
گۆڤاری هەژان ٦
پەیڤى ژمارە
پێدەچێت هێندەى دەسەڵات خاوەن ئيشكاليتى ئاڵۆز بێت هێندەش لە مێژوودا مەلەفەكانى داخراو و تۆزاوى بن، بەراوردكاريەكى سەرەتايى لە نێوان هەزار و چوار سەد ساڵ مومارەسەى دەسەڵات لە جوگرافيايەكى فراوانى وەك جيهانى ئيسلاميدا و ئەرشيفى نووسراو لەسەر ئەو بابەتە گرنگە بۆمان دەردەخات كە چ قەيرانێكى گەورە لە تيۆريزەكردنى دەسەڵات لە مێژوودا هەيە.
فاكتەرەكانى ئەو قەيرانەش زۆرن لەم سەردەمەشدا كاتێك نووسەر و زانايانى ئيسلامى مەلەفەكەيان هەڵدايەوە ئەمجارە زياتر هەڵدانەوەيەكى ئايديۆلۆژيانە و پياهەڵدانمان دەستدەكەوێت نەك لێكۆڵينەوەيەكى ئاركیۆلۆژى و سۆسيۆلۆژى مێژووييانە كە هەموو رەهەندەكانى پرسەكە بگرێتەوە لە راستيدا باسكردن لە دەسەڵات بە درێژايى سەدەى رابوردوو مەيدانێك بوو بۆ ململانێ و هەوڵدانى ئيسلامى بۆ سەلماندنى شايستەبوونى ئيسلام بۆ دەسەڵات ئەم هەوڵەش زياتر لە توێى تەفسيركردنى دەقەكانەوە بوو بە شێوەيەك كە گەورەيى و فراوانى و دادپەروەرى سيستمى ئيسلامى بسەلەمێنێت و رەهەندە مێژوويى كۆمەڵايەتيەكان پشگوێ دەخران ياخود بە شێوەيەكى ئينتيقائى مامەڵەى لەگەڵ دەكرا، هەر بۆيە لە ماوەى سەدەيەكدا تاكو ئێستا مەلەفى دەسەڵات وەك مێژووى مومارەسە بە داخراوى ماوەتەوە، ئايا لێرەدا عەقڵى ئيسلامى بەرپرسيارە يا ئەو زروفە سياسى و ململانێ ئايديۆلۆژيانەى لە سەدەى رابردوودا گەر راست بێت ناوى بنێين سەدەى جەنگى ئايديۆلۆژياكان بەرقەراربوو؟ لەمەلەفى ئەم ژمارەيەماندا تيشك دەخەينە سەر ئەو پرسە گرنگە و هەندێك لە ئيشكاليەتەكانى دەخەينەڕوو.
هەموو پرسيارێك دەرك كردنێكى مەعريفيانەيە و كردنەوەى دەرگاكانى وەڵامە ئەو دەرگايانەى ماوەيەكى زۆرە داخراون ترس لە پرسياريش ماناى ترس لە ژيان و ئازادى و مەعريفەيە چونكە پرسيار ماكى ژيانە و دەلالەتى زيندوويى عەقڵە نەبوونى پرسيار ماناى مەرگى مرۆڤە مرۆڤ بە ماناى بايۆلۆژى نا بەڵكو بە ماناى ئەو كائينە خاوەن بيرەى كە دەيەوێت لە رێگەى پرسيارە بگاتە كرۆكى ژيان ئەمەش كرۆكى زۆربەى ئەفسانە نەمرەكانى مرۆڤن، ئەو پاڵەوانە تراژيديانەى بە شوێن ئاوى ژياندا گەڕان لە ڕاستيدا ئەو رۆحە نەمرانە بوون كە پرسيار مێشكى هەژاندوون بەڵام مرۆڤى كۆن بە شێوازى چيرۆك تەعبيرى لەو پرسيارانە كردووە ئەوە ئيبراهيمە پرسيار دەكان ارنى؟ كيف؟ موسايە دەپرسێت “ارنى انظر” كرانەوەى پرسيار كرانەوەى ماناكانيش دێنێتە كايەوە. هەر لێرەوە دراماى ژيان هەردەم لە گۆرانكارى و گەشەدايە گەشەيەكى بەردەوام مردوو پرسيار ناكات و تەسليمە بەو حاڵەتە سكونيەى پێيگەيشتووە.
ئێمە دەمانەوێت پرسيار بكەين پرسيارى جيدى مەعريفى دەمانەوێت لە تراديسيۆنێكى دەوڵەمەندى خۆمان پرسيار بكەين تا چەند دەتوانين مامەڵەى لەگەڵدا بكەين؟ ئايا ئەو دەبێت هەردەم ئەو دەسەڵاتە بێت كە هەژموونى بێ پرسيارى خۆى بكات؟ ياخود ئەو مەرجەعە بێت كە لە ورد و درشتماندا قسە بكات ياخود ئەو درێژكراوە مێژووييە بێت كە وەك ترادسيۆنێك بۆ رابوردوويەكى دەوڵەمەند سەيربكرێت؟
دەمانەوێت پرسيار لە عەقڵى خۆمان بكەين بە شوێن ئەو عەقڵە داهێنەرەدا بگەڕێين كە تەنيا كارى شيكردنەوەى وتەكانى دوێنێ نيە بەڵكو خۆى كارايە و دەتوانێت بەرهەمهێنەر بێت.
دەمانەوێت جارێكى تر دەقەكان بێنينەوە گۆ؟ پرسيار دەكەين ئايا دەق زيندانى من ە منى مرۆڤ ئايا دەق كۆتى عەقڵى ئێمەيە؟ يان بە پێچەوانەوە ئازادى دەبەخشێت بەو عەقڵە ماندووەى كە لە بيابانەكانى ميتافيزيكيدا بەردەوام خۆى تيۆر دەكات. دەمانەوێت بلێين دەق و زەمەن دوو رەگەزى پێچەوانە نين بەڵكو پەيوەندييەكى ديالەكتيكى ئاڵۆزيان لە نێواندايە كە دەبيتە داينامۆى ژيان.
پێدەچێت هێندەى رەخنە لە خۆگرتن ئازاراوى بێت هێند رەخنەى بەرامبەر ئازارى نەبێت، ئەم خوێندنەوەيەى مەلەفەكان هەندێك پرسيار دەوروژێنێت تا بگاتە ئاستى بەدگومانى هەندێك خوێنەرى تەقليدى بەرامبەر “هەژان” بەڵام ئەوە بەسە كە ئێمە دەمانەوێت خۆمان بخوێنينەوە نەك چاوەڕوان بين “بەرامبەر” بمانخوێنێتەوە.

