروەردە و هونەر و زانستە مرۆییەکان)ن، ئەگەرچی لە پەنا ئەم سێ کوچکەیەدا هەندێ بابەتی دیکەش هەن.
لە سەرەتادا ئەوە بڵێم؛ هەر خودی نووسین لەو سێ بابەتە گرنگە و بە چەندین مژار لە هەرکامیان مانای گەورەیی و فراوانی ئەم ژمارەیەن. بێ ئەوەی لەم سەرەتایەوە هیچ لەسەر ئەو بابەتە گرنگانەی ئەم ژمارەیە بنووسم، خوێنەری بەڕێز بە خوێندنەوەیان دەسپێرم.
بەڵام دەمەوێت چەند دێڕێک لەسەر هەرکام لەو سێکوچکە گرنگە بنووسم:
یەکەم: پەروەردە: کێشە بنەڕەتییەکەى ئێمە، من وا دەبینم کێشەی پەروەردەی ئێمە تەنها گەشە نەکردنی تواناکان و نەجووڵان و گەورەبوونیان نییە، کە لە پێواژۆی پەروەردەدا دەبێت ئەوە رووبدات، واتە دەبێت تواناکان گەشە بکەن، بەڵکو بابەتە قووڵەکە بریتییەلە خراپ گەشەکردن و گەورەبوون، واتە مرۆڤ هەر گەورە دەبێت، جا ئەگەر پەروەردە نەکرێت بۆئەوەی باش گەورە بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە خراپ گەورە دەبێت و ترسناک دەبێت، هەر لێرەوە دەوترێت نەزانەکان بێلایەن نین.
دووەم: هونەر: هەر چەند هونەر تەنها دۆزینەوەی جوانییەکانی بوون نییە، تەنانەت زۆرترکردنی جوانییەکان و کەمکردنەوەی ناشیرینییەکانیش نییە، بەڵکو هونەر ستایلێک لە ژیان و روانینە و تێکەڵبوونی قووڵە لەتەک گەردوون و ژیاندا، کە دەریایەک بوو ئێمە پێشتر لە هەناویدا بووین، ئیدی جوانی دیاردەیەک بوو لە ناوەوە و دەرەوەی ئێمە هەبوو.
سێیەم: زانستە مرۆییەکان: دەوای دەردە گەورەکانی ئێمە، بۆئەوەی چارەسەری گرفتەکانی ئێمە (هەم دەردە نەتەوەیی و هەمیش دەردە ئایینییەکانمان) بکەین، دەبێت نەک هەر بگوازینەوە بۆ زانستە مرۆییەکان، بەڵکو دەبێت ئەو زانستانە بکەینە سەنتەر، تەنانەت لە بابەتێکی وەک جێبەجێکردنی شەریعەتدا.
بۆیە سوپاس بۆ نووسەرانی بابەتەکانی ئەو سێکوچکە گرنگە و بابەتەکانی دیکەی ئەم ژمارە گرنگ و نایابە.
سەرنووسەر

