ئەم بابەتە بڵاوبکەوە لە ڕێگەی

گۆڤاری هەژان ٣٣

پێشەکی: هەژان وەک جەنگاوەر

ئەم جیهانە ماستی مەییو نییە، دەبێت جەنگاوەر بیت، ئەوجا دەتوانیت کارەکانی خۆت بەجێبهێنیت. وەک لە پێشەکیی ژمارەکانی پێشووشدا نووسیمان؛ ئەگەر دەتەوێت بەردەوام بیت، بەگوێرەی قوتابخانەی (مانادەرمانی)ی فرانکڵ، دەبێت مانا لە ژیانتدا هەبێت؛ ئەوکاتە دەتوانیت نەک هەر بەردەوامی بە مانەوەت، بەڵکو گەشە بە شکۆفایی خۆت بدەیت. بەڵام لە پێشەکیی ئەم ژمارەیەدا دەڵێین: دەبێت جەنگاوەر بیت تا دەگەیت بە سەرکەوتن، چونکە وەک دەردەکەوێت بۆ گەشەسەندن پێویستت بە بەدەستهێنانی سەرکەوتن هەیە، ئەگەرنا تەنیا مانەوە (با مانەوەیەکی ماناداریش بێت) دادت نادات.

لەناو ئەدەبیات و حیکمەتی قووڵی ئێمەشدا، قارەمانێتی و جەنگاوەری ریشەیەکی بننەهاتووی هەیە. ئەمە تەنیا لەبەرئەوە نییە کە دەوروبەرت پڕە لە دوژمن و دەبێت بەسەریاندا زاڵ بیت، ئەگەرنا لەناوت دەبەن؛ وەک ئەوەی رۆشنگەرانی سەردەمی نوێ وەک (هیۆم، هۆبز، ماکیاڤیلی و هتد) بنەمای کۆمەڵگە لای ئەوان لەسەر ئەوە داڕێژراوە کە «مرۆڤ گورگی مرۆڤە» و بنەڕەت لە کۆمەڵگەدا بێمتمانەییە، هەر بۆیە دەبێت یاسا و مافەکان و تەنانەت، گرێبەستی کۆمەڵایەتییش بۆ پاراستنی (منی تاک) بێت لە مەترسییەکانی (ئەوانی تر). بە کورتی، مرۆڤ بەگوێرەی ئەو دیدە دەبێت هەمیشە لە شەڕ و ململانێدا بێت و باوەڕی بە ساویلکەیی ئەخلاقسەنتەری و متمانەکردن بە ئەوانی تر نەبێت.

بەڵام ئەو وێنەیەی سەرەوە، وێنەیەکی رەش و تا رادەیەک دوور لە راستیی کۆمەڵگەی ئاشتییانەی مرۆییە. بێگومان نابێت مرۆڤ هێندە خۆشباوەڕیش بێت وا بزانێت هەموو تاکەکان متمانەپێکراون و هیچ خراپەیەکیان بۆ یەکتر نییە، بەڵکو دەبێت مرۆڤ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا دروست و گونجاو بێت؛ چونکە ئەوانی دیکە بە بۆچوونی (مەولانای رۆمی) سێ جۆرن:

١. جۆرێکیان دەیەوێت لە بازنەی خۆیدا بتهێڵێتەوە، ئەگەر بتەوێت لەو بازنەیە دەربچیت و نەبیتە شوێنکەوتەی ئەو، ئیتر هەرچەند مرۆڤێکی باش بیت لای ئەو هەر خراپیت. (هەژان) گەلێک لەم جۆرە مرۆڤانەی بینیوە کە ویستوویانە بیخەنە ژێر بازنەی خۆیانەوە و سەربەخۆیی لێ وەربگرنەوە.

٢. جۆرێکی تریان ئەوانەن کە راستوڕەوان دوژمنایەتیت دەکەن و خوازیاری سڕینەوەت دەبن؛ ئێمە وەک (هەژان) ئەم گروپەمان تاقیکردووەتەوە و ئەزموونمان لەگەڵیان هەیە.

٣. جۆرێکیشیان ئەوانەن کە نایانەوێت داگیرت بکەن و ببیتە شوێنکەوتەیان، بەڵکو مەبەستیانە گەشە بکەیت و سەربکەویت. سوپاس بۆ خودا ئەم جۆرە لەناو ژیان و کۆمەڵگەی مرۆییدا هەن. بێگومان دوای خودا، ئەم جۆرە مرۆڤانە سەرچاوەی هزر و گوڕی ئیش و هێزی ئەژنۆن. ئێمە لەتەک ئەمانەشدا ئەزموونی جوان و زۆرمان هەیە؛ هەر ئەم گروپەشن وا دەکەن دیدی ئێمە لە دیدی (هۆبز و ماکیاڤیلی) جیا بێتەوە و مامەڵەمان لەگەڵ ئەوانی تردا لە دوژمنایەتی و شەڕەوە بەرەو ئاشتی و دۆستایەتی وەربچەرخێت.

بەڵام سەرەڕای بوونی گروپی سێیەم، هەر نابێت چەک دابنێیت، بەڵکو هێشتا هەر دەبێت جەنگاوەر بیت؛ چونکە هێشتا شەڕکەرێکی تر هەیە کە دەبێت لە مەیداندا دژی بجەنگیت، ئەو شەڕکەرە ناوەوەی خۆت و خودی خۆتە (شەڕی نەفس). لەناو کولتووری ئێمەدا لای ئەهلی نەزەر و عەمەل، ئەم جۆرە شەڕە پێشینەیەکی قووڵی هەیە. دوژمنی هەرە دژبەرت ئەو نەفسەی خۆتە؛ بۆیە دەبێت شەڕ لەم مەیدانەدا کارێکی هەمیشەییمان بێت، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان دۆڕاوی ئەم شەڕەن.

سەرنووسەر