
گۆڤاری هەژان ٢٧
پێشەکی
باش لەبیرمە یەکەم دانیشتنی هەژان پێش نۆزدە ساڵ هەر لەم بینایەی ئێستای هەژان ئەنجامدرا، دانیشتنێک دەربارەی دەرکردنی گۆڤارێکی فیکری، ئەو دەمە هیچ کام لە ئامادەبووان نەماندەزانی ئەم گۆڤارە هێندە تەمەنی دەبێت کە هەنووکە ئەم ژمارەیەی دەربچێت، هەژان تەمەنی هەژدە ساڵە و هەمیشە وەک توومە منداڵێکمە و بە بەشێک لە جەرگی خۆمی دەزانم، بێگومان ئەم گۆڤارە لای نووسەران و خوێنەرانیشی خۆشەویستە!
)هەژان) لە رابردوودا رۆڵێکی گەورەی لە دونیای هزر و رۆشنبیریی کوردیدا بینی. چەندین نووسەری دروستکرد، چەندین فەیلەسوفی بە زمانی کوردی ناساند، چەندین کایەی فەلسەفی و هزری بە کۆمەڵگەی کوردی ئاشنا کرد، کە پێشتر نەناسرا بوون و هەنووکە بوونەتە بابەتی بەربڵاو، بەڵکو بڕوانامە و پڕۆژەی گەورەیان لەسەر دروست دەکرێت -سوپاس بۆ خودا- وێنەی فەلسەفەی عیرفان و فەلسەفەی عەدالەت (لەم ژمارەیەدا پانۆرامای کاری هەژان لە رابردوودا دەخوێنیتەوە) هەژان لەو تەمەنەیدا تا بەم گەنجییەی گەیشتووە چەندین دەردەسەری و هەڵبەز و دابەزی بینیوە، کە هەندێك جار پشتگیری کراوە و زۆرجاریش بەر توانج و پلار دراوە، بەڵام هەژان هەر بەردەوام بووە و بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین تاکە گۆڤاری کوردی فیکرییە کە ئەو تەمەنە دوور و درێژە بەردەوام بێت.
لەو سۆنگەیەوە کە هەژان باوەڕی وایە ریشەی هەموو کێشەکان بابەتی (فیکر)ـە و ئەگەر هێزی (هزرێنەر)ی مرۆڤ بگۆڕێت، ئیدی ئاکار و سیستم و کولتووری کۆمەڵگەش دەگۆڕێت، خولێکی نوێی ژیانی دەست پێدەكات کە بە نیازە کێشە هزرییە قووڵەکانی کۆمەڵگە بخاتە بەر لێکۆڵینەوە، هەر بۆیە جەخت لەسەر نووسینی خۆماڵی دەكاتەوە و بێ ئەوەی بیەوێت لەسەر حسێبی لایەنی چۆنێتی، ژمارەی نووسەرەکانی زێدەتر بکات، هەر لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدات کەمترین بابەتی وەرگێڕدراو بڵاو بكاتەوە، بۆ سەرکەوتنیشی پێویستی بە پشتیوانی هەموو نووسەر و خوێنەرانێتی!

